“ئەسەد پێشنیاری دیداری لوتكەی لەگەڵ ئەردۆغان ڕەتكردەوە”



بەپێی وتەی سەرچاوەكان، سەرۆكی سوریا پێشنیاری كۆبوونەوەی لوتكەی لەگەڵ سەرۆكی توركیا بە ئامادەبوونی سەرۆكی ڕوسیا ڕەتكردۆتەوە و پێی وایە، ئەو كۆبوونەوەیە سوود بە ئەردۆغان دەگەیەنێت لە هەڵبژاردنەكاندا.

ئاژانسی هەواڵی (ڕۆیتەرز) لە زاری سێ سەرچاوەوە بڵاویكردۆتەوە، سوریا دژی هەوڵەکانی نێوەندگیری ڕووسیایە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی لوتکە لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، ئەمەش دوای زیاتر لە 10 ساڵ لە دوژمنایەتییەکی تاڵ لە سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ لە سوریا.

بەڵام دوو سەرچاوەی تورکیا، کە بەرپرسێکی باڵای تێدایە، دەڵێن: “دیمەشق تەنیا بابەتەکە دوادەخات و شتەکان لە ڕێگادان بەرەو کۆبوونەوەی دواجاری نێوان هەردوو سەرۆك”.

بەشار ئەسەد بەردەوام ڕایگەیاندووە، ئەوە تورکیایە پاڵپشتی تیرۆر دەکات لەڕێی یارمەتیدانی کۆمەڵێک گرووپی چەکدار لەوانەش کوتلە ئیسلامییەکان و هەروەها ئەنجامدانی دەستدرێژی سەربازی بەردەوام بۆ باکووری سوریا. ئەمەش لەكاتێكدایە، كە ئەنقەرە خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنێکی دیکە لە باكووری سوریا “ڕۆژئاوای كوردستان” ئامادە دەکات.

لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی لە سوریا و هەوڵدان بۆ لادانی ئەسەد لە دەسەڵات، ڕووسیا یارمەتی ئەسەدی داوە تاوەكو دۆخی شەڕەکە بە قازانجی خۆی بگۆڕێت، بەڵام ئێستا هەوڵی کۆتاییهێنان بە ململانێکانی سیاسی دەدات و دەیەوێت گفتوگۆ لە نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و بەشار ئەسەد بکرێت.

هەفتەیەک دوای تەوقەکردن لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر لە مانگی ڕابردوودا، ئەردۆغان ڕایگەیاند، تورکیا دەتوانێت “شتەکان لەگەڵ سوریادا بخاتە سەر ڕێچکەیەکی دروست و ناكرێت ڕق و كینە لە سیاسەتدا هەبێت”. لەكاتێكدا لە ڕابردوودا بەردەوام دەیوت، “ناتوانم چاوم بە سەرکردەیەک بکەوێت، کە بە کودەتا هاتبێتە سەر دەسەڵات”.

ئەو سێ سەرچاوە ئاگادارە لە هەڵوێستی سوریا سەبارەت بە ئەگەری دانوستانەكان ڕایانگەیاندووە، ئەسەد پێشنیاری كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان بە ئامادەبوونی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا ڕەتكردۆتەوە.

ئاماژەیان بەوەشكردووە، دیمەشق پێی وایە کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە دەتوانێت هەڵوێستی سەرۆک کۆماری تورکیا پێش هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتوو بەهێزتر بکات، بەتایبەتی ئەگەر گفتوگۆكان بابەتی گەڕاندنەوەی ئاوارە سورییەكان لەخۆبگرێت، كە ژمارەیان لە ناو توركیا 3 ملیۆن و 600 هەزار پەنابەرە.

یەکێک لەو سەرچاوانە وتویەتی، “بۆچی سەرکەوتنێکی لەخۆڕایی بدرێت بە ئەردۆغان؟ لێک نزیکبوونەوەیەک پێش هەڵبژاردنەکان نابێت”، ئاماژەی بەوەشکرد، سوریا بیرۆکەی کۆبوونەوەی هەردوو وەزیری دەرەوەی تورکیای ڕەتکردەوە.

سەرچاوەی سێیەم وتویەتی، “سوریا پێی وایە ئەم كۆبوونەوەیەك هیچ سوودێكی نابێت ئەگەر شتێكی بەرجەستە بەدی نەهێنێت، ئەوەی ئێستا سوریا داوای دەكات كشانەوەی تەواوەتی هێزەكانی توركیایە”.

وەزیری پەروەردە كاتی پشووی خوێندكاران و مامۆستایانی ڕاگەیاند
پێشت وەزیری پەروەردە كاتی پشووی خوێندكاران و مامۆستایانی ڕاگەیاند
لە سلێمانی گۆشتفرۆشێك لە گەڕەكی كانی كوردە داخرا
دواتر لە سلێمانی گۆشتفرۆشێك لە گەڕەكی كانی كوردە داخرا
ەیوەندیدار