بارزانی: هیچ بیانوویەك بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكان قبووڵناكرێت



سەرۆكی پارتی ڕایگەیاند، پێویستە ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوە بچێت و هیچ بیانوویەكیش بۆ دواخستنی هەڵبژاردن قبووڵ ناكرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 17ی كانوونی دووەمی 2023 لە سەڵاحەدين مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی باڵای ئەمەریكا كرد كە پێكهاتبوو لە: برێت مەكگۆرك ڕێكخەری كۆشكی سپی بۆ كاروباری ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا و ئامۆس هۆكشتین ڕێكخەری تایبەتی سەرۆكایەتیی بۆ ژێرخانی جیهانی و ئاسایشی وزە و ئالینا ڕۆمانۆسكی باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ژمارەیەك ڕاوێژكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا.

بارەگای بارزانی بڵاویكردەوە “لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا تاوتوێ كرا و جەخت لە پێویستیی چارەسەركردنی گرفتەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و، بایەخی ڕۆڵی عێراق و هەرێمی كوردستان لە تێپەڕاندنی ئاستەنگەكانی بەردەم وزە لە ئاستی جیهانیدا كرایەوە”.

بارودۆخی هەرێمی كوردستان تەوەرێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بوو و تێیدا بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە پێویستە ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوە بچێت و هیچ بیانوویەكیش بۆ دواخستنی هەڵبژاردن قبووڵ ناكرێت.

بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە خوازیاری ئەوەیە لەپێناو تێپەڕاندنی تەحەددیاتەكان و پاڵپشتیكردنی حكوومەتی هەرێم، كۆبوونەوە و هەماهەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەكان بەردەوام بێت.

پەیوەست بە چاكسازییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ بەردەوامیی ئەو چاكسازییانە دووپات كردەوە.

بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و هەڕەشەكانی تیرۆر تەوەرێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بوون و شاندی میوان جەختی لە بایەخی ئاساییش و سەقامگیریی لە عێراق و هەرێمی كوردستان كردەوە.

 

مەكگۆرگ لەگەڵ سەرۆكی یەكێتی كۆدەبێتەوە
پێت مەكگۆرگ لەگەڵ سەرۆكی یەكێتی كۆدەبێتەوە
دووكاندارانی بازاڕی عەسری: بازاڕەكە چۆڵدەكەین
دوات دووكاندارانی بازاڕی عەسری: بازاڕەكە چۆڵدەكەین
پەیوەندیدار