هیچ كاندیدێك نەبووە سەرۆكی پەرلەمانی عێراق



دوای كۆتایی هاتن بە دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق، دەستكرا بە جیاكردنەوەی دەنگەكان و هیچ كام لە كاندیدەكان دەنگی زۆرینەی ڕەها (دوو لەسەر سێ‌)ی دەنگەكانی مسۆگەر نەكرد و بەوەش دەنگدان دەچێتە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان دەستی پێكرد، كە چوار كاندید هەبوون بۆ پۆستەكە، كە بریتی بوون لە (سالم عیساوی و تەڵاڵ زوبەیعی و عامر عەبدولجەبار و مەحمود مەشهەدانی)، بەڵام (تەڵاڵ زوبەیعی) كشانەوەی خۆی لە هەڵبژاردن ڕاگەیاند.

كاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، 311 پەرلەمانتار لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان بەشدار بوون و جیاكردنەوەی دەنگەكان دەستی پێكرد و سالم عیساوی لەپێشە.

بەپێی ئەنجامی جیاكردنەوەی دەنگەكان، سالم عیساوی 158 دەنگ و مەحمود مەشهەدانی 137 دەنگ و عامر جەبار 3 دەنگیان بەدەستهێناوە.

غەریب ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ (خەڵك) وتی، “هیچ لە كاندیدەكان نەیانتوانی ببنە براوەی هەڵبژاردنی ئەمڕۆی (٥/١٨) بۆ سەرۆكی پەڕلەمانی عێڕاق، بۆیە قۆناغی دووەمی پێویستە بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەیان، پێدەچێت ئەم شەو دووبارە بكرێتەوە یاخود سبەی”.

بەهۆی ئەوەی لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردندا هیچ كام لە كاندیدەكان دەنگی زۆرینەی رەهایان بەدەستنەهێنا، بۆیە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن لە ماوەی داهاتوودا ئەنجام دەدرێت.

نوگرەت سەلمان، ڕەگوڕیشەی دڵڕەقی
پێشت نوگرەت سەلمان، ڕەگوڕیشەی دڵڕەقی
زیاتر لە هەزار کۆچبەر گەیشتنە بەریتانیا
دواتر زیاتر لە هەزار کۆچبەر گەیشتنە بەریتانیا
پەیوەندیدار