كەشناسی هەرێم پێشبینی هاتنی شەپۆلێكی بەهێزی باران دەكات و لە شاری سلێمانیش ئامادەكاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو دەكرێت.
هۆشداریی لەشەپۆلێكی بارانبارینی بەلێزمە و دروستبونی لافاو لەڕۆژانی 12و 13ی ئەم مانگەدا درا، بۆ ڕووبەڕووبووەنەوەی ئەو دۆخە شارەوانی سلێمانی ئامادەكاری دەكات.
لەو بارەیەوە زەردەشت ڕەفیق، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە شارەوانی و بەرگری شارستانی سلێمانی تیمەكانی بەشی خزمەتگوزاری و ئاوەڕۆ و ئامێرەكان لە ئەمڕۆوە ئامادەكاری بۆ ڕێگریكردن لە دروستبوونی لافاو دەكەن.
وتیشی، تیمەكان لە شەقام و شوێنە گشتییەكاندا دەگەڕێن بۆ هەڵدانەوەی سەری ئەو مەنهۆڵانەی كە هەن بۆ ئەوەی ڕێگری لە كۆبوونەوەی ئاو و دروستبوونی لافاو بكرێت، هەتاكو ڕۆژی چوارشەمە بەردەوام دەبین.
ئاماژە بە ئەوەش دەكات، داوا لە هاووڵاتییان دەكەین دەور و بەری ماڵەكانیان پاك رابگرن و نەهێڵن شت لە مەنهۆڵەكاندا كۆببێتەوە، بۆ ئەوەی هەم هاوكاری تیمەكان بن هەمیش ڕێگا لە دروستبوونی لافاو بگرن.