ئێران: “وەڵامی تیرۆرکردنی ھەنییە دەدەینەوە”



نوێنەری ھەمیشەیی ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەمیر سەعید ئیروانی ڕایگەیاند؛ وڵاتەکەی بە “ڕێگا و کاتی گونجاو”، وڵامی تیرۆرکردنی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس، ئیسماعیل ھەنییە لە تاران دەداتەوە.

 

شەوی ڕابردوو ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر داوای ئێران، دانیشتنێکی نائاسایی لەبارەی تیرۆرکردنی ئیسماعیل ھەنییە ئەنجامدا.

 

ئەمیر سەعید ئیروانی لە میانی دانیشتنەکەدا وتی: “ئیسماعیل ھەنییە لە ئەنجامی چالاکییە تیرۆریستییەکانی ڕژێمی زایۆنی داگیرکاری ئیسرائیل، تیرۆرکرا” و ڕایگەیاند: “ھێرشەکە، بەردەوامی چالاکییە تیرۆریستییەکان و تێکدەرانەکانی ئیسرائیلە لە ناوچەکە”.

 

باسی لەوەش کرد: “ئیسرائیل ئەجندای سیاسی ھەیە و دەیەوێت گومرایی بخاتە سەر یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونی حکوومەتی نوێی ئێران کە گرنگی بە ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە دەدات”.

 

وتیشی: “بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، ئێمە مافی بەرگرییکردن لە خۆمان ھەیە و بە ڕێگا و کاتی گونجاو وەڵامی تیرۆرکردنی ئیسماعیل ھەنییە دەدەینەوە”.

 

ڕوونیشی کردەوە، ئێران بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە وەڵامی ئەو چالاکییە “تاوانکاریی و تیرۆریستییانە” دەداتەوە کە ئیسرائیل ئەنجامیان دەدات.

 

ئیروانی  پایەندبوونی ئێرانی بە بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند؛  ئاشتی لە ناوچەکە، تەنھا لە ڕێگای ڕێزگرتن لە بنەکامانی یاسای نێودەوڵەتی بەدی دێت.

 

نوێنەری ھەمیشەیی ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان،  ئاماژەی بەوەشدا، ئیسرائیل ھەڵوێستێکی “دوژمنکارانەی” بەرامبەر سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە ھەیە و جەختی لەوە کردەوە کە نابێت کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەھەمبەر تاوانە دڕندانەکانی ئیسرائیل، بێ دەنگ بن.

 

لە لایەکی دیکەوە، جێگری نوێنەری ھەمیشەیی فەڵەستین، فیدا عەبدولھادی لە دانیشتنەکەدا، ڕایگەیاند؛ ڕۆژانە، فەڵەستینییەکان تا دێت زیاتر لەسەر دەستی ئیسرائیل بەرەوڕووی ترس، ئازار و زیان دەبنەوە.

 

ئاماژەی بەوەشدا، تاوانی تیرۆرکردنی ئیسماعیل ھەنییە، بە تووندی لەلایەن سەرکردەکانی فەڵەستینەوە سەرکۆنەکراوە، ھەروەھا ماتەمینی گشتی لەوبارەیەوە لە فەڵەستین ڕاگەیەندراوە.

 

باسی لەوەش کرد؛ ئیسرائیل “تیرۆر و توندوئاژۆیی”ی پێ باشترە لە پابەند بوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان، دیپلۆماسی و ڕێزگرتن لە ژیانی مرۆڤ و وتی: “ھیچ ھێڵێکی سوور بۆ ئیسرائیل نییە، ھەروەھا ھیچ یاسا و ڕێسایەک نییە کە پێشێلی نەکات”.

 

جەختیشی لەوە کردەوە: “سەرکردەکانی ئیسرائیل، پێیان وایە لەسەر ئەنجامدانی تاوانەکانیان، سزا نادرێن”.

 

ئیسماعیل هەنییە، کە بەمەبەستی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی نوێی ئێران لە تاران بوو، دوای کۆتاییهاتنی ڕێوڕەسمەکان و گەرانەوەی بۆ شوێنی حەوانەوەی  کە لە باکووری تاران بۆی تەرخانکرابوو، کاتژمێر ٢ی بەیانی رۆژی ٣١ – ٧ – ٢٠٢٤  شوێنی مانەوەی بۆردومانکراو خۆی و پاسەوانێکی کوژران.

“لیستی مووچە وردبینی ناوێت”
پێشت “لیستی مووچە وردبینی ناوێت”
محەمەد زەیف… پیاوە نۆ ڕۆحەکە کێ یە؟
دواتر محەمەد زەیف… پیاوە نۆ ڕۆحەکە کێ یە؟
پەیوەندیدار