سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، ئەو پێشمەرگانەی ناو شۆڕش، كە خزمەتی پێشمەرگاتیی خۆیان دەهێننەوە بۆ خانەنشینی و پێویست بوو بڕێكی زۆر پارە بدەن، بەڵام لەمەودوا ئەو پارەیە نادەن و لێیان خۆش دەبن.
ریڤینگ هرووری، سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕایگەیاندووە، هەر پێشمەرگەیەك بەشداری لە شۆڕشەكاندا كردووە، ئەگەر پێویستبوایە خزمەتی خۆی بخاتە سەر وەزیفەكەی بە مەبەستی خانەنشین كردن، پێویست بوو بڕێك پارە بدا هی ئەو ساڵانەی پێشمەرگە بووە، لە كاتێكدا ئەوكات پێشمەرگایەتی بێ مووچە بووە و خۆبەخشانە پێشمەرگایەتییان دەكرد، كە پێشمەرگەكانیش هەر یەكە و بەپێی ساڵەكانی خزمەتی پێشمەرگاتی پارەیان لێ وەردەگیرا.
وتیشی، “دوای ئەوەی هەوڵێكی زۆرمان دا لە لیژنەكەی خۆمان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان، حكوومەت وەكو ڕێزگرتنێك لەو پێشمەرگانەی بەشدارییان لەشۆڕشەكاندا كردووە و ئەوكات پێشمەرگە بوون و تاوەكو 5/3/1991 لە پێشمەرگایەتی بەردەوام بوون، هیچ بڕە پارەیەكیان لێ وەرنەگیرێت و لێیان خۆش بن”.
جەختیشی كردەوە، هەر كاتێك ئەو پێشمەرگانە خزمەتی خۆیان هێنا بۆ خانەنشین بوون لە پێدانی ئەو پارەیە دەبەخشرێن، ئەمەش هەنگاوێكی باشە و خزمەتكردنە بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان.