دارا سێکانیانی: هەرێمی کوردستان کەمتەرخەمە لە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی



نزیک دەبینەوە لە تێپەڕبوونی سێ مانگ بەسەر بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵیی عێراق، بەڵام تا ئێستا ڕێکارەکانی بە بانکیکردنی مووچە و ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆی هەرێم نەگەیشتووەتە ئەنجام، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، “حکومەتی هەرێم کات دەکوژێت”.

مانگانە حکومەتی عێراق لە ١٨ بۆ ٢٥ی مانگ مووچەی سەرجەم وەزارەتەکان لە پارێزگاکانی عێراق دابەشدەکات، بە پشتبەستن بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی چاوەڕوان دەکرا لە هەمان کاتدا پارەی مووچە بۆ هەرێم بنێرێت، بەڵام کاتی ناردنی پارەی مووچەی مانگی نیسان دیار نییە.

دارا سێکانیانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی دواکەوتنی مووچەوە بۆ تۆڕی میدیایی خەڵک ڕایگەیاند، دواکەوتنی ناردنی لیستی مووچە لە هەرێمەوە بۆ بەغدا یەکێکە لە هۆکارەکان، هاوکات وەزارەتی دارایی عێراق دوای وردبینی و بەدواداچوون تێبینیان لەسەر لیستی مووچە هەبوو، کە بڕێکی پارەی جیاواز باس دەکرێت بۆ شایستەداراییەکانی هەرێم.

ئاماژەی بەوەکرد، بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵیی عێراق سێ بڕگە لەخۆدەگرێت، پەباندکردنی حکومەتی عێراق بە ناردنی پارەی مووچە بۆ هەرێم، بە بانکیکردنی مووچە لە ڕێگەی بانکە فیدڕاڵییەکانی عێراقەوە، ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق.

دارا سێکانیانی وتی، لە کاتێکدا ئەم دوو بڕگەی کۆتایی بڕیارەکە جێبەجێنەکراوە، ئەمەش کاریگەری دەکاتە سەر بڕگەی یەکەمی بڕیارەکە، ئێستا سودانی لە ژێر فشاری لایەنە سیاسییەکاندایە، چونکە بڕیارەکەی دادگا جێبەجێکراوە بەڵام هەنگاوەکانی دیکە تا ئێستا هەنگاوی بۆ نەنراوە.

لەبارەی بەشداریکردنی بانکە فیدڕاڵییەکانەوە لە پڕۆسەی بە بانکیکردنی مووچە ڕایگەیاند، شاندێکی بانکی TBI هاتووەتە هەرێم بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی مووچەی فەرمانبەران، کە بانکێکی فیدڕاڵی بازرگانییە، بەشی زۆری مووچەخۆرانی عێراق لە ڕێگەی ئەو بانکەوە مووچە وەردەگرن، بەشداریکردنیان لە پڕۆسەی بە بانکیکردنی مووچە کەوتووەتەوە سەر شێوازی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ هەرێم.

لە ٢١ی شوبات بڕیاری دادگای فیدڕاڵیی عێراق سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەرچوو، ئاماژەی بە پابەندکردنی حکومەتی عێراق کردووە بۆ ناردنی پارەی مووچە مانگانە لە کاتی خۆیدا، هاوکات حکومەتی هەرێمیش پابەندکراوە بە ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ بە حکومەتی عێراق.

لەو بارەیەوە دارا سێکانیانی وتی، حکومەتی عێراق هەر زوو پابەندی بڕیارەکە بوو، بەڵام هەرێمی کوردستان کات دەکوژێت و کەمتەرخەمە لە جێبەجێکردنی بڕیارەکەدا و تێبینییان لەسەری هەیە و سوورن لەسەر “هەژماری من”.

جەختی لەوەشکردەوە، بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی گرەنتی تێدایە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتی هەرێم ناچارە پابەند بێت بە بڕیارەکەوە، بە پێچەوانەوە دادگای فیدڕاڵی هەڵوێستی دیکەی دەبێت.

وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بۆ مووچەی مانگی نیسان داوای ٩٧٠ ملیار دیناریان لە بەغدا کردووە، لە کاتێکدا بۆ مووچەی مانگی شوبات داوای ٩٤٠ ملیار دینار کرابوو.

دارا سێکانیانی وتی، لیستی مووچە مانگانە گۆڕانی بەسەردا دێت و ئەمەش ئاساییە، بەڵام جاری وایە گۆڕانکارییەکە زۆرە و بەرچاوە، لە ئاستێکی چاوەڕوانکراودا نییە بۆیە کێشە دروست دەکات.

سەبارەت بە وادەی ناردنی پارەی مووچەوە ڕایگەیاند، ناتوانین کاتی هاتنی پارەی مووچە دیاری بکەین، بەغدا پارەی مووچە هەر دەنێرێت، بەڵام کاتەکەی دیار نییە.

دادگای فیدراڵی فەرمانێکی دەربارەی سکاڵاکەی مەسرور بارزانی دەرکرد
پێشت دادگای فیدراڵی فەرمانێکی دەربارەی سکاڵاکەی مەسرور بارزانی دەرکرد
دوای ئاگرەکەی هەولێر، سلێمانی بەدواداچوون بۆ ڕێنماییەکانی خۆپاراستن دەکات
دواتر دوای ئاگرەکەی هەولێر، سلێمانی بەدواداچوون بۆ ڕێنماییەکانی خۆپاراستن دەکات
ەیوەندیدار