مامۆستایانی ناڕازی دوابڕیاریان دژی دابەشنەكردنی مووچە ڕاگەیاند



ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی ڕایدەگەیەنێت، چاوه‌ڕوانیان ده‌كرد ده‌سه‌ڵات ئاسانكاری بكات و بڕیاره‌كانی دادگای فیدڕاڵی عێراق جێبه‌جێ بكات، به‌ڵام “به‌رده‌وام قه‌یرانی نوێ دروست ده‌كات”، ده‌شڵێت، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم به‌رده‌وامبێت له‌سه‌ر دابه‌شنه‌كردنی مووچه‌ و پێداگیری له‌سه‌ر “هه‌ژماری من” بكات، ئه‌وا خۆپیشاندان ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌.

ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە بەیاننامەیەكدا ڕایدەگەیەنێت، پێویستە یەکێتی و دەسەڵاتی سنووری زۆنی سەوز بۆئەوەی بیسەلمێنن ڕاستگۆن لەگەڵ ڕاگەیەنراوی خۆیان و خەڵکی ئەم سنوورە و پابەندن بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی، ئەوا کارەکانی هەژماری من لە سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان و قەزای کۆیە ڕابگرن ، وە ڕاستەوخۆ لیستی مووچەخۆران بنێرن بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵیی و ڕێگەبدەن بەزوویی لە ڕێی یەکێک لە بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەینەوە کارتی بانکی بۆ مووچەخۆرانی ئەم سنورە دروستبکرێت و مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق دا بکەن.

جەختیشدەكاتەوە، دەستبەسراگرتن و بە بارمتەگرتنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مەدەنی کۆتایی پێ بێت و بەزووترین کات دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو دەست پێبکات.

ڕاشیدەگەیەنێت، چیتر خۆپیشاندانەکان لەبەردەم پەروەردەکان نامێنن و لە ئایندەیەکی نزیکدا بەهاوکاری مامۆستایان و فەرمانبەرانی سەرجەم شارو شارۆچکەکان خۆپیشاندانی بەرفراوان بەرەو ناوەندی بڕیاری دەسەڵاتی سنوری ئیدارەی سلێمانی و هەولێر دەستپێدەکەینەوە .

دەقی پەیامەکەی ئەنجوومەنی مامۆستایانی نارازی:
بەناوی خوای گەورە
مامۆستایان، فەرمانبەران
سەرجەم چین و توێژەکان
هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان

پاش بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی لە بەرژەوەندی مووچەخوراوانی هەرێمی کوردستان، چاوەڕێمان ئەکرد دەسەڵات واز لە چەوساندنەوەی خەڵکی کوردستان بهێنێت و ئاسانکاریی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان بکات، بەڵام بەداخەوە وەک دەبینین دەسەڵات سوورە لەسەر سزادان و برسیکردنی مامۆستایان و فەرمانبەران.

لە ئێستاشدا جارێکی تر، دەسەڵات بەپاساوی گاڵتەجاڕانەی دروستکردنی “هەژماری من” و نەناردنی لیستی ناوی هێزە سەربازییەکان، دەیەوێت خۆی لە پابەندیی بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی بدزێتەوە و بەردەوام قەیرانی نوێ بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دروست دەکەن کە تەنها ئامانجیشیان پەردەپۆش کردنی دزی و گەندەڵیەکانیان و ستەمی بە بارمتە گرتنی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مەدەنیە .

ئەم خۆدزینەوە و پابەند نەبوونە تەنها لەسنوری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکدا نییە و دەسەڵاتدارانی سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەش بەهەمان شێوەی دەسەڵاتدارانی سنوری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک خەمساردانە مامەڵە دەکەن و باکیان به بێ مووچەیی خەڵک نییە و دەستیان کردووه بە کردنەوەی هەژماری من ی زۆرەملی بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران.
بۆیه ڕایدەگەیەنین
١ــ پێویستە یەکێتی و دەسەڵاتی سنووری زۆنی سەوز بۆئەوەی بیسەلمێنن ڕاستگۆن لەگەڵ ڕاگەیەنراوی خۆیان و خەڵکی ئەم سنورە و پابەندن بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی، ئەوا کارەکانی هەژماری من لە سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان و قەزای کۆیە ڕابگرن ، وە ڕاستەوخۆ لیستی مووچەخۆران بنێرن بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵیی و ڕێگەبدەن بەزوویی لە ڕێی یەکێک لە بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەینەوە کارتی بانکی بۆ مووچەخۆرانی ئەم سنورە دروستبکرێت و مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق دا بکەن.

٢ــ پشتیوانی لەبایکۆتی خۆرسکانەی مامۆستایان و فەرمانبەران دەکەین هاوکات داواکاین مامۆستایان و فەرمانبەران بایکۆتی هەژماری من و فەرمانگە وخوێندنگەکانیان بکەن ، بەتایبەتی ئەو فەرمانگانەی داهات بۆ حکومەت کۆدەکەنەوە.
٣ــ دەستبەسراگرتن و بە بارمتەگرتنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مەدەنی کۆتایی پێ بێت و بەزووترین کات دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو دەست پێبکات.

٤ــ حیزب و هێزە ئۆپزیسۆنەکان و زانایانی ئاینی و ڕێکخراوەکان لەئاست سەختی دۆخەکەدا بن و هەڵویستی ڕوون و ڕاشکاوانەیان بەرامبەر بەبارمتەگرتنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مەدەنی و هەژماری من ی زۆرەملی ڕابگەیەنین .

لە کۆتاییدا ڕایدەگەیەنین
چیتر خۆپیشاندانەکان لەبەردەم پەروەردەکان نامێنن و لە ئایندەیەکی نزیکدا بەهاوکاری مامۆستایان و فەرمانبەرانی سەرجەم شارو شارۆچکەکان خۆپیشاندانی بەرفراوان بەرەو ناوەندی بڕیاری دەسەڵاتی سنوری ئیدارەی سلێمانی و هەولێر دەستپێدەکەینەوە .
هاوکات داوا لە سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و چین و توێژە جیاوازەکان ئەکەین، بە یەکدەنگیی لەگەڵمان بن تا گەیشتن بە ئامانجەکان و کۆتاییهێنان بە ستەمی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی
١٨ -٣ – ٢٠٢٤

 

كۆمسیۆن هەڵوێستی لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی كوردستان ڕاگەیاند
پێشت كۆمسیۆن هەڵوێستی لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی كوردستان ڕاگەیاند
دارایی عێراق ڕوونكردنەوەیەك لەسەر دابەشكردنی مووچە بڵاودەكاتەوە
دواتر دارایی عێراق ڕوونكردنەوەیەك لەسەر دابەشكردنی مووچە بڵاودەكاتەوە
ەیوەندیدار