مووچەخۆران بۆ متمانەیان بە هەژماری من نییە؟



مووچەخۆران بۆ متمانەیان بە هەژماری من نییە؟

بەختیار ئەمین

کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم  بە بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی، دەبێت جێبەجێبکرێت، بە پێی ماددەی (94)ی دەستووری عێراق بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی یەکلاکەرەوەن و دەبێت هەموو دەسەڵاتەکان پێوەی پابەندبن.

پڕۆسەی کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆران لە نێوان وەزارەتی دارایی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ناوەڕۆکدا جیاوازی گەورەی هەیە، هەر بابەتەکە بەکارهێنانی کی کارد و “هەژماری من” نییە.

بەغدا لە پشت جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی پاکتاوی لیستی مووچە خۆرانی هەرێم دەکات، ئەو مووچەخۆرانەی کە ڕاستەقینەن ماف و شایستەی خۆیان هاوشێوەی مووچەخۆرانی عێراق  وەردەگرن، بەغدا بە پێی زانیاری و داتاکانی کە دەستیکەوتووە، ڕێژەی ڕاستەقینەی مووچەخۆرانی هەرێم کەمترە لە ملیۆنێک مووچەخۆر، ئەگەر لە ڕێگای بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەین بە کی کارد هاوشێوەی فەرمانبەرانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق پڕۆسەکە جێبەجێبکرێت، تەواوی زانیاری وردی مووچەخۆران یەکلا دەکرێتەوە، کەمتر لەو بڕە پارەیەی کە ئێستا هەیە مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم دابەشدەکات، پێداگری وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی وەک خۆی سود و قازانجی یەکجار گەورەی بۆ مووچەخۆرانی ڕاستەقینەی هەرێم دەبێت بەم شێوەیە:

هەموو مانگێک لە کاتی خۆیدا مووچە دەچێتە سەر هەژماری تایبەتی مووچەخۆران و کۆتای بە قەیران و دواکەوتنی مووچە دێت هاوشێوەی مووچەخۆرانی تری عێراق.

سودمەند دەبن لە تەواوی خزمەتگوزاری و سلفە جۆراوجۆرەکان کە ئێستا مووچەخۆرانی عێراق لێی سودمەند دەبن.

کردنەوەی هەژماری بانکی لە بانکە حکومیە فیدڕاڵیەکان بە واتای زامنکردن و دڵنیابوونی مووچەی کارمەندانی دەوڵەت و پاراستنی لە هەموو زیانێک، ئەوەی هەرێم پێداگری لێدەکات لە ڕێگای “هەژماری من” تەنها پەیوەندی بە ئەو بڕە پارەیەوە نییە کە مانگانە لە ڕێگای ڕاکێشانی کارتی بانکی لە مووچەخۆرەکە دەگەڕێتەوە، دەسەڵاتی هەرێم بە بەرنامەیەکی گشتگیر کار لەسەر چەند بابەتێکی دیکە دەکات بۆ بەرژەوەندییە کەسییەکانی خۆیان کە لە ڕێگای گروپ و دەزگای میدیای لۆبی بۆ سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە  دەکەن، هەموو مەکینەی ڕاگەیاندنەکانیان بۆ خستووەتەگەڕ بەشێک لە نیتەکانیان بەم شێوەیە:

بە بانکی کردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە ڕێگەی “هەژماری من” بەو شێوەیەی کە دەسەڵاتی هەرێم دەیەوێت واتا (یەک ملیۆن و دووسەد و پەنجا هەزار) مووچەخۆر هەر چۆن ئێستا هەیە، لەم ڕێگایەوە هەژماریان بۆ بکرێتەوە.

“هەژماری من” لەبەر ئەوەی دەبەسترێتەوە بە بانکی تایبەت لە هەرێم، لەلایەک مووچەخۆر گرەنتی مووچەکەی نییە هەر کاتێک ئەو بانکە  ئیفلاسی کرا، لە لایەکی دیکە سودمەند نابێت لە خزمەتگوزاری هاوشێوەی بانکەکانی دەوڵەتی عێراق، تەنها هەندێ خزمەتگوزاری سەرەتایی نەبێت.

“هەژماری من” لە ژێر سەرپەرشتی و کۆنترۆڵی دەسەڵاتی هەرێم دەبێت، لە هەر دۆخێکدا بیەوێت دەبێتە مەترسی لەسەر مووچەخۆر، لەگەڵ ئەوەشدا چارەسەری قەیرانی مووچە ناکات، لە هەموو حاڵەتێکی سیاسی و دارایی کێشە بۆ مووچەخۆر سەر هەڵدەداتەوە، هاوشێوەی ئێستا کە هەیە، بۆ هەموو لایەک ئاشكرایە (15) ڕۆژە مووچە بە لیست و ناو و وەزارەت هاتووە و لە هەرێم دەستی بەسەدا گیراوە.

بابەتێکی تر کە زۆر  گرنگە ئەم بانکانەی لە هەرێم بوونیان هەیە هیچی جێگای متمانەی خەڵک و مووچە خۆران نین ، بۆیە خەڵک بە ئەزموون و تێگەیشتن بۆ مێژووی ئەم دەسەڵاتدارانەی هەرێم  قەناعەتێکیان لا دروست بووە کە سوڵتەی سیاسی هەرێم هیچ پڕۆژەیەک لە بەرژەوەندی خەڵک  بەرهەم ناهێنێت، ئەوەی کە لای دەسەڵات گرنگە دامەزراندن و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و کەس و کاریانە.

ڕایەڵەی مامۆستایانی گۆڕان: پشتگیری لەداوا ڕەواکانی مامۆستایان دەکەین
پێت ڕایەڵەی مامۆستایانی گۆڕان: پشتگیری لەداوا ڕەواکانی مامۆستایان دەکەین
مامۆستایانی ناڕازی پەیامێکی توند ئاڕاستەی دەسەڵات دەکەن
دوات مامۆستایانی ناڕازی پەیامێکی توند ئاڕاستەی دەسەڵات دەکەن
پەیوەندیدار