ڕەوشی پەنابەران دوای بڕیاری ناردنیان بۆ ڕواندا بە کوێ دەگات؟



شەڕ، برسێتی، نا سەقامگیری سیاسی و ئابووری سەدان هەزار کەسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناچار بە کۆچیی نایاسایی کردووە.

داواکردنی مافی پەنابەری لە وڵاتی بەریتانیا بە ڕێژەیەکی بەرچاوی زیادیکردووە، کە بەشێکی زۆریان لە وڵاتانی (ئێران، ئەفغانستان، سووریا و عێراق) بووە، ئەو وڵاتانەی کە نا سەقامگیری سیاسی و ئابووری تێیدا تەشەنەی سەندووە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی بەریتانیا، تا مانگی حوزەیرانی 2023 زیاتر لە 672 هەزار کەس کۆچییان بۆ وڵاتەکە کردووە، بۆ ڕێگریکردن لە هەڵکشانی ژمارەی پەنابەران، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا بڕیاری ناردنی پەنابەرانی بۆ ڕواندا پەسەندکرد.

بەپێی بڕیارەکە هەر کەسێک لە دوای 1ی کانوونی دووەمی ساڵی 2022 بە شێوەیەکی نایاسایی گەیشتبێتە بەریتانیا و کەیسەکانیان نەچووبێتە دادگا بۆ وڵاتی ڕواندا دووردەخرێنەوە، ئامارە فەرمییەکان دەریدەخەن لەو بەروارەوە تا ئێستا زیاتر لە 50 هەزار کەس گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە.

جەبار شێخانی، شارەزا لە بواری پەنابەر و کۆچبەر وەڵامی پرسیارەکانی تۆڕی میدیایی خەڵک دەداتەوە، لەبارەی ڕەوشی پەنابەرانی بەریتانیا لە دوای دەرچوونی بڕیاری (دوورخستنەوەی پەنابەران بۆ ڕواندا).

 

خەڵک: ئێستا ڕەوشی پەنابەران چۆنە؟

جەبار شێخانی: ئێستا پەنابەران دەکرێن بە دوو بەشەوە، ئەو پەنابەرانەی مافی مانەوەیان پێدراوە لە بەریتانیا هیچ کێشەیەکیان نییە، ئەو پەنابەرانەی کەیسەکانیان لە دادگای بەریتانیا یەکلا نەبووەتەوە ئەوانیش کێشەیان نییە، بەڵام ئەوانەی لە دوای بەرواری 2022/1/1 گەیشتوونەتە بەریتانیا، کەیسی پەنابەرییان نەچووەتە دادگا دووچاری دۆخێکی نا هەموار و شڵەژان بوون، بەشێکی زۆریان خۆیان شاردووەتەوە.

بەریتانیا لەبەرئەوەی بە لانکەی سیستمی دیموکراسی دادەنرێت، بە شێوازێکی زۆر باش یاساکانی دیموکراسی تێیدا جێبەجێدەکرێن، بۆیە بەشی زۆری پەنابەران پەنای بۆ دەبەن.

 

خەڵک: ڕێژەی پەنابەران لە وڵاتی بەریتانیا لە چ ئاستێکدایە؟ لەنێوان ئێستا و ڕابردوودا جیاوازی چییە؟

جەبار شێخانی: ڕەوشی پەنابەران لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا بە تەواوی گۆڕاوە، حکومەتی بەریتانیا بڕیارێکی دەرکرد کە پێویستە کەیسی پەنابەران یەکلایی ببێتەوە و لەو ماوەیەشدا کەیسی زیاتر لە 20 هەزار پەنابەر یەکلایی بووەوە و مافی پەنابەرییان پێدرا.

وێڕای دەرچوونی بڕیاری ناردنی پەنابەران بۆ ڕواندا ڕێژەی پەنابەران هێشتا لە هەڵکشاندایە، بەپێی زنیارییەکانی میدیاکانی بەریتانیا لە ماوەی دوو ڕۆژدا زیاتر لە 250 پەنابەر بە نایاسایی هاتوونەتە وڵاتەکەوە، کە زۆربەیان لە وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دێن کە ڕەوشی ئەمنی تێیدا ناجێگیرە.

 

خەڵک: بڕیاری ناردنی پەنابەران بۆ ڕواندا جێبەجێدەکرێت؟ کێ دەگرێتەوە؟ کۆچبەران چ ڕێگایەکی دیکە دەگرنەبەر؟

جەبار شێخانی: سەرجەم ناوەندەکانی بڕیاردان ڕەزامەندی بڕیارەکە بوون و تەنانەت پاشا چارلز واژۆی لەسەر کردووە، بەڵام جێبەجێکردنەکەی لە ڕۆژانی ئایندە زیاتر دەردەکەوێت، چونکە پێشتریش بەهۆی ڕێگرییە یاساییەکانی یەکێتی ئەوروپا نەتوانرا جێبەجێبکرێت.

ناردنی کۆچبەران بۆ ڕواندا پێشێلکردنی بڕگەی 3ی یاسای مافی مرۆڤی ئەوروپییە، کە ئاماژە بەوەدەکات، نابێت هیچ کەسێک ئەشکەنجە بدرێت ‌و ڕووبەڕووی مامەڵەی نامرۆڤانە ببێتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە میدیاکانی بەریتانیا بڵاویانکردووەتەوە، لە دوای دەرچوونی بڕیارەکەوە ڕێڕەوی کۆچبەران گۆڕاوە کە دێنە بەریتانیا لە ڕێگەی “بێڵ فاست” و هاوسنوورە لەگەڵ ئیرلەندا، لە بەرامبەردا وڵاتەکە ناڕەزایەتی دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە، “%80 پەنابەرانی ئیرلەندا لە بەریتانیاوە هاتوون، پێویستە ڕێگری لێبکرێت”.

 

خەڵک: بڕیارەکە کاریگەری کردووەتە سەر شڵەژانی دەروونی پەنابەران؟

جەبار شێخانی: چالاکوانانی بواری پەنابەران و کۆچبەری بوونەتە هۆکاری سەرەکی شڵەژانی دەروونی پەنابەران، پێویستە خەڵک زانیاری لە ڕاوێژکارییە یاساییەکان وەربگرن، نەک ئەو کەسانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بابەت بڵاودەکەنەوە و دۆخێکی نا هەمواریان دروستکردووە.

داواکارم لەو کەسانەی کە بە هەر هۆکارێک بێت وڵاتی خۆیان بەجێدەهێڵن و پەنادەبەنە بەر کۆچبەری، لە هەر شوێنێک زانیان ژیانیان سەلامتە خۆیان بەن بەدەستەوە، مەرج نییە تەنها بێنە وڵاتی بەریتانیا و ئەڵمانیا.

ئەمەش لە کاتێکدایە به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى حکومەتی بەریتانیا بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌و وڵاته‌ پلانی ناردنی پەنابەرانی نایاسایی بۆ وڵاتی ڕواندای ئەفریقا ده‌ستپێده‌كات‌ و بەگوێرەی پلانەکەش، پێشبینیدەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ، پێنج هەزارو 700 پەنابەر ڕەوانەی ڕواندا بکرێن.

پلانی ڕوواندا کە لەنیسانی 2022 هاتە ئاراوە، لەلایەن وەزارەتی ناوخۆى بەریتانیا کاری لەسەرکراوە، ڕێککەوتنێک بوو لەگەڵ حکومەتی ڕواندا، بەگوێرەی ڕێکەوتنەکەش، لەبەرامبەر وەرگرتنی ملیۆنان پاوەندی بەریتانی، ڕواندا ئامادەیی خۆی نیشانداوه‌ لە وەرگرتنی کۆچبەران‌ و په‌نابه‌رانى نایاسایی.

لە حوزەیرانی ئه‌مساڵیشدا، دادگای تێهەڵچوونەوەی بەریتانیا بە زۆرینەی دەنگ ڕەوانەکردنی کۆچبەران‌ و په‌نابه‌رانى نایاسایی لە بەریتانیاوە بۆ ڕواندا بە نایاسایی ناساند و ڕایگەیاند، ڕواندا وەکو وڵاتی سێیەم بۆ کۆچبەران سەلامەت نییە.

ئامانج ڕەحیم: لە چەند ڕۆژى داهاتوودا ئەنجامی کۆبوونەوەکانمان لە بەغدا دەردەکەوێت
پێشت ئامانج ڕەحیم: لە چەند ڕۆژى داهاتوودا ئەنجامی کۆبوونەوەکانمان لە بەغدا دەردەکەوێت
لێزمە باران و هەورە تریشقە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
دواتر لێزمە باران و هەورە تریشقە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
ەیوەندیدار