پلەکانی گەرما نزمدەبنەوە و بارانبارین دەستپێدەکاتەوە



شارەزایەکی کەشناسی پێشبینییەکانی کەشوهەوای ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، لە سبەینێوە بارانبارین دەستپێدەکاتەوە، لە هەندێک شوێن لێزمەباران دەبارێت.

ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند، سبەینێ ھەینی لە ئەنجامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی نوێ کە ناوەندەکەی بەسەر تورکیاوەیە و ھاتنی بارستە ھەوایەکی سارد و شێدار لە دەریای ناوەڕاستەوە بۆ سەر ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان ئاسمان بەزۆری دەگۆرێت بۆ ھەوری تەواو و شەپۆلێکی مامناوەندی بارانبارین ناوچەکانمان دەگرێتەوە، کە کاریگەرییەکانی سەرەتا لە کاتەکانی بەرەبەیانەوە لە سنووری پارێزگای دھۆکەوە دەستپێدەکات بە بارانی مامناوەند پچر پچر.

وتیشی، لە ناوچە شاخاوییەکانی دھۆک و ھەولێر بەتایبەت ناوچەکانی قەزای ئامێدی، ئاکرێ و مێرگەسوور ڕێژەی بارانەکە زیاتر دەبێت و ھەندێک کات لێزمە باران و ھەورە بروسکە چالاک دەبێت و بارانی پێشبینیکراو لەو دەڤەرانەدا لەسەروو  50ملم تا زیاتر لە  100ملم چاوەڕوان دەکرێت، کاریگەری ئەو شەپۆلە بارانە بە ڕێژەیەکی مامناوەند و پچر پچر لە کاتەکانی نیوەرۆ بەدواوە ناوچەکانی سنووری ئیدارەی ڕاپەرین و پارێزگاکانی کەرکووک، سلێمانی و ھەڵەبجە دەگرێتەوە، بە لاوازیش ناوچەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان.

ئەوەشی خستەڕوو، پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ سبەی 3 تا 4 پلە دادەبەزێت، خێرای با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت لەنێوان 10 – 25 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و ئاڕاستەی با لە گۆڕاندا دەبێت .

بە وتەی ئەو کەشناسە بەھۆی ئەو بارستە ھەوا ساردەی ڕوودەکاتە ناوچەکە و بەتایبەت کاریگەری لەسەر ناوچە شاخاوییە سنورییەکان سبەینێ لە سەر لوتکەی چیا بەرزەکان بەفر دەبارێتەوە.

 

زێڕ بەرزترین نرخی لە مێژوودا تۆمار کرد
پێشت زێڕ بەرزترین نرخی لە مێژوودا تۆمار کرد
ئاگاداری خووە هەڵەکانی مانگی ڕەمەزان بن
دواتر ئاگاداری خووە هەڵەکانی مانگی ڕەمەزان بن
ەیوەندیدار