لەبارەی سەردانەكەی سودانی بۆ واشنتن



هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، وادەی سەردانەكەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ واشنتن دیاریی دەكات و دەڵێت، حكومەتی ئەمریكا بەرپرسیارێتی كوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لە ڕووداوەكەی فڕۆكەخانەی بەغدا، دەداتە پاڵ دۆناڵدۆ ترەمپ سەرۆكی پێشووی وڵاتەكە.

جاسم محەمەد جەعفەر، سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاكانی نزیك لە هاوپەیمانییەكەی ڕایگەیاند:”سەردانەكەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران بۆ ئەمریكا و گەیشتنی بە كۆشكی سپی، لەماوەی كەمتر لە ٤٥ ڕۆژدا دەبێت، سودانی لەو سەردانەدا كۆمەڵێك دۆسێ‌ لەگەڵ ئەمریكاییەكان تاوتوێ‌ دەكات، لەنێوانیاندا ڕووداوی كوژرانی سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لە ڕووداوی فڕۆكەخانەی ئەغدا”.

بە وتەی جاسم محەمەد جەعفەر”سەرۆك وەزیران داوا لە حكومەتی ئەمریكایی دەكات، لەبارەی ڕووداوەكەوە ڕوونكردنەوە بدات كە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا لە فڕۆكەخانەی بەغدا ئەنجامدرا و بووە مایەی كوژرانی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس (سەركردەكانی سەركەوتن”.

ئەو سەركردەیەی دەوڵەتی یاسا دەڵێت”حكومەتی ئێستای ئەمریكا، لەگەڵ ئەوەی دژ بە ئاراستەكانی سەرۆكی پێشووە، تەواوی بەرپرسیارێتییەكە دەخاتە ئەستۆی ترەمپ سەبارەت بە جێبەجێكردنی ئۆپەراسیۆنەكە”.

پێشتر محەمەد بەلداوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاندبوو”لە سەردانەكەی محەمەد شیاع سودانی بۆ واشنتن، گفتووگۆ لەسەر چەندان دۆسێی گرنگ دەكرێت، لەپێش هەموویانەوە هەڵگرتنی كۆتوپێوەند لەسەر مامەڵە بازرگانییەكانی عیراق و ڕێكخستنی پەیوەندییە سیاسییەكان لەگەڵ واشنتن و بوونی سەربازی ئەمریكایی لەبارەی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی خولی پێشووی پەرلەمان”.

وەك یەكەم سەردانی فەرمی بۆ واشنتن لە دوای وەرگرتنی پۆستەكەی، وابڕیارە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق، لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا سەردانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بكات.

 

 

لە هەرێم وردەكاری زیادبوونی بەشەخۆراكی هاووڵاتیان ئاشكرادەكرێت
پێت لە هەرێم وردەكاری زیادبوونی بەشەخۆراكی هاووڵاتیان ئاشكرادەكرێت
شارەوانییەكانی سلێمانی؛ ڕێگایەكی سەرەكی بە هۆی بەفرەوە داخرا
دوات شارەوانییەكانی سلێمانی؛ ڕێگایەكی سەرەكی بە هۆی بەفرەوە داخرا
پەیوەندیدار