کامالا هاریس: لە بەرامبەر ئازاری خەڵكی فەلەستین بێدەنگ نابم



جێگری سەرۆکی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە واشنتۆن ڕایگەیاند، ئەوەی لە کەرتی غەززە ڕوویداوە کارەساتە و دانیشتووانی ئەو ناوچەیە ئازاری زۆریان چەشتووە و دەشڵێت: لە بەرامبەر ئەو ئازارچەشتنەی هاووڵاتییانی سڤیلدا ناتوانێت بێدەنگ بێت.

ڕۆژی 7ی تشرینی یەکەمی 2023، جەنگ ئیسرائیل و کەرتی غەززە بە هێرشی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسرائیل دەستیپێکرد، بە گوێرەی قسەی بەرپرسانی ئیسرائیل، لە هێرشەکەی حەماسدا لانیکەم هەزار و 200 هاووڵاتیی ئیسرائیلی کوژران و 250 کەسی دیکەش بە بارمتە گیران، کە هێشتا 130یان لەلای حەماس ماون.

لە بەرامبەریشدا بە درێژایی جەنگی 10 مانگی ڕابردوو، بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە 39 هەزار و 175 کەس لە غەززە کوژراون و 90 هەزار و 403 کەسی دیکەش بریندار بوون. هەروەها، 10 هەزار کەسیش کەوتوونەتە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکانەوە

کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهو، ڕایگەیاند، “کۆبوونەوەیەکی کراوە و بنیاتنەرم لەگەڵ سەرۆک وەزیران نەتەنیاهوودا هەبوو. پێمگوت کە هەموو کات دڵنیایی دەدات لەوەی ئیسرائیل بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات دژی ئێران و میلیشیاکانی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە، لەوانە حیزبووڵڵا و حەماس.”

وتیشی، “هەر لەو کاتەوەی کچێکی گەنج بووم پارەم کۆدەکردەوە بۆ چاندنی نەمام بۆ ئیسرائیل، تاوەکو ئەو کاتەی لە ئەنجوومەنی پیران بووم و ئێستاش لە کۆشکی سپی، پابەندبوونێکی بەردەوامم بە بوونی دەوڵەتی ئیسرائیل، ئاسایشەکەی و خەڵکەکەیەوە هەبووە. زۆر جار وتوومە و دووبارەی دەکەمەوە، ئیسرائیل مافی بەرگریی لەخۆکردنی هەیە و چۆن ئەو کارە دەکات، گرنگە.”

ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەدا “نیگەرانیی قوڵی جیدیی خۆم سەبارەت بە ئاستی ئازار چەشتنی مرۆیی لە غەززە دەربڕی، لەنێویاندا مردنی ژمارەیەکی زۆر خەڵکی بێتاوان. نیگەرانیی جیدیی خۆمم سەبارەت بەو دۆخە مرۆییە ترسناکەی ئەوێ بە روونی دەربڕی.”

وەکو هاریس وتی، “کارەساتە. لەوانە وێنەی منداڵە مردووەکان و کەسانی بێهیوا و برسی کە بۆ سەلامەتیی خۆیان هەڵدێن و بۆ جاری دووەم، سێیەم یان چوارەم ئاوارە دەبن. لە بەرامبەر ئەم کارەساتانەدا ناتوانین روومان وەرگێڕین. ناتوانین رێگە بە خۆمان بدەین لە ئازارەکان بێهۆش بین، منیش بێدەنگ نابم.”

هاریس دەربارەی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە داوای کرد، رێککەوتن بکرێت، “بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە ئاگربەست بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە. با بارمتەکان بگەڕێنینەوە و هاوکاریی مرۆیی بگەیەنینە خەڵکی فەڵەستین. بێگومان، بەردەوام دەبم لە پابەندبوون بە پاڵپشتیکردن لە رێگەیەک کە ببێتە هۆی چارەسەری دوو دەوڵەت.”

ئەو کۆبوونەوەیەی نێوان کامالا هاریس و بنیامین نەتەنیاهو لەکاتێکدا، هاریس نزیکە لەوەی ببێتە كاندیدی دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا. ئەمە دوای ئەوەی ڕۆژی 21ی ئەم مانگە، جۆ بایدن، سەرۆكی ئێستا و كاندیدی دیموکراتەکان لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کشایەوە و پاڵپشتیی خۆی بۆ هاریس وەکو شوێنگرەوەی خۆی دەربڕی.

داهاتی هەفتەیەكی سلێمانی گەیشتە 16 ملیار دینار
پێشت داهاتی هەفتەیەكی سلێمانی گەیشتە 16 ملیار دینار
بنكەیەكی سەربازی ئەمریكا بۆردومانكرا
دواتر بنكەیەكی سەربازی ئەمریكا بۆردومانكرا
پەیوەندیدار