وتەبێژی وەزارەتی دارایی: هیچ بیانوویەکمان بۆ بەغدا نەهێشتووەتەوە بۆ نەناردنی مووچە



وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریى هەرێم ڕایگەیاند، هەموو داواکارییەکانی بەغدامان بۆ ناردنی پارەی مووچە جێبەجێکردووە وچاوەڕێین بەغدا پارەمان بۆ بنێرێت.

هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبارەى ناردنى مووچەى مانگى چوارى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتى، هەفتەی ڕابردوو لیستی مووچەمان ڕەوانەی بەغدا، ئەوەی لەسەر وەزارەتی دارایی بووە جێبەجێی کردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەنجوومەنى وەزیران بڕیاریداوە داهاتە فیدراڵییەکان بخرێنەسەر هەژمارى وەزارەتى دارایى فیدڕاڵى، ئەو بابەتە یەکلایى کراوەتەوە و بڕیاریدراوە بە زووترین کات ئەو داهاتانە بنێردرێن.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆئەوەی حکومەتى فیدراڵى عێراق هیچ بیانوویەکى نەمێنێت بۆ ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان، نەبەسترێتەوە بەهیچ بابەتێکى دیکەوە.

لەبارەی “هەژماری من”ەوە وتی، سیستمێکی پێشکەوتووی بانکییە و تا ئێستا بەردەوامە لە کارەکانی، دەبێت دادگای فیدڕاڵی ڕوونکردنەوە یاخود ڕاستکردنەوەیەک بدات لەسەر بابەتی بانکەکانی ناو “هەژماری من” و بانکە فیدڕاڵییەکانی عێراق.

لەبارەى ناردنى لیستى مووچە بە پلەبەرزکردنەوەوە ڕایگەیاند، ناتوانین بڵێین کەى کۆتایى بە لیستەکان دەهێنرێت، بەڵام بەردەوام لەسەرخەتن و هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکان بەردەوام لەکاردان تاوەکو لیستى مووچە بە پلەبەرزکردنەوەوە ئامادەبکەن، هەرکات تەواوبوو ئەوا دەینێرن.

سودانی داوای دابینکردنی پێداویستی خوێندنگە عەرەبییەکانی هەرێم دەکات
پێشت سودانی داوای دابینکردنی پێداویستی خوێندنگە عەرەبییەکانی هەرێم دەکات
نرخی دۆلار بەرزبووەوە
دواتر نرخی دۆلار بەرزبووەوە
ەیوەندیدار