تەیف سامی بڕیاری بۆ تەوتینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دا



وەزیری دارایی عێراق بڕیاریدا بە تەوتینی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم و جەختی كردۆتەوە، پڕۆسەكە دوای دابەشكردنی وەزارەتەكان بەسەر بانكەكاندا (ڕەشید و ڕافیدەین) دەستپێدەكات.

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بانکی ڕەشید و ڕافیدەین ئامادەیی تەواویان دەربڕی بۆ کردنەوەی هەژمار بۆ فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم، پڕۆسەکەش دوای دابەشکردنی وەزارەتەکان بەسەر هەردوو بانکەکەدا دەست پێ دەکات.

بەپێی نووسراوێكی بانكی ڕەشید، كە واژۆی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقی لەسەرە و وەڵامی پەرلەمانتار سۆران عومەری داوەتەوە، هاتووە، “دەست بە پڕۆسەی تەوتین دەكرێت دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی هەستا بە دابەشكردنی وەزارەتەكان بەسەر بانكی ڕەشید و ڕافیدەین و دوای ئەوەش تەوتینی مووچە دەستپێدەكەن.

هەر لە نووسراوەكەدا هاتووە، “ڕێكارەكانی پڕۆسەی دەركردنی كارتەكە و ماوەی پێویست، پەیوەستە بە ژمارەی بەشداربووانەوە، كە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە دەدرێت بە بانكەكان”.

ئاشكراشی كردووە، هەژمارەكان بۆ مووچەخۆران دەكرێنەوە بە پڕكردنەوەی فۆڕمی (خۆت بناسێنە) لەلایەن فەرمانبەران و خانەنشینان و كارمەندانەوە لە هەرێمی كوردستان و فەرمانگەكان بەرپرسن لە ڕاستی و دروستی زانیارییەكان و پشت دەبەسترێت بە هەمان ڕێكاری تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی حكومەتی فیدڕاڵی”.

بۆ بەدواداچوونی تەوتینی مووچە (خەڵك) پەیوەندی كرد بە شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پشكی پارتی و ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق و شەریف سلێمان و ڤیان دەخیل پەرلەمانتارانی پارتی، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكانیان نەدایەوە.

هاوكات (خەڵك) پەیوەندی كرد بە فارس عیسا، نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەغدا، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكەی نەدایەوە.

شەوی ڕابردوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوان كەسێكی لەسنووری سلێمانی كوشت
پێت شەوی ڕابردوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوان كەسێكی لەسنووری سلێمانی كوشت
وەزیری دەرەوەی ئێران: ئەمریکامان ئاگادار کردەوە کە هێرشەکانمان سنووردار دەبن
دوات وەزیری دەرەوەی ئێران: ئەمریکامان ئاگادار کردەوە کە هێرشەکانمان سنووردار دەبن
پەیوەندیدار