مەسرور بارزانی: هێشتا مەترسی و هەڕەشە لەسەر خەڵکی کوردستان، ماف و دەستکەوتەکانی هەیە



سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگه‌یاند، هێشتا مەترسی و هەڕەشە لەسەر خەڵکی کوردستان، ماف و دەستکەوتەکانی هەیە، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی هەڵوێستی جددی لە پاراستنی خەڵکی کوردستان و داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانیدا هەبێت، دڵنیایی بدات کە خەڵکی کوردستان پارێزراو دەبێت و جارێکی دیکە ڕووبەڕووی شاڵاوەکانی جینۆساید و پێشێلکردنی مافەکانی نابێتەوە.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌ په‌یامێكدا له‌ ساڵیادی دەرچوونی بڕیاری 688ی ئەنجومەنی ئاسایش، ڕایگه‌یاند، 33 ساڵ بەسەر دەرچوونی بڕیاری 688ی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان تێدەپەڕێت کە لە 5ی 4ی 1991 لە ئەنجامی هێرش و پەلاماری دڕندانەی ڕژێمی پێشوی عێراق بۆ سەر کۆڕەوی ملیۆنی خەڵکی کوردستان بەرەو سنوورەکان هاتە ئاراوە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد‌، ئه‌و بڕیاره‌ گرنگ و مێژووییەی ئەنجومەنی ئاسایش، بووە بنەمایەک بۆ دانانی ناوچەی دژە فڕین و لە ئەنجامدا سنوورێکی بۆ هێرش و زوڵم و ستەمکارییەکانی ڕژێمی بەعس دانا و کوردستانی لە جینۆسایدێکی دیکە پاراست و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هانای گەلی کوردستانەوە هات و دواتریش هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجام درا و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهات.

مەسرور بارزانی باسی لەوەشکردووە، بڕیاری 688 وەرچەرخانێکی مێژووییە لە خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان لە پێناو مافە ڕەواکانیدا، لەم یادەدا، ڕێز و پێزانینێکی زۆرمان بۆ هاوکاری و پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا هەیە، بەتایبەتی پشتیوانی و پشتگیریی خوالێخۆشبوان سەرۆکی پێشوتری فەرەنسا فرانسۆ میتران و هاوژینەکەی دۆستی دڵسۆزی گەلی کورد خاتو دانیێل میتران هەرگیز لە یاد ناکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، پشتگیری سەرۆکی ئەمەریکا جۆرج بوش و هەروەها بەرێزان جۆن مەیجەر سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی بەریتانیا و جەیمس بەیکەر وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمریکا مایەی ڕێز و پێزانینی خەڵکی کوردستانە، لە هەمانکاتدا سوپاسی هاوکاری و یارمەتییەکانی هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیاش دەکەین کە سنوورەکانیان بەوڕوی سەدان هەزار پەنابەری هەرێمی کوردستان کردەوە.

وتیشی، هێشتا مەترسی و هەڕەشە لە سەر خەڵکی کوردستان، ماف و دەستکەوتەکانی هەیە، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی، هەڵوێستی جددی لە پاراستنی خەڵکی کوردستان و داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانیدا هەبێت و دڵنیایی بدات کە خەڵکی کوردستان پارێزراو دەبێت، جارێکی دیکە ڕووبەڕووی شاڵاوەکانی جینۆساید و پێشێلکردنی مافەکانی نابێتەوە.

ڕاگەیەندراوی حکومەتی هەرێم لەبارەی دابەشکردنی مووچە بە “هەژماری من”
پێشت ڕاگەیەندراوی حکومەتی هەرێم لەبارەی دابەشکردنی مووچە بە “هەژماری من”
کەشناسی: پلەکانی گەرما نزمدەبنەوە
دواتر کەشناسی: پلەکانی گەرما نزمدەبنەوە
ەیوەندیدار