نەرمین مەعروف: بانكی ناوەندی فرۆشتنی دۆلاری كەمكردووەتەوە



 

بەهای دۆلار لە بەرزبوونەوە بەردەوامە، خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندییەوە ٪٥٠ كەمیكردووە، ئەمەش وایكردووە خواست لەسەر دۆلار زیادبكات و بەهای دۆلار لە بەرزبوونەوە بەردەوامبێت.

نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووریی پەرلەمانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تۆڕیی میدیایی (خەڵك)دا باس لە هۆكارەكانی دابەزینی بەهای دینار دەكات، هاوكات ئاماژە بۆ ئەوە دەكات ئەو چوار بانكەی سزادراون، ٪٤٠ی دۆلاری بانكی ناوەندییان پێدراوە.

خەڵك: ئێستا بانكی ناوەندی ڕۆژانە چەند ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕەوە؟
نەرمین مەعروف: پێشتر ڕۆژانە بانكی ناوەندی ١٥٠ بۆ ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری دەفرۆشت، بەڵام ئەمڕۆ كەمتر لە ١٠٠ ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕەوە، هەرچەندە ٪٥٠ خستنەڕوو كەمی كردووە، بەڵام نرخەكەی چەند هەزارێك بەرزبووەتەوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات لە ڕابردوو بەشێكی زۆری ئەو پارەیەی بە ناوی هاوردەكردنی شتومەك و كاڵاكانەوە دەنێردرایە دەرەوە لە ڕاستیدا بۆ ئاودیوكردنی سەرمایەی عێراق بووە و پێداویستی بازاڕی عێراق لەو بڕە پارەیەی دەخرایە بازاڕەوە كەمترە.

خەڵك: بانكی ناوەندی چۆن هەوڵیداوە كە خواستی بازاڕ بەدیبهێنێت؟
نەرمین مەعروف: ڕاستییەكی حاشاهەڵنەگر هەیە، ئەویش ئەوەیە كە لە عێراق گەندەڵی لە ئاستێكی باڵادایە، زۆربەی كات كەسانی سیاسی و باڵادەست لە گەندەڵی تێوەگلاون، دیارە بابەتی زیادكردنی ئاشكرای دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندییە، تا ڕێگری لە هەڵئاوسان بگرێت و بە مەبەستی جێگیركردنی نرخەكان و بەرزكردنەوەی بەهای دینار بەرامبەر دراوە بیانییەكان و دۆلاری ئەمریكایی، هەوڵیداوە هەفتەی پێنج ڕۆژ دۆلار بخاتە بازاڕەوە.

خەڵك: بۆچی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندی بەم جۆرە كەمكرایەوە؟
نەرمین مەعروف: پڕۆسەی زیادكردنی ئاشكرا بەدەر نییە لە گەندەڵی، لە ماوەی ڕابردوودا بەشێك لەو پارەیە بە ناوی هاوردەكاردنی كاڵای دەرەكی نێردراوەتە دەرەوە بۆ سیپیكردنەوەی پارە، ئاودیوكردنی سەروەت و سامانی عێراق، هەندێكیش بۆ پارەداركردن وڵاتانی دراوسێ و پشتیوانی دارایی هەندێك دۆسیەی گەندەڵ و تەنانەت تیرۆر بەكارهاتووە.

خەڵك: چۆن بڕیاری سزادانی ئەو چوار بانكە درا؟
نەرمین مەعروف: ژمارەیەك لەو بانكانەی تێوەگلاون لەو گەندەڵییە سزادراون، ئەمەش لەسەر داخوازی بانكی فیدڕاڵی ئەمریكا بووە كە بەدواداچوون بۆ ئەو دۆلارانەی دەڕواتە دەرەوەی عێراق بكرێت، كە گومان هەیە بۆ پارەداركردنی تیرۆر و بەرژەوەندی وڵاتانی دراوسێ بەكارهاتبێت، لە كاتێكدا بەپێی پێشبینییەكان ٪٤٠ ئەو دۆلارەی بانكی ناوەندی خستوویەتییە زیادكردنی ئاشكرا بۆ ئەو چوار بانكە ڕۆشتبێت.

خەڵك: سزادانی ئەم بانكانە چ كاریگەرییەكیان لە بازاڕی دراوی عێراقی كردووە؟
نەرمین مەعروف: سزادانی ئەو بانكانە كاریگەریان هەبووە، ئەمەش وایكردووە بڕی ئەو دۆلارەی دەفرۆشرێت كەم بكات، لە بەرامبەردا خواست هەر وەك خۆیەتی، ئەو كەسانەشی خواستیان لەسەر دۆلاری ئەو بانكانە بووە، دەیانەوێت لە بازاڕدا خواستی خۆیان پڕبكەنەوە و ئەمەش وایكردووە بۆ چەند ڕۆژێك نرخی دۆلار بەرزببێتەوە،

خەڵك: بەپێی بەدواداچوونەكانی لیژنەی دارایی و ئابووریی پەرلەمانی عێراق ئایا بەهای دینار بەرزدەبێتەوە؟
نەرمین مەعروف: ئیمە پەیوەندیمان بە بانكی ناوەندییەوە كردووە، ئەوانیش دڵنیاییان پێداوین كە دوای تەواوبوونی ئەو ڕێكار و بەدواداچوونانە بۆ وردبینی پڕۆسەی فرۆشتنی دۆلار لەو بانكانەدا، نرخی دۆلار لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەچێتەوە شوێنێ خۆی.

 

مزگەوتی سەوز بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی گۆڕانكاریی كەشوهەوا
پێشت مزگەوتی سەوز بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی گۆڕانكاریی كەشوهەوا
100 دۆلار 155 هەزار دیناری تێپەڕاند
دواتر 100 دۆلار 155 هەزار دیناری تێپەڕاند
پەیوەندیدار