پارێزگاری هەولێر چەند بڕیارێكی دەربارەی بازاڕی قەیسەری دەركرد



پارێزگاری هەولێر لە پێشوازی بەشێک لە دوکاندار و کاسبکارانی بازاڕی قەیسەری، كە لە چەند شەوی ڕابردوودا سووتا و زیانێكی زۆری بە دوكاندارەكان گەیاند، دەڵێت: “لەم نزیکانە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ رای گشتیی ئاشکرا دەکرێت و هۆکاری سەرەکی ئاگرکەوتنەوە ڕادەگەیەندرێت.”

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ چوار شەممە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونی جێگری پارێزگار و قائیمقامی ناوەندی و سەرۆکی شارەوانیی و بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، پێشوازی لە بەشێک لە دوکاندار و کاسبکارانی بازاڕی قەیسەری کرد.

پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، “وەک حکومەت و پارێزگای هەولێر، لە ئێوە زیاتر دڵگران و خەمبارین بەو ڕووداوەی لە بازاڕی قەیسەری هەولێر ڕوویداوە، چونکە هەولێر واتا (قەڵا، منارە و بازاڕی قەیسەری) حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگای هەولێر گرنگییەکی زۆر بەو سێ شوێنە دەدات، چونکە ئەو شوێنانە ناسنامەی شارەکەمانە، هەروەها نەک ئێمە بەتەنها بگرە هەموو خەڵکی شاری هەولێر دڵگران و خەمبارە بە سووتانی ئەو بازاڕە”.

وتیشی: “لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوکە بەردەوامە بۆ دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی، کە ئایە بە هۆی کەمتەرخەمی و پابەند نەبوون بووە بە ڕێنماییەکان، یان دەستێکی خراپکاری لە پشت بووە، لەم نزیکانە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ ڕای گشتیی ئاشکرا دەکرێت و هۆکاری سەرەکی ئاگرکەوتنەوە ڕادەگەیەندرێت”.

ڕاشیگەیاند: “وەکو پارێزگای هەولێر، جگە لە لیژنەی لێکۆڵینەوە، لیژنەیەکی تەکنیکی پێکهێنراوە بۆ خەمڵاندنی نۆژەنکردنەوەی ئەو دوکان و شوێنانەی، کە بە هۆی کەوتنەوەی ئاگرەکەوە زیانیان پێگەیشتووە، لە ئێستاشدا تیمەکانی ژینگە پارێزی دەستیانکردووە بە پاککردنەوە و ڕێکخستنەوەی سەرتاسەری بازاڕەکە و کردنەوەی بە ڕووی دوکانداران و هاووڵاتییان، پێویستە ئێوەش هاوکارمانبن بۆ جێبەجێ نەکردنی ڕێنماییەکان و هەڵگرتنی سەرجەم زێدەڕۆیی و سەرپێچییەکانی نێو بازاڕەکە”.

جەختیشی لەوە کردەوە، کە بۆ لەمەودوا هەڵواسینی پەردە لە دوکانەکان، کە هۆکارێکی سەرەکی ئاگرکەوتنەوە و تەشەنەسەندنی بوو، بە هەموو شێوەیەک قەدەغە دەبێت.

وتیشی، “بەڕیوەبەروەبەرایەتی کارەبامان ڕاسپردوو، ئەو کێشەیە چارەسەربکەن و ئەو دوکانانەی کە زیانیان بەرنەکەوتووە خاوەنەکانیان دەتوانن لە ئەمڕۆوە دوکانەکانیان بیکەنەوە و دەست بە کار و کاسبی خۆیان بکەن، بۆ ئەوانی دیکەش دوای پاککردنەوەی شوێنی ڕووداوەکە لیژنە هونەری پارێزگا، دەست بە خەمڵاندنی چۆنیەتی نۆژەنکردنەوەی دووکانە سووتاوەکان دەکەن”.

ئاشكراشی كردووە، وەک پارێزگای هەولێر و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرچی پێویست بێت بۆ هاوکاری و هەماهەنگی ئەو دوکاندار و کاسبکارانەی، کە بەهۆی سووتانی دوکانەکانیان زەرەمەندبوون درێخی لێناکرێت.

سەبارەت بە پاراستنی ئەمنییەتی بازاڕەکە، پارێزگاری هەولێر بڕیاریدا: “ئەو پاسەوانانەی کە بۆ پاراستنی بازاڕی قەیسەری هەولێر دانرابوون نامێنن و لە شوێنی ئەوان، پاراستن و ئەمنییەتی بازاڕەکە بە ئاسایش و پۆلیس دەسپێردرێت.”

 

سبەینێ‌ دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 4 دەكرێت
پێشت سبەینێ‌ دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 4 دەكرێت
شێرپەنجەی پڕۆستات چۆن تووشی پیاوان ده‌بێت؟
دواتر شێرپەنجەی پڕۆستات چۆن تووشی پیاوان ده‌بێت؟
ەیوەندیدار