سۆران عومەر: گومان لەسەر ناوی 67 هەزار مووچەخۆر هەیە



ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران ئاشکرای دەکات کە هەرێمی کوردستان زانیاری پێچەوانەی دەربارەی مووچەخۆران داوە بە بەغدا و لە لیستەکەدا 67 هەزار ناو هەیە کە گومانیان لەسەرە، ئەمە جگە لەوەی داهاتی 20 مەرز بۆ لیژنەی دیوانی چاودێری دارایی ئاشکرا نەکراوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند گرفتی زۆر لە لیستی مووچەی هەرێمی کوردستاندا هەیە لەگەڵ ئەوەشدا بەغدا بە پێی لیستەکە مووچەی ناردووە، بەڵام حکومەتی هەرێم دابەشی ناکات.

وتیشی: “ئەنجومەنی وەزیران کارێکی زۆر خراپی کردووە کە مووچەی مانگی دووی دابەش نەکرد و ئێستا ناتوانین داوای مووچەی مانگی سێ بکەین”.

سۆران عومەر، لێدوانەکەی دوێنێ شەوی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی ڕەتکردەوە سەبارەت بەوەی کورتهێنان هەبێت بۆ دابەشکردنی مووچە و ڕایگەیاند، ڕۆژانە نەوت دەفرۆشن و بە دانپێدانانی وەزیری دارایی بەرمیلی دەدەن بە 30 دۆلار.

پەرلەمانتارەکە ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو ڕاپۆرتەی لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و بەغداوە ئیمزای لەسەر کراوە دەریدەخات کە زانیاری پێچەوانە دراوە بە بەغدا و وتیشی: “67 هەزار ناو لە لیستی مووچەدا هەن گومانیان لەسەرە، چونکە ناوی دایکیان لە لیستەکەدا نییە و ناتوانرێ وردبینیان تێدا بکرێت”.

وتیشی: “تەنها لە وەزارەتی کارەبادا مانگانە دوو ملیار دینار لە لیستی مووچەدا زیادە”.

سۆران عومەر ڕاشیگەیاند، ئەمە جگە لەوەی لە ژمارەی فەرمانبەرانیش لە لیستی بایۆمەتری و بودجە و وەزارەتی داراییدا 23 هەزار جیاوازییان هەیە و لیستی خانەنشینانیش 12 هەزار جیاوازی هەیە.

پەرلەماتارەکە ئاشکراشیکرد کە داهاتی 20 مەرزی هەرێمی کوردستان بە لیژنەی دیوانی چاودێری نەدراوە.

بڕیاری لێخۆشبوون بۆ کرێی ساڵێکی زیانلێکەوتووانی بازاڕی لەنگەی هەولێر پەسەند کرا
پێشت بڕیاری لێخۆشبوون بۆ کرێی ساڵێکی زیانلێکەوتووانی بازاڕی لەنگەی هەولێر پەسەند کرا
سەرۆک کۆمار و باڵیۆزی ئەمریکا دەربارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم گفتوگۆیان کرد
دواتر سەرۆک کۆمار و باڵیۆزی ئەمریکا دەربارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم گفتوگۆیان کرد
ەیوەندیدار