ڕاگەیەندراوی حکومەتی هەرێم لەبارەی دابەشکردنی مووچە بە “هەژماری من”



فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024، نزیکەی 1000 ئامێری پارەدەر ATM لە سەرجەم پارێزگا، قەزا و ناحیەکانی کوردستان جێگیر دەکرێن”.

لە ڕاگەیەندراوی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، پڕۆسەی تۆمارکردنی مووچەخۆر و فەرمانبەران لە “هەژماری من” کە سیستمێکی پارەدانی دیجیتاڵییە، بەردەوامیی هەیە و تۆمارکردنی فەرمانبەران گەیشتووەتە 260 هەزار کەس و 153 هەزار کارت دراوەتەوە تۆمارکراوان.

ئاماژە بەوەشکراوە، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024، نزیکەی 1000 ئامێری پارەدەر ATM لە سەرجەم پارێزگا، قەزا و ناحیەکانی کوردستان جێگیر دەکرێن، بۆ ئەوەی مووچەخۆران بە ئاسانترین شێوە دەستیان بە مووچەکانیان بگات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، ژمارەی بانکە بەشداربووەکانی پڕۆژەکە بەردەوام لە زیادبووندان کە تا ئێستا بریتین لە (BBAC – NBI – RT – Cihan – IIB) و سەرجەمیان لەلایەن بانکی ناوەندییەوە دان پێدانراون و بەشداریکردنیان پەسەند کراوە.

باس لەوەشکراوە، ماوەی ساڵێکە وەک دەستپێکی تاقیکاری (ئەزموونی)، فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی لەدایکبوونی هەولێر مووچەکانیان لەڕێگەی “هەژماری من”ەوە وەرگرتووە، لە کۆتایی ساڵی ڕابردووش، هەریەک لە کۆلێژەکانی ئاداب، کشتوکاڵ و زانست لە زانکۆی سەڵاحەدین، مووچەکانیان لە ڕێگەی “هەژماری من”ەوە وەرگرتووە.

فەرمانگەی میدیا  و زانیاری لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا باسی لە بەشێک لە خزمەتگوزارییەکانی پڕۆژەکە کردووە کە بریتین لە:

١- دەستڕاگەیشتن بە سەدان ئامێری پارەدەر ATM و ڕاکێشانی سەرجەم پارەکانی بەکارهێنەر بە یەکجار و بە خۆڕایی، ئامێرەکان بە شێوەی ٢٤ کاتژمێری بەردەستن بۆ بەکارهێنان و فەرمانبەر هەرکاتێک بیەوێت بە ئارەزووی خۆی دەتوانێت پارەکەی ڕابکێشێت.

٢- دەستڕاگەیشتن بە قەرز/پێشینەی جۆراوجۆری بانک.

٣- بەکارهێنانی کارتی بانکی بۆ کڕینی ئۆنڵاین و ئامێرەکانی کارتخوێن ناسراو بە PoS.

٤- گواستنەوەی پارە بە شێوەیەکی پارێزراو و سەلامەت بۆ ناوەوە و دەرەوەی وڵات.

٥- دەستڕاگەیشتن بە ئەپلیکەیشنی مۆبایلی بانک بۆ ئەوەی بەردەوام ئاگاداری جوڵەی نێو هەژمارەکەت بیت و بەدەستگەیشتنی ئاگانامەی مۆبایل لە کاتی هاتنی مووچەدا.

“سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی مووچە دەکرێت”
پێشت “سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی مووچە دەکرێت”
مەسرور بارزانی: هێشتا مەترسی و هەڕەشە لەسەر خەڵکی کوردستان، ماف و دەستکەوتەکانی هەیە
دواتر مەسرور بارزانی: هێشتا مەترسی و هەڕەشە لەسەر خەڵکی کوردستان، ماف و دەستکەوتەکانی هەیە
ەیوەندیدار