دارایی هەرێم ڕوونكردنەوەیەك سەبارەت هەژماری من بڵاودەكاتەوە



وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، نزیکەی ٢٥ هەزار فەرمانبەر لە ڕێی پرۆژەی هەژماری منەوە مووچەی مانگی نیسانیان وەرگرتووە و دەشڵێت: ئامانجی پڕۆژەكە ئەوەیە هەژمارێکی بانکی پارێزراو و سەلامەت بۆ فەرمانبەران بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان بە شێوازێکی هاوچەرخ دابین بکات.

وەزارەتی دارایی هەرێم لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، نزیکەی ٢٥ هەزار فەرمانبەری کەرتی گشتی لە پارێزگاری هەولێر مووچەکانیان بەشێوەی دیجیتاڵی و لەڕێگەی ‘هەژماری من’ـەوە وەرگرت، ئەمەش دوای ئەوە هات کەوا لەماوەی ڕابردوودا خۆیان لە پرۆسەی بە بانکیکردن تۆمارکردبوو.

وەزارەت دارایی ڕایدەگەیەنێت، “ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی کەوا ئەم مانگە مووچەکانیان بەشێوەی دیجیتاڵی وەرگرت بەرزتریش دەبێتەوە، بەڕێژەیەک کە ئەم ژمارەیە لە مانگەکانی داهاتوودا دوو هێندە دەکرێت و تەواوی فەرمانبەران دەگرێتەوە”.

ڕوونیشی كردۆتەوە، ئامانج لەم پرۆژەی هەژماری من ئەوەیە کەوا هەژمارێکی بانکی پارێزراو و سەلامەت بۆ فەرمانبەران بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان بە شێوازێکی هاوچەرخ دابین بکات، کە خۆیان خاوەندارییەتی تەواوییان بەسەرییەوە هەبێت. دووپاتی دەکەینەوە هەر فەرمانبەرێک هەژماری بانکی لەهەر بانکێکی ناو پرۆژەی هەژماری من بکاتەوە هیچ کەس و لایەنێک بەحکومەتی هەرێمیشەوە دەسەڵاتی ئەوەی نییە بەهیچ جۆرێک دەستکاری مووچەکانیان بکات. هەربۆیەش ئیدی پێویست ناکات هاووڵاتییانمان لە نۆرەی وەرگرتنی مووچە بوەستن، پارەی نەختینە هەڵبگرن یاخود ڕێگایەکی دوور ببڕن بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان، ئەمەش وادەکات هەم کات و هەم ماندووبونێکی زۆرریان بۆ بگەڕێتەوە و هەم کوردستان ببات بەرەو قۆناغێکی پێشکەوتووی ئابووری.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لەگەڵ فراوانبوونی زیاتری پڕۆژەکە، هاووڵاتییانمان خۆیان دەتوانن ئەزموونی ئەو کارئاسانییە بکەن و متمانەیەکی زیاتریان لایان درووست ببێت، چونکە پرۆژەی هەژماری من دڵنیایی دەدات لەوەی سەرجەم بانکە بەشداربووەکانی پڕۆژەکە لەژێر ڕەزامەندی و ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندی عێراق، باشترین خزمەتگوزاری و بەرهەمە بانکییەکان بە هەرزانترین تێچوو لە سەرتاسەری عێراقدا پێشكەش دەکەن.

جەختیشی كردۆتەوە، سەرەڕای ئەوەی لەم مانگەدا مووچەخۆران توانییان سوودمەند بن لە ڕاکێشانی مووچەکانیان لە ٨٤ ئامێری جیاوازی ڕاکێشانی پارە ATM، ئامانجمان ئەوەیە تا کۆتایی ساڵ ئەم ژمارەیە بگەینین بە نزیکەی ١٠٠٠ ئامێر لە سەرتاسەری کوردستان، تاوەکو هاووڵاتییانمان دەستگەیشتن بە مووچەکانیان ئاسانتر بێت. ئەو کەسانەشی کەوا شارەزاییان لە بەکارهێنانی ئامێرەکان و هەژماری بانکی کەمترە، بەردەوام لەلایەن بریکارەکانمانەوە هاوکاری دەکرێن.

وەزارەتی دارایی هەرێم دەشڵێت: “تا کۆتایی ئەمساڵ و لەڕێگەی هەژماری من، سەرجەم مووچەخۆران کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی یەک ملیۆن مووچەخۆر لە پڕۆژەکەدا تۆمار دەکرێن. هەربۆیەش بەوپەڕی توانامانەوە هەموولایەک هان دەدەین تاوەکو لەم گۆڕانکارییە وەچەرخانەی هەرێمی کوردستان بەشداربن”.

بۆ زانیاری زیاتریش، هاووڵاتییان لەڕێگەی ژمارە ١٩٩١ دەتوانن پرسیارەکانیان ئاڕاستەی سەنتەری خزمەتگوزاریی پڕۆژەکە بکەن.

بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڕیارێک دەدرێت
پێشت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڕیارێک دەدرێت
شوێنگرەوەی عەبدوڵڵاهیان دیاریکرا
دواتر شوێنگرەوەی عەبدوڵڵاهیان دیاریکرا
پەیوەندیدار