پلاسخارت لە دۆسیەی “گەندەڵی ناو كارمەندەكانی” ڕزگاری دەبێت



جێنین ھێنیس پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق خەریکە عێراق بەجێدەهێڵێت، لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی و گەشتەکەی کە پێنج ساڵی خایاند، لەو ماوەیەدا مشتومڕ و توڕەیییەکی زۆری لای هاووڵاتیانی عێراقی وروژاند بەتایبەت لە ماوەی خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەردا، قەناعەتێکی تەواو هەبوو کە وێنەی دەسەڵات و حکومەت لە بەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا “دەدرەوشاندەوە” و دۆستی کەسایەتییە سیاسییەکان بوو، لە بەرەوی خەڵکدا نەبوو، هەرچەندە بڕیار بوو ئەمە ئەرکی سەرەکی بێت، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان ده‌ڵێت: “ڕۆیشتنی پلاسخارت لەگەڵ ئەو بنه‌مایانه‌ یەکدەگرێتەوە کە لەناو دامه‌زراوه‌كه‌ پەیڕەو دەکرێن، نه‌ك شتێكی دیكه‌”.

پلاسخارت لە کۆتایی مانگی (ئاب/8)ی 2018دا بۆ سەرۆکایەتی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق دەستنیشانکرا، لە مانگی (شوبات/2)ی ڕابردوودا لە میانی وتارێكدا، کە پێشکەشی نەتەوە یەکگرتوەکان کردبوو، ڕایگەیاندبوو، پۆستەکەی لە کۆتایی مانگی (ئایار5)ی 2024 كۆتایی دێت.

جێنین ھێنیس پلاسخارت لەوکاتەدا وتی، “لە مانگی کانونی دووەمی 2018 گەیشتمە بەغدا، ئێستاش دوای پێنج ساڵ کاتی ماڵئاواییم نزیکە و پێشبینی دەکەم لە کۆتایی مانگی ئایاردا پۆستەکەم بەجێبهێڵم، کارێکی ئاسان نییە و بە باش یان خراپ، عێراق بە سادەیی بوەتە بەشێک لە من”.

ڕاگەیاندنی جێهێشتنی ئەرکەکانی پلاسخارت لە عێراق تەنها چەند ڕۆژێک دوای ئاشکرابونی “فەزیحە”ی لێکۆڵینەوەی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی هات، کە باسی له‌وه‌كردبوو، کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بەرتیلیان لە بازرگانان و وەبەرهێنەران وەرگرتوە لە بەرامبەر پێدانی گرێبەستی ئاوەدانکردنەوە و هاوکاریکردنیان.

ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، “بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان تیمێکی ڕەوانەی عێراق کردوە بۆ هەڵسەنگاندنی تۆمەتەکانی گەندەڵی لە پرۆگرامی بیناسازی کە بڕی 1.5 ملیار دۆلار (1.2 ملیار پاوەند)ە، دوای لێکۆڵینەوەیەک کە ڕۆژنامەی گاردیانی بریتانی ئەنجامداوە”.

بەڵام دواتر نەتەوە یەکگرتوەکان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕەتیکردەوە ڕۆیشتنی پلاسخارت پەیوەندی بە فەزیحەی کارمەندەکانییەوە هەبێت و ئاماژەی بەوەدا، کە “ڕۆیشتنی پلاسخارت لەگەڵ ئەو بنه‌مایانه‌ یەکدەگرێتەوە، کە لەناو نەتەوە یەکگرتووەکاندا پەیڕەو دەکرێن، لەوانەش گۆڕانكاری ئاسایی بەرپرسانی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان”.

لای خۆیەوە، مه‌شعان جبوری، سیاسەتمەدار و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق داوای لێکۆڵینەوە لە پلاسخارت دەکات بە گومانی “گەندەڵی و بەرتیل”، هاوکات بە “شایەتحاڵی درۆ” وەسفی دەکات.

جبوری لە تویتێکدا ڕایگەیاندوه‌، “لە کۆتایی کارەکانی پلاسخارت، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین لێکۆڵینەوەیەک لە تۆمەتەکانی گەندەڵی و قازانجکردن بکاتەوە”.

سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی ئەدای پلاسخارت، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی خوولی پێشوو ده‌ڵێت، “خراپ بوو، ڕۆڵی شایەتحاڵێکی درۆینەی بینی، کە ڕاستییەکانی شێواند، بابەتی نەبوو، هەمیشەش لەسەر حیسابی گەلی عێراق لایەنگری دەسەڵات بوو”.

 

بڕیاری نوێ‌ بۆ بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان درا
پێشت بڕیاری نوێ‌ بۆ بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان درا
زانكۆی سلێمانی بڕیارێكی بۆ وێنەگرتنی دەرچوونی خوێندكاران دەركرد
دواتر زانكۆی سلێمانی بڕیارێكی بۆ وێنەگرتنی دەرچوونی خوێندكاران دەركرد
ەیوەندیدار