بەپێی چەند پێوەرێک پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەستپێدەكاتەوە



ماوەی ٧ ساڵە بە “نایاسایی” پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی شارستانی ڕاگیراوە و ڕاوێژكاری ئابووریی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، كە بڕیارە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی چەند پێوەرێك پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەست پێ بكاتەوە، بۆ ئەو مەبەستە و زانینی وردەكارییەكان لەگەڵ ئەنجوومەنی ڕاژەی گشتی كۆدەبنەوە.

دكتۆر ئەرشەد تەها، ڕاوێژكاری ئابووریی پەرلەمانی كوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕایگەیاندووە، ”ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری داوە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەست پێ بكاتەوە، كە بەپێی چەند پێوەرێك دەبێت، بەڵام تا ئێستا باسی وردەكاریی پێوەرەكان نەكراوە و ئێمەش بۆ زانینی وردەكارییەكان و چۆنیەتیی دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران بڕیارە لەگەڵ ئەنجومەنی ڕاژە كۆبینەوە”.

وتیشی، “داواكاریمان پێشكەش كردووە و چاوەڕێ دەكەین ئەنجوومەنی ڕاژە وادەیەك دیاری بكات بۆ ئەوەی پێكەوە كۆبینەوە و باسی وردەكارییەكان بكرێت، كە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەست پێ بكاتەوە”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو پێوەرانەی لە هەندێك میدیا باس دەكرێن ڕاست نین، چونكە ئەنجوومەنی وەزیرانیش باسی وردەكاری و پێوەرەكانی نەكردووە، بۆیە كە كۆبووینەوە ئەوكات وردەكارییەكان و كاتی دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە دیاردەبێت.

ڕاشیگەیاندووە، بڕیارە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوای ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا بودجەی خۆی ئامادە بكات بۆ ئەمساڵ و لەناو بودجە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران جێگیر بكرێت.

لە ساڵی ٢٠١٦ەوە و بە بیانووی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی ڕاژەی شارستانی ڕاگیرا لەكاتێكدا لە یاسای مووچە و یاسای خزمەتی شارستانی ئەو مافە بۆ فەرمانبەران چەسپاوە.

پێشتر، عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران نایاساییە و بە بڕیارێكی حكومەت مافێكی یاسایی فەرمانبەران پەكخراوە و دەبێت ئەو مافەیان بۆ بگەڕێنرێتەوە.

لای خۆشیەوە، كاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاندووە، بەداخەوە بڕیارێك دەركراوە لە ئەنجوومەنی ڕاژە بۆ ئەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران مەرجدار بێت، پێمانوایە كە ئەمە غەدرێكی گەورەیە لە فەرمانبەران دەكرێت و دەستی حزب تێكەڵ بە پلەبەرزكرنەوەی فەرمانبەران دەكرێت.

وتیشی، “لە كاتی ئێستادا حكومەت داهاتی تەواوی لە بەردەستە بۆ پلە بەرزكردنەوەی سەرجەم فەرمانبەران بەبێ مەرج، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦ەوە حكومەت غەدر لە فەرمانبەرانی خۆی دەكات، بۆیە ئێمە وەك پەرلەمانتاران كار دەكەین بۆ ڕاگرتنی ئەم جۆرە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران بە مەرج، بەڵكو دەبێت بەبێ هیچ جۆرە مەرجێك پلەی سەرجەم فەرمانبەران بەرزبكرێتەوە”.

لە بەرامبەریشدا مامۆستایان و فەرمانبەران لەڕێگەی پڕكردنەوەی فۆڕمێكەوە واژۆی ناڕەزایی كۆدەكەنەوە دژی ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوە، كە مافێكی یاساییە و هەروەها دژی بڕیارێكی نوێی حكومەتی هەرێم، كە بە مەرجدار پلەبەرزكردنەوە بكرێتەوە.

مامۆستایان و فەرمانبەران ڕایانگەیاندووە، “بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی یاسایی مووچە و ڕەدكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی نائاسایی و مەرجدار لەم لینكەوە واژۆی خۆتان بكەن”.

لەم لینكەوە فۆڕمەكە پڕبكەرەوە و واژۆی خۆت بكە

قایمقامیەتی هەولێر لەبەر گرتەیەكی ڤیدیۆیی یانەیەكی شەوانەی داخست
پێشت قایمقامیەتی هەولێر لەبەر گرتەیەكی ڤیدیۆیی یانەیەكی شەوانەی داخست
سودانی بڕیاریدا ٤٠ هەزار فەرمانبەری نوێ‌ دابمەزرێنرێن
دواتر سودانی بڕیاریدا ٤٠ هەزار فەرمانبەری نوێ‌ دابمەزرێنرێن
ەیوەندیدار