لە وڵاتێکی ئاسیادا نرخی پیاز لە گۆشت گرانترە


بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی، بەرپرسانی وەزارەتی کشتوکاڵ لە فلیپین ڕایانگەیاند؛ وڵاتەکەیان تا مانگی ئازار، پێویستی بە هاوردەکردنی نزیکەی ٢٢ هەزار تۆن پیاز هەیە، بۆ دابینی پێداویستییە ناوخۆییەکان و ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخ.

 

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی ئەو وڵاتە، تێکڕای خواست لەسەر سەوزە و میوەی فلیپین لە مانگێکدا نزیکەی ١٧ هەزار تۆنە.

 

بە پشتبەستن بە چاودێریکردنی نرخی بازاڕ لە هەرێمی مانێلا لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ، تا ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، پیازی سوور و سپی لە فلیپین بە ٦٠٠ پێسۆ کە دەکاتە (١٠.٨٨ دۆلار) بۆ هەر کیلۆیەک دەفرۆشرا.

 

بەم جۆرە، نرخی پیاز لە بازارەکانی فلیپین، نزیکەی ٣ هێندەی نرخی مریشک و لە سەدا ٢٥ بۆ ٥٠ لە گۆشتی بەراز یان گۆشتی مانگا گرانترە.

 

بەرپرسانی فلیپین دەیانەوێت لێکۆڵینەوە لە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکان بکەن و جەخت لەوە دەکەنەوە کە سەرۆک فێردیناند مارکۆس جونیۆر کە هاوکات وەک وەزیری کشتوکاڵیش کاردەکات، ڕاستەوخۆ بەرپرسیارە لەم دۆخە.

 

بەرپرسانی وەزارەتی کشتوکاڵ لەو وڵاتە، هەر لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا هۆشدارییان دا لە ئەگەری کەمیی پیاز و سیر، کاتێک پیازی سووری ناوخۆیی بە کەمتر لە ١٤٠ پێسۆ (٢،٤٥دۆلار) دەفرۆشرا.

 

ڕێکس ئیستۆپێرێز یاریدەدەری وەزیری کشتوکاڵی فلیپین ڕایگەیاند، هاوردەکردنی پیاز “چارەسەرێکی کاتی” دەبێت، بەڵام دەبێت بەشی دابینی پێویستییەکانی ناوخۆ هاوردە بکەین تا مانگی ئازار کە لانی کەم پیویست بە بڕی ٢٢ هەزار تۆن دەکات.

 

فلیپین لەم دواییانەدا ڕێککەوتنێکی دوو قۆڵی لەگەڵ چین ئەنجامدا بۆ زیادکردنی هاوکارییە کشتوکاڵی و بازرگانییەکان، بەڵام ڕوون نییە کە ئایا هاوردەکردنی پیاز بەشێک دەبێت لەم هاوکارییە یاخود نا.

 

پیاز یەکێکە لە خواردنە سەرەکییە ناوخۆییەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، زۆرجار لەگەڵ سیردا وەک بنەما بۆ زۆرێک لە خواردنەکان پێکەوە کەڵکی لێوەردەگیرێت.

3.5 ملیۆن كەس لە توركیا بێكارن
پێشت 3.5 ملیۆن كەس لە توركیا بێكارن
لە 10 ڕۆژدا حەوت كورد لەسێدارە دراون
دواتر لە 10 ڕۆژدا حەوت كورد لەسێدارە دراون
پەیوەندیدار