ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

جیهانی

(ڤیدیۆ) کرواتیای ماندو ماراسۆنی سێیەمی لە ئینگلتەرا بردەوە و بۆ یەکەم جار لەمێژوویاندا گەیشتنە فاینەڵی مۆندیال

خەڵک سپۆرت

ئەمشەو دووەم و کۆتا ڕووبەڕوبونەوەی قۆناغی نیوەی کۆتایی مۆندیالی ڕوسیا لەنێوان هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و کرواتیا ئەنجامدرا، کرواتیەکان توانیان بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتن بەدەست بهێنن.

تایمی یەکەم کەمتەرخەمی ئینگلتەرا

لەتایمی یەکەمدا کرواتیەکان بەهۆی ئەنجامدانی دوو ڕووبەڕوبونەوەی ماراسۆنی (١٢٠ خولەکی) ماندو دەردەکەوتن، لەبەرامبەردا هاری کەین و هاوەڵانی بەهەموو شێوەیەک ئامادەتر بوون و توانیان بەلێدانی ڕاستەوخۆ لە خولەکی پێنجەوە گۆڵی پێشکەوتن تۆمار بکەن.

بەدەر لەو گۆڵە، لینگارد و کەین و هێرشبەرانی تر چەندین هەلی مەترسیداریان دروست کرد و سەرکەوتو نەبوون لە قۆستنەوەی، چونکە لەدەستدانی هەلی زۆر و کەمتەرخەمیان لەتۆمارکردنی گۆڵی دووەمدا لەتایمەکانی تردا کاردانەوەی خێرا و خراپی لەسەر دروست کردن، لەبەرامبەردا لوکا مۆدریچ و هاوڕێیانی لە هەلێک دەگەڕان و ئەو هەلەیان لەتایمی یەکەمدا دروست نەکرد.

تایمی دووەم گەڕانەوەی کروات

ئەستێرەکانی کرواتیا ڕوحیەتی هەڵبژاردەیەکی ئەمریکی لاتینی و پابەندبون و سیستمی هەڵبژاردەیەکی ئەوروپیان نیشاندا و توانیان بەهێزەوە بگەڕێنەوە، لەم تایمەدا توانیان قەرەبووی تایمی یەکەم بکەنەوە و تەواوی هەڵە تاکتیکیەکان چارەسەر بکەن و چەندین هەلی مەترسیداریان بۆ تۆمارکردنی گۆڵ دروست کرد.

لەخولەکی ٦٨ ئیڤان پێریسیچی ئەستێرەی ئینتەرمیلان گۆڵی یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەی تۆمار کرد، لەدوای ئەم گۆڵەش کۆنترۆڵی یاریگا لەلایەن مۆدریچ و برۆزۆڤیچ و ڕاکیتیچەوە بەردەوام بوو، بەرگری ئینگلتەراش شڵەژان و کەمی تەرکیزیان پێوە دیاربوو و نەیاندەتوانی ئەو بۆشاییانە پڕ بکەنەوە کە دەوکەوتە بەردەم هێندێرسۆنی ناوەندی بەرگری و بەردەم لینگارد و دیلی ئالی، لەم بۆشاییەدا چەندینجار ڕیبیچ و پێریسیچ و ماندزۆکیچ شوتیان ئاڕاستەی گۆڵەکەی پیکفۆرد کرد.

ئەو تایمەش بەوشێوەیە کۆتایی هات و ناچار پەنا بۆ کاتی زیادکراو برا.

کاتی زیادکراو و کۆتایی خەونی گەلی ئینگلتەرا

لەکاتە زیادکراوەکاندا بەتایبەت تایمی یەکەم، گاریس ساوزگەیتی ڕاهێنەری ئینگلتەرا چەند گۆڕانکارییەکی ئەنجامدا و تاڕادەیەک باشتر دەرکەوتن، توانیان کێشەی لاوازی باڵی چەپ چارەسەر بکەن و کەلێنی ناوەندی یاریگایان بە ئاڵوگۆڕی هێندێرسۆن بە ئیریک دایەر چارەسەر کرد، لەگەڵ ئەوەشدا کە فشاری توندیان کرد، بەڵام سەرکەوتو نەبوون لەتۆمار کردنی گۆڵ.

لەکاتی زیادکراوی دووەمدا دووبارە کرواتیەکان سیناریۆی تایمی دووەمیان دووبارە کردەوە، هەموو وزەی خۆیان بەکارخست بۆ ئەوەی خۆیان لە پەناڵتی یەکلاکەرەوە دووربخەنەوە، لە خولەکی ١٠٩ ماریۆ ماندزۆکیچ ژیرانە مامەلەی کرد و بە تۆپەوە بەنێوان جۆن ستۆنز و واڵکەردا تێپەڕی کرد و گۆڵی دووەم و یەکلاکەرەوەی تۆمار کرد.

سەرباری ئەوەی ئینگلیزەکان هەوڵیان زۆردا قەرەبوی ئەو گۆڵە کوشندەیە بکەنەوە، بەڵام بەهێزی و نەکشانەوەی ناوەند و هێرشبەری کرواتیەکان بەرەو نیوە یاریگای خۆیان، کاریگەری دروست کرد و ئەنجامەکە (٢ – ١) لەبەرژەوەندی لوکا و هاوڕێیانی کۆتایی هات، لەم خاڵەشدا کۆتاییان بە خەونی چەندین ساڵەی ئینگلیزەکان هێنا.

بەوشێوەیەش بۆ یەکەمجار لەمێژوویاندا خۆیان گەیاندە فاینەڵی مۆندیالی ڕوسیا و لە یاریی کۆتاییدا بڕیارە ڕووبەڕوی فەرەنسا ببنەوە.

جیهانی

(که‌ی؟ به‌ چ میکانیزمێک؟) ئه‌مشه‌و له‌ له‌نده‌ن خه‌ڵاتی باشترینه‌کانی جیهان (THE BEST) دابه‌ش ده‌کرێت

خه‌ڵک سپۆرت

ئه‌مشه‌و کاتژمێر (٩:٠٠) به‌کاتی کوردستان ئاهه‌نگی دابه‌شکردنی خه‌ڵاتی باشترینه‌کانی تایبه‌ت به‌ یه‌کێتی تۆپی پێی جیهان (فیفا) پێشکه‌ش ده‌کرێت.

ئه‌م خه‌ڵاته‌ جیاوازه‌ له‌ خه‌ڵاتی تۆپی ئاڵتونی “بالۆن دۆر” که‌ له‌لایه‌ن گۆڤاری فرانس فوتباڵه‌وه‌ پێشکه‌ش ده‌کرێت، به‌ڵکو میکانیزمی ده‌نگدانیش بۆ ئه‌م خه‌ڵاتانه‌ جیاوازن و هه‌ریه‌که‌یان به‌شێوه‌یه‌ک ده‌بێت.

میکانیزمی ده‌نگدان بۆ خه‌ڵاتی (زه‌ بێست)

یه‌کێتی تۆپی پێی جیهان میکانیزمی ده‌نگدانی بۆ خه‌ڵاتی باشترین یاریزانی جیهان به‌ ئاشکرا بڵاوکردۆته‌وه‌ که‌ به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێت:

%٢٥ ده‌نگی ڕاهێنه‌ران

%٢٥ ده‌نگی کاپیتانۆی هه‌ڵبژارده‌کان

%٢٥ ده‌نگی ڕۆژنامه‌نوسان

%٢٥ ده‌نگی هانده‌ران له‌ڕێگه‌ی ماڵپه‌ڕی (فیفا)وه‌

کێ به‌ربژێری خه‌ڵاته‌کانه‌؟

باشترین یاریزانی جیهان (پیاو): کریستیانۆ، مۆدریچ، موحه‌مه‌د سه‌ڵاح

باشترین یاریزانی جیهان (ئافره‌ت): ئادا هیگێربێرگ، زنیڤێر مارۆزان، مارتا

باشترین ڕاهێنه‌ری جیهان (پیاو): زلاتکۆ دالیچ، دیدێر دیشامپ، زینه‌دین زێدان

باشترین ڕاهێنه‌ری جیهان ئافره‌ت): ڕایناڵد پیدرۆس، ئاساکۆ تاکاکورا، سارینا وایگمان

خه‌ڵاتی پوشکاش: تایبه‌ته‌ به‌جوانترین گۆڵی وه‌رز

خه‌ڵاتی “فان ئه‌وارد”: تایبه‌ته‌ به‌ باشترین هانده‌ر له‌جیهاندا

خه‌ڵاتی “فیفا پرۆ”: باشترین ١١ یاریزانی جیهان

خه‌ڵاتی “فایه‌ر پله‌ی”: تایبه‌ته‌ به‌ روحی وه‌رزشی و پێشکه‌شی که‌سێک یاخود یانه‌ و هه‌ڵبژارده‌یه‌ک ده‌کرێت

خه‌ڵاتی باشترین گۆڵپارێز: تیبۆ کۆرتوا، هوگۆ لۆریس، کاسپه‌ر شمایکڵ

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

جیهانی

گواردیۆلا پڕۆسه‌ی (یه‌ک له‌ سێ)ی داڕشتووه‌ و ناچاره‌ ڕووبه‌ڕوی خه‌ونی “خانمه‌ پیره‌که”‌ ببێته‌وه‌ !

خه‌ڵک سپۆرت

پیپ گواردیۆلای ئیسپانی ڕاهێنه‌ری یانه‌ی مانچسته‌ر سیتی پلانی داڕشتووه‌ له‌گواستنه‌وه‌کانی زستانه‌دا هه‌وڵه‌کانی بۆ سێ یاریزان چڕ بکاته‌وه‌، له‌هه‌مان کاتیشدا ناچاره‌ رووبه‌ڕوی خه‌ونه‌کانی یانه‌ی یوڤانتۆس ببێته‌وه‌.

ڕۆژنامه‌ی “زه‌ سه‌ن”ی به‌ریتانی له‌زاری سه‌رچاوه‌کانیه‌وه‌ ئاشکرای کردووه‌، به‌هۆی پێکانی کیڤن دی برۆینی به‌لجیکی و هه‌ڵکشانی فێرناندینیۆ به‌ ته‌مه‌ندا، گواردیۆلا ناچاربووه‌ بیر له‌ پلانێکی کاتی بکاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت تا کۆتایی وه‌رز پارێزگاری له‌پێگه‌ی یانه‌که‌ی بکات.

به‌پێی سه‌رچاوه‌که‌، پێگه‌ی فێرناندینیۆ بووه‌ به‌ کێشه‌ی پێکهاته‌ی “سیتیزن” و ته‌مه‌نی گه‌یشتۆته‌ ٣٣ ساڵ و به‌ته‌نها توانای جێبه‌جێکردنی تاکتیکه‌ به‌رگرییه‌کانی نه‌ماوه‌، له‌به‌رامبه‌ردا ئیلکای گۆندوگانی ئه‌ڵمانی نه‌یتوانیوه‌ به‌ قوڵایی هێڵی به‌رگریدا شۆڕبێته‌وه‌ و یاریده‌ده‌ربێت له‌ هاوسه‌نگکردنه‌وه‌ی شێوه‌ یارییکردنیان و ئه‌وه‌ش وایکردووه‌ لاوازتر له‌وه‌رزی رابردوو ده‌ربکه‌ون.

‌لێره‌وه‌ گواردیۆلا بیری له‌ کڕینی فرانکی دی یۆنگی هۆڵه‌ندی ئه‌ستێره‌ی هه‌ڵکشاوی یانه‌ی ئه‌یاکس ئه‌مسته‌ردام کردۆته‌وه‌ و بڕی ٥٠ ملیۆن پاوه‌ندی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ته‌رخان کردووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌م ناوه‌شدا ناوه‌کانی تیاگۆ ئالکانتارا (بایرن میونشن) و ئه‌دریان ڕابیۆ (پاریس سانت جێرمان) وه‌ک به‌دیلی گه‌وهه‌ره‌ هۆڵه‌ندیه‌که‌ ده‌ستنیشان کراون، به‌وشێوه‌یه‌ گواردیۆلا ده‌یه‌وێت تا واده‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی دی برۆین (مانگێکی ماوه‌) پارێزگاری له‌ نازناوه‌که‌ و ئه‌نجامه‌کانی بکات.

له‌لایه‌کی تره‌وه‌ ماڵپه‌ڕی “کالچیۆ میریکاتۆ” ئاشکرای کردووه‌،‌ له‌ گواستنه‌وه‌کانی زستانه‌دا گواردیۆلا و ئیداره‌ی سیتی ناچارن ڕووبه‌ڕوی خه‌ونه‌کانی یانه‌ی یوڤانتۆس ببنه‌وه‌ که‌ له‌ کڕینی لیرۆی سانێ-ی ئه‌ڵمانیدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌.

“کالچیۆ میریکاتۆ” نوسیویه‌تی: له‌م وه‌رزه‌دا لیرۆی سانێ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ “فه‌یله‌سوفه‌ که‌ته‌لۆنیه‌که‌” گونجاو نییه‌، له‌م وه‌رزه‌دا ئاستی به‌پێی پێویست نه‌بووه‌ و ئیداره‌ی خانمه‌ پیره‌که‌ پێیان وایه‌ هاوشێوه‌ی سه‌ره‌تاکانی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ خۆی ناساندووه‌‌ و ده‌کرێت له‌داهاتوشدا وه‌ک شوێنگره‌وه‌ی “دۆن” مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بکرێت، به‌ڵام کێشه‌یان له‌ نرخه‌که‌یدایه‌ که‌ له‌ئێستادا نزیکی ١٥٠ ملیۆن یورۆ ده‌بێت، ئه‌م نرخه‌ش دابینکردنی قورسه‌ و ئه‌گه‌ر له‌گواستنه‌وه‌کانی زستانه‌دا به‌ که‌متر نه‌توانن دابینی بکه‌ن، ئه‌وا بێگومان له‌گواستنه‌وه‌کانی هاوینه‌دا ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆسه‌ر که‌یسه‌که‌.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

جیهانی

ئاسینسیۆ: حه‌زم له‌ ژماره‌ (١٠)ی ڕیاڵ مه‌دریده‌ و بۆ خه‌ڵاته‌ گه‌وره‌که‌ په‌له‌م نییه‌ !

خه‌ڵک سپۆرت

مارکۆ ئاسینسیۆی ئیسپانی ئه‌ستێره‌ی یانه‌ی ڕیاڵ مه‌درید دانی پێدا ده‌نێت که‌ حه‌زی به‌ درێسی ژماره‌ (١٠)یه‌ و تائێستا له‌وباره‌یه‌وه‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵ لوکا مۆدریچ نه‌کردووه‌.

دوای سه‌رکه‌وتنی یانه‌ی شاهانه‌ به‌سه‌ر یانه‌ی ئیسپانیۆل به‌ گۆڵێکی بێوه‌ڵام، له‌چاوپێکه‌وتنێکی خێرادا ئاسینسیۆ به‌ڕۆژنامه‌ی “موندۆ دیپۆرتیڤۆ”ی ئیسپانی ڕاگه‌یاند :” گرنگ ئه‌وه‌یه‌ توانیمان سێ خاڵی ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌که‌ دابین بکه‌ین، تایمی یه‌که‌م زۆر باش ده‌رکه‌وتین، به‌ڵام له‌تایمی دووه‌مدا ئارامیمان له‌ده‌ستدا و به‌پێی پێویست نه‌بوین، له‌هه‌موو ئه‌مانه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌بوو سێ خاڵمان به‌ده‌ست هێنا، بردنه‌وه‌شمان به‌ گۆڵێک هاوشێوه‌ی بردنه‌وه‌یه‌ به‌ سێ گۆڵ”.

له‌وه‌ڵامی پرسیارێکدا ده‌رباره‌ی درێسی ژماره‌ (١٠) ده‌ڵێت :” لوکا له‌م باره‌یه‌وه‌ له‌گه‌ڵمدا قسه‌ی نه‌کردووه‌، منیش داوام نه‌کردووه‌، به‌ڵێ حه‌زم له‌درێسی ژماره‌ ١٠یه‌، به‌ڵام هه‌مووان ده‌زانن مۆدریچ خاوه‌نی ئه‌و ژماره‌یه‌یه‌، له‌داهاتودا هیوادارم بتوانم به‌ده‌ستی بهێنم”.

هه‌روه‌ها له‌باره‌ی خه‌ڵاتی باشترینی جیهان “بالۆن دۆر”وه‌ ده‌ڵێت :” هه‌موو تواناکانی خۆم بۆ بردنه‌وه‌ی ڕیاڵ به‌کارده‌خه‌م و ده‌مه‌وێت هه‌موو کاره‌ باشه‌کان ئه‌نجام بده‌م، ئه‌گه‌ر بتوانم ئه‌و خه‌ڵاته‌ به‌ده‌ست بهێنم بێگومان خۆشحاڵ ده‌بم، به‌ڵام من هیچ په‌له‌م نییه‌، با بزانین له‌داهاتودا چی ڕووده‌دات”.

له‌دوای ڕۆیشتنی کریستیانۆ له‌ ڕیاڵ مه‌درید، ئاسینسیۆ له‌لایه‌ن جولین لوپێتیگی ڕاهێنه‌ری نوێوه‌ وه‌ک یه‌کێک له‌ کۆڵه‌که‌کانی پێکهاته‌ی سه‌ره‌کی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا کراوه‌، له‌م باره‌یه‌وه‌ دی فرانچیسکۆی ڕاهێنه‌ری یانه‌ی ڕۆما ڕایگه‌یاندووه‌ که‌ له‌داهاتودا ئه‌م گه‌وهه‌ره‌ ئیسپانیه‌ ده‌بێته‌ باشترین یاریزانی جیهان.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە
ریکلام
ریکلام
ریکلام

کوردستان

دوایین