ئۆکراین لە شەوێکدا 26 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسیای خستەخوارەوە



بەرپرسێکی باڵای سوپای ئۆکراین ڕایگەیاند، شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە، هێزەکانی ئۆکراین 26 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان خستۆتە خوارەوە کە لەلایەن ڕووسیا بەرەو ڕۆژهەڵات و باشووری ئەو وڵاتە هەڵدرابوون.

 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 28-3-2024، میکۆلا ئۆلیچچوک، فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئۆکراین لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام بڵاویکردەوە: “دوژمن 28 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری 136/131ی لە شەودا لە ناوچەکانی کورسک و کیپ چودا لە نیمچە دوورگەی کریمای ڕووسیاوە هەڵدا، کە مۆسکۆ لە ساڵی 2014دا دەستی بەسەردا گرت.

 

ڕوونیشی کردەوە؛ 26 لەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە لە ناوچەکانی ئۆدێسا (باشوور)، خارکیڤ (ڕۆژهەڵات)، دنیپرۆپێترۆڤسک (ڕۆژهەڵات) و زاپۆریژیا (باشوور) “لەناوچوون”، بەبێ ئەوەی هیچ بریندار و زیانێک لە هیزەکانیان بکەوێتەوە.

 

ئەو بەرپرسەباڵایەی سوپای ئۆکراین، ئەوەشی باسکردووە، کە مۆسکۆ لە شەودا سێ مووشەکی کروز کەی ئێچ 22 و مووشەکێکی دژە ڕادار کەی 31 بی و هەروەها مووشەکێکی ئێس 300ی ڕووکار بۆ ئاسمانی بەرەو ئۆکراین هەڵداوە، بەڵام وردەکاری زیاتری لەم بارەیەوە ئاشکرا نەکردووە.

 

ڕۆژی چوارشەممە 27-3-2024، بۆردومانەکانی ڕووسیا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی ئۆکراین لە نێویاندا خارکیڤ، لانیکەم کوژرانی 4کەس و برینداربوونی 28 کەسی لێکەوتەوە، ئەمەش وایکرد کیێڤ داوای بەدەستهێنانی سیستمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت زیاتر بکات لە هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی.

 

سەرۆکی ئۆکراین، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، جارێکی دیکە داوای لە هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی کرد کە “پەلە بکەن لە گەیاندنی” فڕۆکەی جەنگی ئێف 16 بۆ وڵاتەکەی، جگە لە سیستمی پاتریۆت.

ڤیدیۆ؛ دژ بە دیپۆرتکردنەوەی چالاکوانێکی کورد، لە پاریس رووبەڕووبوونەوە ڕوویدا
پێت ڤیدیۆ؛ دژ بە دیپۆرتکردنەوەی چالاکوانێکی کورد، لە پاریس رووبەڕووبوونەوە ڕوویدا
وادەی پێشکەشکردنی ناوی کاندیدەکان درێژکرایەوە
دوات وادەی پێشکەشکردنی ناوی کاندیدەکان درێژکرایەوە
پەیوەندیدار