هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی رێکارەکانی هاتووچۆ و پابەندبوونی هاووڵاتییانەوە بەراورد بە ساڵی 2021، لە ساڵی 2022دا ئاماری روداوەکانی هاتووچۆ و قوربانییەکانی کەمیکردوە، داواش لە هاووڵاتییان دەکات بۆ ئەمساڵ زیاتر پابەندی یاساو ڕێنمایەکان بن.
هاتووچۆی سلێمانی ئاماری رووداوەکانی ساڵی رابردووی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت:” ساڵی 2021دا لە سنوری پارێزگای سلێمانی 1240 روداوی هاتوچۆی رویانداوە و بەهۆیانەوە 231 هاووڵاتی گیانیانلەدەستداوە و 3849 هاووڵاتی دیکەش برینداربوون.
لە ئامارەکەدا هاتووە کە ساڵی 2022 قوربانیانی هاتووچۆ رووی لە کەمبوونەوە کردوە، بەجۆرێک لەو ساڵەدا 1044 روداوی هاتووچۆی رویانداوە و بەهۆیانەوە 174هاووڵاتی گیانیانلەدەستداوە، هەروەها 3843 هاووڵاتی دیکەش بەهۆی روداوەکانی هاتووچۆ لەو ساڵەدا برینداربوون.
بەهمەن عەبدوڵا، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانیش دەڵێت:”بە پشتیوانی خوا و هەوڵ و ماندوبونی بەڕێوەبەر، ئەفسەر و کارمەندانی هاتوچۆ بەتایبەتی هاتوچۆی ناوشاری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و قەزای مەرکەز، پشتیوانی و پابەندبوونی هاووڵاتییانی خۆشەویستی شاری سلێمانی، ئاماری ڕوداوەکانی هاتووچۆ جێگەی دڵخۆشی هەموو لایەکە بەراورد بە ساڵی پار سوپاس بۆ خوا بەهیواین هەمو لایەک دووربن لە ڕووداوی هاتوچۆ و بۆ ئەمساڵیش زیاتر پابەندی یاساو ڕێنماییەکانی هاتووچۆ بن”.