دیوێکی تری کۆنگرەی کەشوهەوا لە دوبەی



خالد سلێمان

کەرنەڤالێکی 100 هەزاریی

کۆبوونەوەی زیاتر لە 104 هەزار کەس لە دوبەی لەژێر چەتری بیست و هەشتەمین کۆنگرەی لایەنەکان لەسەر کەشوهەوا (کۆپ 28)، لەپێناو چیدا بوو؟بەکوێ گەیشت؟ بۆ ڕۆژیکیش درێژەی کێشا و لایەنەکان لەسەر چی ڕازیبوون و ڕێککەوتن؟

لە ماوەی زیاتر لە 12 ڕۆژی کاری بەردەوام و گوێگرتن و بەشداریکردن و پرسیارکردن، هەروەها کارکرن لەگەڵ گروپێکی ڕۆژنامەوانیی لە ئەفریقیا، ئاسیا، کێشوەری نیوچە هند، ئەمریکای باشوورو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیاوە، پرسیاری ئەوەم لەخۆم دەکرد: ئایا پاراستنی زەوی و ڕزگارکردنی لەوێران بوون، ئەم ئاهەنگ و فێستڤاڵە گەورەیەی دەوێت؟

چڕیی بەرنامەی ڕۆژەکانی کۆنگرە، کاتی بۆ پرسیاری لەم شێوەیە نەدەهێشتەوە، سروشتی کەرنەڤاڵەکەش شوێنی ئەم جۆرە پرسیارەی تیا نەبوو. دەکرێ لەم خاڵەوە دەست پێبکەم، واتە چڕیی بەرنامەی کۆنگرەی لایەنەکانی جیهان لەسەر زەوی و گۆڕانکارییەکانی کەشەهوا. جارێکیان بەبێ ئەوەی کەس پرسیارێک لەم بارەیەوە بکات، بەرپرسێک لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە، وەڵامی دایەوە. لە کۆنگرەکانی پێشوودا لەسەر کەشوهەوا، تەنها لانەیە پەیوەندیدارەکان بەکەشوهەواوە، هەروەها بڕیاردەرانی سیاسی و ڕۆژنامەنوسان ئامادەی دەبوون، بەڵام ئێستا کۆنگەرەکە هەموو لایەنەکانی تەندروستی، مرۆیی، ئابووری، پەروەردە لە خۆدەگرێت. ئەمە وا دەکات ساڵانە ژمارەی ئامادەبووان زیاد بکات، بۆ نموونە لە کۆنگرەی ساڵی 2022 لە میسر، کە بە (کۆپ 27) دەناسرێت پەنجا هەزار کەس ئامادە بوون، کەچی دووای ساڵێک لە (کۆپ 28)دا، پەنجا هەزار کەس زیادیکرد. لەم کۆنگرەیە بەدوواوە،جگە لە وەفدی وڵاتانی جیهان، هەموو رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و نێوەدەوڵەتی بۆ کاری مرۆیی و پەنابەران و قوربانیانی ململانێ هەرێمایەتی و ناوخۆییەکان و هەروەها ژینگەییەکان ئامادە دەبن، چونکە قەیرانی کەشوهەوا، فراوان و گشتگیرەو هەموو لایەنەکانی ژیان دەگرێتەوە. هەر گفتوگۆو چارەسەرێکیش، بەشداریی هەموو لایەنەکانی پێویستە.

ئەمە چوارچێوە ڕەسمییەکی کۆنگرەی لایەنەکانە لەسەر گۆڕانکاری کەشەوهەواو کاریگەرییەکانی لەسەر کۆی سیستمی مرۆیی و ژینگەیی لەسەر زەوی. بەڵام سروشتی قەیرانەکەو کاریگەرییە ماڵوێرانییەکانی، هەروەها بەدەمەوە چوونی وڵاتان و کۆمپانیاکانی دنیا، پێویستیان بەبیرکردنەوەی تر هەیە، بیرکردنەوەیەک لە دەرەوەی سندوقێک کە سیستمی سەرمایەداری دەیسەپێنێت.

لەدەرەوەی سندوقی بیرکردنەوەدا
_____________________
بەکورتییەکەی، سندوقی بیرکردنەوەی سەرمایەداریی و کۆمپانیا چاوچنۆکەکانی، داوا لە هەژارانی دنیا دەکات بەرگەی برسێتی بگرن، چونکە تێربوون، بارگرانیی لەسەر زەوی دروست دەکات، هەروەها داوایان لێدەکات هەرچی سەروەتیان هەیە بیخەنە سەر وزەی هەواو هەتا، لە کاتێکدا خۆیان ئامادە نین واز لە نەوت و گاز و خەڵوز بێنن.

لە ڕاستیدا گفتوگۆی 13 ڕۆژی کۆنگرە لەسەر ئەوەبوو کە ئایا جیهان کەمێک لە سووتاندنی نەوت و گازو خەڵوز پاشگەز دەبێتەوە؟ کە دەڵێم جیهان، مەبەستم جیهانی سەرمایەداری و کۆمپانیا زەبەلاحەکان، کە لەگەڵ ئەوەی لە 1%ی دنیا پێکدەهێنن، بەپرسن لە نەهامەتی 99% دانیشتوانی دنیا. کەسیش ڕازی نەبوو هەنگاوێکیش بکشێتە دواوە، چینی کۆمۆنیست و هیندسانی <گاندی> و ڕوسیای پوتین و وڵاتانی لم و نەوت (عیراق و کەنداو)، بلۆکی بەردەم هەر ڕێککەوتنێک بوون کە چوارچێوەیەکی زەمەنی دابنێت بۆ دەست هەڵگرتن لە وزەی ژێر زەوی (نەوت، گاز، خەڵوز).

چین و هندستان پێیان وایە کە وڵاتە پیشەسازییە پێشکەوتووەکان لە ڕووی مێژوییەوە بەپرسیارن لە گۆڕانکاری کەشەهوا، چونکە شۆڕشی پیشەسازی و پێشکەوتنی و فراوانبونی لەسەر دەستی ئەوان بوە. بەکورتییەکی دەڵێن: وڵاتانی ڕۆژئاوا لە 175 ساڵی ڕابردوەوە وزەی ژێر زەوی دەسوتێنن و بەو هۆیەوە زۆر پێشکەوتن، ئێمەش مافی ئەوەمان هەیە بەهەمان شێوە وزەی ژێر زەوی بەکار بهێنین، چونکە لە ڕووی مێژوویەوە بەرپرسیاری گۆڕانکاری کەشوهەوا نین.

ڕوویەکی ئەم بۆچونە سیاسییە ڕاستەو ڕۆژئاوا لە ڕوی مێژییەوە بەرپرسیارە لەسەر چڕبونەوەی گازە گەرم کەرەوەکان لەبەرگە هەوادا، لە ڕوویەکی تریشەوە نادروستە، چونکە لە ماوەی یەک دەیەدا (2010 بۆ 2021)، چین بەتەنها سەدو پەنجا ملیار تەن گازی گەرمکەرەوەی خستووەتە ئاسمانەوە، لە کاتێکێدا دەوڵەتێکی پیشەسازیی وەک بەریتانیا لە ساڵی (1850)ەوە تا ساڵی (2019) حەفتاو هەشت ملیار تەن گازی گەرمکەرەوەی خستوەتە ئاسمانەوە.

ئەمە بەهیچ شێویەک ئەوە ناگەیەنێت کە وڵاتانی ڕۆژئاوا لە هۆڵی زەویدان و دەیانەوێت کۆتایی بە سوتاندنی سوتەمەنی ژێر زەوی بهێنن، خەمی ئەوانیش ڕزگارکردنی سیستمی سەرمایەدارییە لەم قەیرانە قوڵەدا نەک زەوی، چونکە لە کۆتاییدا، حوکمڕانانی دنیا، حوکمڕانانی ئابووریشن.

جیاوازییەکان تەنها لەوەدا دەرکەوتن کە ڕەشنوسی یەکەمی کۆتایی (کۆپ 28) ئاماژەیەکی ڕوونی تیا نەبوو بۆ کۆتایی هێنان بە سوتاندنی سوتەمەنی ژێرزەوی. کاتێکیش ڕۆژێک درایە دەم کۆنگرەکەو بەشێوەیەکی شەرمنانە چەند بڕگەیەک بۆ ڕەشنوسەکە زیادکرد، هەمو لایەک ڕازی بوون و چەپڵەی سەرکەوتن لێدرا.

لێرەدا بۆ ئەوەی خوێنەر باشترە لە کێشەکە تێبگات، بەپێویستی دەزانم لەسەر خاڵی 28ی ڕەشنوسەکە بووەستم کە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

دداننانی زیاتر بە پێویستیی کەمکردنەوەی قووڵ و خێرا و بەردەوام لە دەردانی گازی گەرمکەرەوەدا، بۆ ئەوەی گەرمای زەوی بە بەراورد لەگەڵ گەرمای چاخی پێش شۆڕشی پیشەسازیدا، لە پلەو نیوێک زیاتر نەبێت. بۆ ئەمەش کۆنگرە داوا لە لایەنەکان دەکات کە بەشداری بکەن لە هەوڵە جیهانییەکانی خوارەوەی وەک:

– بەرزکردنەوەی توانای وزەی نوێبووەوە لە ئاستی جیهانیدا سێ هێندەی ئەو رێژەیە ئێستا هەیە، دوو هێندە باشترکردنی بەکارهێنانی وزە لە ئاستی جیهاندا تا ساڵی 2030.
– خێراکردنی هەوڵەکان بەرەو قۆناغبەندی دابەزاندنی وزەی خەڵوزی بێ وەستان.
– خێراکردنی هەوڵەکان لە ئاستی جیهانیدا بەرەو سیستەمی وزەی سفری دەردانی پاک، کەڵکوەرگرتن لە سووتەمەنی سفر و کەم کاربۆن زۆر پێش یان لە دەوروبەری ناوەڕاستی سەدە؛

– گواستنەوە لە سووتەمەنی ژێر زەوی لە سیستەمی وزەدا، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، خێراکردنی کردەوەیی لەم دەیە گرنگەدا، بەجۆرێک کە تا ساڵی 2050 بەگوێرەی زانست سفری پاک بەدەستبهێنرێت. ئەم خاڵە پێویستی بەڕوونکردنەوە هەیە، چونکە سفری پاک یانی وڵات یان کۆمپانیا چەندێ گازی گەرمکەرەوە دەخاتە ئاسمانەوە، دەبێت هەمان قەبارەشە کەم بکاتەوە. یانی سفر بە سفر و ئەو ڕێژە زۆری لە ساڵی (1850)ەوە خراوەتە ئاسمانەوە وەک خۆی دەمێنتەوەو لە ناوەڕاستی ئەم سەدەیەدا دەبێتە هۆی گەرمتر کردنی زەوی لەوەی کە ئێستا هەیە بە نیو پلەی سەدیی.

هەموو خاڵەکانی لە چوارچێوەی ئەوانەی سەرەودان و جگە لە ئاماژەدانێکی شەرمنانە بۆ گواستنەوەی دادپەروەرانە بۆ وزەی نوێ بوەوە، هیچ شتێکی تری نوێیان تیا نیە. بەم حیسابە بێت لە سی ساڵی داهاتودا، ڕێژەیەکی زۆر لەوەیە کە هەیە، لە گازی گەرمکەرەوە دەخرێتە ئاسمانەوە. یانی لەمڕۆوە تا ساڵی 2100، گەرمای زەوی دەگاتە ئاستێکی وەها کە هەندێ ناوچەی سەر گۆی زەوی بە کەڵکی ژیان نامێنێت، لەوانە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا.

ئەی چارە؟
_____
لە کۆتاییدا دەگەڕێینەوە دەپرسین، ئەی چارەسەر چییە؟ هەمو ئاماژەکان دەڵێن کە کەرنەڤاڵێکی ساڵانە لەسەر زەوی و کەشوهەوا کە لەساڵی (1992)ەوە لەژێر ناونیشانی پاراستنی زەوی و مرۆڤایەتیدا بەردەوامە، هەوڵێکی سەرمایەدارییە بۆ ڕزگارکردنی خودی خۆی لە قەیرانێک، بە پلەی یەکەم خۆی بەرپرسیارە لە دروستکردنی. ئەی کەواتە وڵاتانی باشور چی بکەن تا نەبنە خۆراکی بێخۆراکیی، تا گەرما نەیانپڕوکێنێت، تا لە نەبنە کۆچەری و گەریدەی دوای چۆڕێک ئاو، تا نەبنە دەرۆزەکەرەی دەنکێک گەنم؟

کۆمپانیا زەبەلاحەکانی دنیا دەیانەوێت هەموو شتێکت پێ بفرۆشن، تەنانەت هەوای پاکیش، بۆیە نابێت چاوەڕوانی کەس بین و فریادرەسی ڕاستەقینە خۆمانین. هەر وڵاتێک، هەر هەرێمێک، هەر کۆمەڵگەیەک، دەبێت ئاو و هەواو خاکی خۆی بپارێزێت و بگەڕێتەوە بۆ ئەو چارەسەرانی لە سروشت و کولتوری خۆڕسکییەوە سەرچاوە دەگرن. جیا لەوە، سەرمایەداریی دەیەوێت خەسڵەتەکانی سروشتت بەپارە پێ بفرۆشێت.

لاهور شێخ جەنگی بۆ کەرکوکییەکان: بەفراوانی بەشداری هەڵبژاردن بکەن ئازادن دەنگ بە کی دەدەن
پێشت لاهور شێخ جەنگی بۆ کەرکوکییەکان: بەفراوانی بەشداری هەڵبژاردن بکەن ئازادن دەنگ بە کی دەدەن
تەم دروستبووە و گەشتەکانی فڕۆکەخانەی هەولێریش راگیران
دواتر تەم دروستبووە و گەشتەکانی فڕۆکەخانەی هەولێریش راگیران
ەیوەندیدار