خەڵك-
تادێت خۆپیشاندانەكان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان توندتر دەبن، شرۆڤەكارانیش پێشبینیدەكەن لەبەردەوامی خۆپیشاندانەكاندا ڕۆژهەڵاتی كوردستان سیناریۆكەی ڕۆژئاوای كوردستان دووبارەبكاتەوە، بەوپێیەی سێ پارچەی كوردستان لەكۆی چوار پارچە دەبنە خاوەن فەرمانڕەوای خۆسەر، بۆیە توركیا و ئێران هەنگاوی كردەیی هاوكاتیان لە دژی كورد دەستپێكردووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەك شەممە، سنووری شارەكانی كۆبانێ و حەسەكە لە ڕۆژئاوای كوردستان، هەولێر و دهۆكو سلێمانی لە باشووری كوردستان لە ژێر بۆردوومانی سووپای توركیادا بوون، توركیا ئۆپەراسیۆنێكی بۆ سەر باشوور و ڕۆژئاوا دەستپێكردووە.
مەهاباد و بۆكان و زۆرینەی شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش لە شەڕی قورسدان، چەكی قورس و هێزی سووپا لەناو شاری مەهابادە، هێلیكۆپتەر بە ئاسمانی شارەكەوەیە.
خۆپێشاندانەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە مانگی سێهەمدا لە ناڕەزایی شەوانە و شەقام و سووتاندنی لەچكەوە چووە قۆناغی دەستبەرداگرتنی شەقام و كۆڵان و دامودەزگە حكومییەكان و هێرشی هێزە ئەمنی و سەربازییەكان و كەسانی سەر بە دەوڵەت.
هەروەها دروستبوونی گرووپی چەكداری نەناسراو لە مەهاباد و كرماشان و كوشتنی بەرپرسانی حكومەت، لەبەرامبەریشدا ڕاگواستنی هێزی سووپا بە چەكی قورس و فڕۆكەوە بۆ ناو شارەكان لەلایەن حكومەتەوە.
سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار دەڵێت: ئێستا زۆر ئەستەم بووە كۆنتڕۆڵی ڕەوشی ڕۆژهەڵات بكرێتەوە، تەنانەت لە حاڵی هێوربوونەوەی ڕەوشی ئێرانیشدا.
سەرچاوەكە، دەڵێت: باشترین و نزیكترین سیناریۆ دووبارەبوونەوەی سیناریۆكەی ڕۆژئاوایە لە ڕۆژهەڵات، نزیكترین پارتیش پژاكە بەهۆی بوونی توانای سەربازی و مێدیایی و ڕێكخراوەییەوە كە ڕۆژهەڵاتی ڕادەستبكرێت، ڕەنگە ئێرانیش ناچاربێت ئەو هەنگاوە بنێت، بەهۆی نزیكی پژاكەوە لەپەكەكە، پەكەكەش جۆرێك نزیكە لە ئێرانەوە.
دەشڵێت: لێرەدا كێشەیەك هەیە، لە ئێستاوە لەناوخۆی ڕۆژهەڵات دەنگی ناڕازی دژی پەژاك هەیە، پەژاك بە درێژكراوەی پەكەكە دەزانرێت، دەڵێن پەژاك ڕۆژهەڵات دەكاتە بەرەیەكی خزمەتی باكووری كوردستان و پەكەكە، بۆیە بەهیچ جۆرێك ئەوە قەبوڵ ناكات، لەلایەكی دیكەوە پەكەكە و پەژاك جەماوەریان لەناوخۆی ڕۆژهەڵات سنووردارە بە پێچەوانەی ڕۆژئاوای كوردستانەوە.
بەگوتەی سەرچاوەكە، پێش ئەوەی ئێران بەسیناریۆكەی ڕۆژئاوا قایل بێ، زۆرترین گوشار لەهەرێم دەكات، تا لە ڕێیەوە بتوانێت ڕەوشی نێوخۆ هێوربێتەوە، تەنانەت هێرشی سەربازیش بێت.
لێدوانی سەرچاوەكە، لەكاتێكدایە، ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس لە ڕاپۆرتێكدا ئاشكرایكردووە، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی هێزی قودسی ئێران، ئاگاداری بەغدای كردووەتەوە كە بەنیازی هێرشی زەوینین بۆ سەر هەرێمی كوردستان.
ئیسماعیڵ قائانی لەبەغدا هەڕەشەی هێرشی زەوینی كردووەو داوای چەكدانانی حیزبە كوردییەكانی كردووە لەگەڵ لەدانانی سووپای عێراق لەسنوورەكان.
ئەم هەڕەشانەی ئێران، هاوكاتی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنێكی فراوانی توركیایە بۆ سەر ڕۆژئاوا و باشووری كوردستان لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە.
بەڕای چاودێران، ئەم هێرشانەی توركیا و ئێران جۆرێك لە هەماهەنگیان پێوەدیارە، بە ئامانجی سەركوتكردنی هەردوو بەشی باشوور و ڕۆژئاوای كوردستان، لەكاتێكدایە ترسیان لێنیشتووە لەسەرهەڵدانێكی هەرێمێكی دیكەی نیمچە سەربەخۆ لەپاڵ دوو هەرێمەكەی دیكە.
بەشێك لەچاودێڕان بەدووری نازانن، ئەمریكاش لەم نێوانەدا ڕۆڵی هەبێت، بەجۆرێك گڵۆپی سەوزی بۆ هێرشەكانی توركیا هەڵكردبێت.