مام جەلال، ئەو سەركردە كوردەی بۆ یەكەمجار بووە سەرۆك كۆماری عێراق



ئەمڕۆ 6ی نیسان، ماوەی 19 ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی مام جەلال بە سەرۆك كۆماری عێراق تێدەپەڕێت، هاوكات لە ساڵی 2010شدا بۆ جاری دووەم ئەو پۆستەی وەرگرتەوە.

لە ساڵی 2003 دوای ئەوەی ئەمریكا و هاوپەیمانانی توانیان كۆتایی بە دەسەڵاتی رژێمی بەعس بهێنن لەعیراق، ئەنجوومەنێكی كاتی پێكهێنرا بۆ بەڕ‌ێوەبەردنی عیراق، ئەو ئەنجوومەنە بۆ ماوەی نزیكەی دوو ساڵ كارەكانی بەردەوامبوو تا لەساڵی 2005دا ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق پێكهێنراو لە ڕۆژی 6-4-2005 مام جەلال وەك سەرۆك كۆماری عیراق هەڵبژێردرا و ئەوە بۆ یەكەمجاربوو لە مێژووی عیراقدا كوردێك ببێت بە سەرۆك كۆمار ئەمەش دەستكەوتێكی گەورە بوو بۆ گەلی كورد.

مام جەلال لە 6ی نیسانی 2005 واتە 19 ساڵ لەمەوبەر دوای هەڵبژاردنی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە وەك یەكەم كورد لە مێژووی عێراقی نوێدا پۆستی سەرۆك كۆماری عیراقی پێدرا و لە 11-11-2010 بەزۆرینەی دەنگ جارێكی دیكە بۆ سەرۆك كۆمار بۆ خولی دووەم هەڵبژێردرایەوە.

مام جەلال بووە یەكەم سیاسی كورد لەمێژووی عیراقدا، كە دوای ساڵانێكی زۆر لە پێشمەرگایەتی پۆستی سەرۆكی عێراقی وەرگرت و یەكەم سەرۆك كۆماری هەڵبژێردراوە بەپێی سیستمی پەرلەمانی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و كۆتایی هاتن بە دەسەڵاتی سەدام حسێن.

جەلال تاڵەبانی، كوڕی حسامەدین كوڕی نورەڵڵای تاڵەبانی رێكەوتنی 12ی تشرینی دووەمی ساڵی 1933 لەگوندی كلكانی بناری چیای كۆسرەت لەدایك بووە و سەرەتای منداڵی هەر لەو گوندە دەبێت، پاشان باوكی دەبێتە رێبەری تەكیەی تاڵەبانی لەكۆیە لەماڵەوە دەچنە ئەوێ و خوێندنی سەرەتای لەو شارە تەواو دەكات، قۆناغی ئامادەی لەكەركوك و هەولێر تەواو دەكات.

مام جەلال لەتەمەنی لاوێتیدا تێكەڵی كاری سیاسی دەبێت، لەمانگی شوباتی ساڵی 1953 سەرپەرشتی سازدانی یەكەمین كۆنگرەی یەكێتی قوتابیان دەبێت و هەر لەو كۆنگرەیەدا بەسكرتێری گشتی ئەو رێكخراوە هەڵدەبژێردرێت و هەر لەهەمان ساڵدا دەبێتە یەكێك لەدامەزرێنەرانی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان و ساڵانی 1953 بۆ 1955 دەبێتە سكرتێری لاوانی دیموكرات، ساڵی 1959 كۆلێژی یاسا لەبەغدا تەواو دەكات.

مام جەلال لە18ی كانوونی یەكەمی ساڵی 2012 لەبەغدا دۆخی تەندروستی ناجێگیربوو، لەدوای ئەو نەخۆشكەوتنەی مام جەلال عیراق و گەلەكەی ڕووبەڕوی كێشەی گەورە بوونەوە، جگە لەشەڕی تائیفی نێوان شیعە و سونە، تەنانەت پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و عیراق بەتەواوی تێكچوو، تاكو دواتر لە 3-10-2017 مام جەلال لەنەخۆشخانەیەكی شاری بەرلینی ئەڵمانیا كۆچی دوایی كرد و تەرمەكەی هێنرایەوە هەرێمی كوردستان و لە دەباشان لە نزیك ماڵی خۆی لە شاری سلێمانی بەخاك سپێردرا.

کەی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانە؟
پێت کەی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانە؟
شەپۆلێكی باران بارین هەرێم دەگرێتەوە پلەی گەرما نزم دەبێتەوە
دوات شەپۆلێكی باران بارین هەرێم دەگرێتەوە پلەی گەرما نزم دەبێتەوە
پەیوەندیدار