ئێران هەوڵی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ میسر دەدات



 

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ناسڕ كەنعانی رایگەیاند بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە هەر پێشهاتەیەك دەكەن كە كەشی ئەرێنی بۆ پەیوەندییەكانیان لەگەڵ میسر دەڕەخسێنێت.

ناسڕ كەنعانی، لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە تارانی پایتەخت باسی لە پەیوەندییەكانی نێوان ئێران-میسر كرد و رایگەیاند ئەو گفتوگۆ كورتەی وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە پەراوێزی “دووەمین كۆنفرانسی هەماهەنگی و هاوبەشی بەغدا” كە رۆژی ٢٠ كانوونی یەكەم لە ئوردن بەڕێوەچوو لەگەڵ سەرۆككۆماری میسر، عەبدولفەتاح سیسی ئەنجامیدا بە ئەرێنی بەڕێوەچووە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئاماژەی بەوەش كرد كە رێككەوتوون لەسەر بابەتی بەردەوامیدان بە وتووێژەكان بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتانەی كە هاووڵاتییانی هەردوو وڵات لە خزمەتگوزاری كۆنسوڵخانەكان دووچاری بوونەتەوە.

ناسڕ كەنعانی، باسی لەوەش كرد كە سەرۆكوەزیرانی عێراق، محەمەد سوودانی ئامادەیی خۆی بۆ درووستكردنی پردی دیالۆگ لە نێوان تاران و قاهیرە دەربڕیوە و وتی: “ئێران، بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە هەر جۆر پێشهاتە و هەوڵێك دەكات كە كەشی ئەرێنی بۆ پەیوەندییەكانی میسر-ئێران دەڕەخسێنێت”.

پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی نێوان ئێران و میسر لە ساڵی ١٩٧٩ بەهۆی پێدانی مافی پەنابەرێتی بە شا محەمەد رەزا پەهلەوی و رێككەوتنی ئاشتیی كامپ دێڤید لەگەڵ ئیسرائیل بچڕابوو.

پاڵپشتیكردنی میسر بۆ عێراق لە كاتی جەنگی عێراق-ئێراندا دۆخەكەی ئاڵۆزتر كرد.

هەردوو وڵات ماوەی ٤٠ ساڵە باڵیۆزخانەكانیان لە وڵاتی یەكتر داخستووە و پەیوەندییەكانیان لەسەر ئاستی كاربەڕێكردن ماوەتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوللاهیان لە لێدوانێكیدا لە مانگی تەمووزی ساڵی رابردوو وتی: “بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان تاران و قاهیرە، لەبەرژەوەندی وڵاتانی ناوچەكە و گەلی هەردوو وڵات دایە”.

سوودەكانی خواردنی ماددە ڕیشاڵیيەكان
پێشت سوودەكانی خواردنی ماددە ڕیشاڵیيەكان
ئەمریكا.. لە شەوی سەری ساڵدا 15 كەس كوژران و برینداربوون
دواتر ئەمریكا.. لە شەوی سەری ساڵدا 15 كەس كوژران و برینداربوون
پەیوەندیدار