گۆشتی بەستووی هاوردە بۆچی هەمیشە هەرزانە؟



لەکاتی کڕینی گۆشتی بەستوودا کام جۆرەیان بکڕین؟

جەمال حسێن والی- ب.سامانی ئاژەڵی سلێمانی

🔵گۆشتی بەستوو بریتیە لە گۆشتێك کە بەستوویەتی بە دابەزاندنی پلەی گەرمی بۆ ژێر سفری سیلیزی بە مەبەستی هەڵگرتنی بۆ ماوەیەکی درێژتر و پاراستنی جۆری گۆشتەکە و دواخستنی گەشەی بەکتریا و ئەنزیمەکان کە دەبنە هۆی تێکچوونی گۆشتەکە.

🔵گۆشتی سوور یەکێکە لە گرنگترین پڕۆتینەکان بۆ دروستکردنی خانەکانی لەش، گومانی تێدانییە گۆشتی فرێش جیاوازە لە گۆشتی بەستوو لە ڕووی تام و هەندێك لە بەها خۆراکیەکانیەوە، بەڵام ڕەنگە لە هەندێك حاڵەتدا بەدیلێکی باش بێت ئەگەر گۆشتەکە بە باشی بەستووبێتی و کوالێتی و سەلامەتی تەندروستی پارێزراوبێت، هەڵبژاردنی نێوان گۆشتی بەستوو گۆشتی تازە بەندە بە کات و شوێن و سروشتی ئەو چالاکییەی کە بۆچی مەبەستێك بەکاردەهێنرێت و ئامادە دەکرێت، چونکە هەندێك هۆکارهەن دەتوانن کاریگەریان لەسەر کوالێتی گۆشتی بەستوو هەبێت لەوانە جۆری گۆشتەکە و چۆنێتی پرۆسێسکردن و پلەی گەرمی و ماوەی بەستن و بارودۆخی هەڵگرتن.

🔵لەمەوە دەگەینە ئەوەی هەموو خۆراکە بەستووەکان هەرزانن بەبەراورد بە خۆراکە تازە و فرێشەکان جا سەوزە و میوەبێت یان گۆشت بێت بە لەبەرچاوگرتنی ماوەی بەستنیان و هەڵگرتنیان کە هۆکاری پاراستنی سودەکانیان و تاماکانیانە، چونکە لە تامی خۆراکەکانەوە دەتوانین هەست بە جیاوازییەکی ڕوون بکەین لەنێوان فرێش و بەستوودا، لەبەرئەوەی گۆشتی بەستووی سوور هاوردە دەکرێت و کاڵای ناوخۆیی نییە.

🔵کەواتە جیاوازی نرخ لەنێوان گۆشتی بەستوو تازەدا لە ئێستادا کە دۆخی ئابووری خەڵك و توانای کڕینی هاووڵاتی زۆر لاوازە هۆکارێکی زۆر گرنگە کە دەبێتە هۆی ئەوەی زۆرکەس ڕوو لە کڕینی گۆشتی بەستووبکەن، هەرچەندە هاوردەکردن و بوونی گۆشتی بەستوو لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان شتێکی نوێ نییە و هەمیشە ڕێگەپێدراو بووە و بوونی هەبووە.

🔵ئاسایشی خۆراك کاتێك بەدەست دێت کە خۆراك نەوەك هەر بەردەست بێت و بەئاسانی دەستمان بکەوێت بەڵکو دەبێت سەلامەت بێت، ئێمەی هاووڵاتی و بەکاربەر مافی خۆمانە کە چاوەڕێی ئەوە بکەین ئەوخۆراکانەی لە بازاڕەکاندا هەن و بەردەستن لە ڕووی تەندروستییەوە سەلامەت بن وکوالێتی بەرزیان هەبێت، چونکە بەرهەمهێنانی خۆراك لە هەر قۆناغێکی بەرهەمهێناندا پیس دەبێت، لەبەرئەوە پراکتیزەکردن و پیادەکردنی سیستەمێکی باشی سەلامەتی خۆراك لە هەموو قۆناغەکانی بەرهەمهێنانی زنجیرە خۆراکدا زۆر گرنگە لە بەرهەمهێنانەوە تاکو بەکارهێنان.

🔵هەڵبژاردنی باشترین جۆرەکانی گۆشتی هاوردەکراو بۆ خۆراکەکانمان بڕیارێکی گرنگە کە کاریگەری لەسەر تەندروستی و کوالێتی ژیانمان هەیە لەجیهانێکی خێرادا، چونکە زۆرێك بە دوای ڕێگایەکدا دەگەڕێن بۆ باشترکردنی ئەزموونی خواردنەکانیان کەواتە لێرەدا گرنگی هەڵبژاردنی باشترین جۆرەکانی گۆشتی هاوردە دێتەئاراوە ئایا ئەم هەڵبژاردنە دەتوانێت جیاوازی لە ئەزموونی خواردنی ڕۆژانەماندا دروست بکات؟

🔵ئەم پرسیارە جێ دەهێڵین بۆ ئایندە بزانین گۆشتی بەستووی هاوردەی جۆراوجۆر چی گۆڕانکارییەک لە سیستەمی خۆراکی ئێمەدا دروست دەکات.

🔵ئەوەش پشت ڕاستکراوەتەوە کە تاکە جیاوازی گرنگ لەنێوان گۆشتی بەستوو گۆشتی فرێشدا پڕۆسەی بەستنە، بەستنی گۆشت دەتوانێت یارمەتی دەربێت لە پاراستنی لوتکەی بارودۆخ و تازەیی لە شەش مانگەوە تاساڵێك ئەمەش بەپێی جۆری گۆشتەکە و بارودۆخی هەڵگرتن دەگۆڕێت لەبەرئەوەی بەستن گەشەی بەکتریا خاودەکاتەوە و تێکچوونی گۆشت خاوتر ڕوودەدات، بەپێی ڕوونکردنەوەی وەزارەتی کشتوکاڵی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا(USDA) پرۆسەی بەستن خۆی ماددە خۆراکییەکان لەناونابات لە گۆشت و بەرهەمەکانی گۆشتدا، بەڵکو گۆڕانکارییەکی کەم لە بەهای خۆراکی ماددە خۆراکییەکان ڕوودەدات لەکاتی هەڵگرتندا لە بەفرگردا.

🔵هۆکارەکانی هەرزانی گۆشتی بەستووی هاوردەکراو چییە؟

چەندهۆکارێک هەیەکەوادەکات گۆشتی بەستووی هاوردە هەرزانتربێت لە گۆشتی تازەی خۆماڵی :-

🔵کەمی تێچووی بەرهەمهێنان بەهۆی بوونی لە وەڕگای سرووشتی و هەرزانی نرخی ئالیك لەو ووڵاتەی گۆشتەکەی لێوە هاوردە دەکرێت چونکە ئالیك و خۆراك ٦٥-٧٠٪ کۆی تێچووی بەرهەمهێنانە.

🔵هەرزانی هێزی کار لە وڵاتی بەخێوکەر و بەرهەمهێنانی گۆشتەکەدا.

🔵بوونی ژمارەیەکی زۆری ئاژەڵ لە وڵاتی هاوردە بەراورد بە ژمارەی دانیشتوانەکەی و زیاد لە خۆبژێوی.

🔵سەربڕینی هەندێك جۆری ئاژەڵ کە تەمەنیان زۆرە و بۆ بەخێوکردن ناگونجێت بە تایبەتی ئەو مەڕانەی کە توانای شیردان و وەچەخستنەوەیان نەماوە یاخود ئەو ئاژەڵانەی کە کێشیان زۆرە.

🔵بەهۆی نرخەکەیەوە خواستی زۆری لەسەرە بەراورد بە چەندایەتیەکەی.

🔵جیاوازی نرخی دراوەکان لەنێوان ووڵاتی سەرچاوەی گۆشتەکە و ئەو وڵاتەی گۆشتەکەی بۆدێت.

هەندێك جیاوازی لەنێوان گۆشتی بەستوو گۆشتی تازە(فرێش)دا:-

🔵تامی گۆشتەکە: گۆشتی تازە بەتامتر دادەنرێت لە گۆشتی بەستوو ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی گۆشتی بەستوو بۆ ماوەیەکی زۆر دەپارێزرێت و هەڵدەگیرێت کە دەبێتە هۆی ئەوەی بەشێك لە تامەکەی لەدەست بدات.

🔵پێکهاتەی گۆشتەکە: پێکهاتەی ناوەوەی گۆشتەکە کەمێك دەگۆڕێت دوای بەستن ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە پێکهاتەی گۆشتەکەدا هەرچەندە ئەم گۆڕانکارییە کاریگەریەکی کەمی لەسەر بەهای خۆراکی گۆشتەکە دەبێت.

🔵تایبەتمەندی: گۆشتی تازە تایبەتمەندی زیاتری هەیە لە گۆشتی بەستوو بە هەر شێوەیەك خۆت دەتەوێت دەتوانیت لەت وپەتی کەیت و بیبڕیت و ئامادەی بکەیت لەکاتێکدا گۆشتی سنوردارە.

🔵کاتی بەکارهێنان: یەکێك لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەڵبژاردنی گۆشتی بەستوو ماوەی بەکارهێنانیەتی کە دەتوانرێت بۆ ماوەیەکی زۆر بپارێزرێت لە کاتێکدا گۆشتی فرێش لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا بەکاربهێنرێت.

🔵نرخ: گۆشتی بەستوو بە گشتی بە نرخێکی کەمتر لە گۆشتی فرێش دەفرۆشرێت ئەمەش وایکردووە ببێتە هەڵبژاردەیەکی گونجاو بۆ زۆر کەس.

لەکاتی کڕینی گۆشتی بەستوو ئەمانەت لەبیربێت و ڕەچاوی بکە بۆئەوەی سەلامەت و پارێزراوبیت:-

🔵بەرواری بەرهەمەکە بزانە: پێشکڕینی گۆشتی بەستوو بەرواری بەرهەمهێنان و بەسەرچوون لەسەر پاکەتە بزانە، هەرگیز ئەو گۆشتانە مەکڕە کە بەرواری بەرهەمهێنان و بەسەرچوونی لەسەر نەبوو، پێویستە بەشێوەی لەیزەری نوسرابن و لێ نەبێتەوە و تێک نەچووبێت.

🔵پشکنینی پاکەتەکە: پێویستە دڵنیابیت لەوەی کەهیچ شکان و زیانێك بە پاکەتی گۆشتەکە نەگەشتووەو لە دۆخێکی تەواو سەلامەت و باشدان و خراپ و شکاوو پیس نەبن.

🔵پشکنینی بوونی هەوا: دڵنیابوون لەو کیس و نایلۆنانەی کە گۆشتەکەی تێدایە هیچ کونێکیان تێدا نەبێت، هەوا ل ەنێوان کیس و نایلۆنەکاندا بوونی نەبێت و هیچ بۆنێکی ناخۆشی تێدانەبێت و بۆنێکی تازەوپاکی هەبێت.

🔵پشکنینی شێوەی بەستوو بەدروستی: ئەگەر گۆشتە بەستووەکە بەیەکەوە لکابوو یان سەهۆڵێکی ئەستوربوو ئەوە ئاماژەیە بۆئەوەی چەند جارێك بەستوو بووە و کراوەتەوە کەواتە ئەو گۆشتە هەڵبژێرە کە بڕێکی زۆر سەهۆڵی تێدانەبێت.

بایکۆت لە سلێمانی فراوان دەبێت
پێشت بایکۆت لە سلێمانی فراوان دەبێت
سبەینێ شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
دواتر سبەینێ شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
ەیوەندیدار