پەلەکردن لە بەخشین و کاری خێردا



پەلەکردن لە بەخشین و کاری خێردا

د.ئەبوبەکر پێنجوێنی

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سونەتی وابوو هەمیشە دوای سەلامدانەوەی نوێژ لە جێگای خۆی دەمایەوە تا سێ جار دەیفەرموو: (أستغفر الله، أستغفر الله، أستغفر الله) لەگەڵ وتنی (اللهم أنت السلام، ومنك السلام، تباركت يا ذا الجلال والإكرام). بەڵام ئەم سونەتە ڕۆژێك گۆڕا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ڕاستەوخۆ دوای سەلامدانەوە هەستاو بەرەو ماڵی خۆیان بە پەلە تەشریفی بردەوە؟!

ئەمەش بوو بە پرسیار بۆ هاوەڵانی بەڕێز وەك عوقبەی کوڕی حارس دەڵێت: لە دوای پێغەمبەرەوە لە مەدینە نوێژی عەسرمانکرد، دوای سەلامدانەوە ڕاستەوخۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەستایەوە و بەسەر شانی خەڵکدا هەنگاوی هەڵنایەوەو بەرەو ماڵی خۆیان تەشریفی بردەوە، خەڵك لەو پەلە پەلەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ترسان! کاتێك زانی خەڵك ترسیان بۆ دروست بوو، فەرمووی: هیچ نییە ئەوە بیرم کەوتەوە سەدەقەیەك لە ماڵمانە، پێم ناخۆشە دوابکەوێت و نەگاتە دەست ئەهلی خۆی، فەرمانمکرد ب ەدابەشکردنی..

ئەم فەرموودەیە ئیمامی بوخاری و موسلیم دەیگێڕنەوە.

ئیبن بەتال دەڵێت: ئەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە دەبێت خێرو سەدەقە زوو بگەیەنرێتە دەستی ئەهلی خۆی، چونکە لەوانەیە بەڵایەك ڕووبدات، پێشهاتێك بێتەپێش نەتوانرێت ئەو کارەبکرێت، مردنیش نەزانراوە، دواخستنی کاری خێریش بێزراوە. هەروەها وتراوە: بەوە مرۆڤ ئەستۆپاکی خۆی دەپارێزێت و زووتر ئەهلی سەدەقەکە پێویستی خۆیانی پێ جێبەجێ دەکەن، خوداش ئەوەی پێ خۆشە، گوناحی پێ پاکدەبێتەوە، دواخستنی مافی خەڵك لە خودی خۆیدا بێزراو و قەبوڵنەکراوە لە دیندا!!!

منیش دەڵێم ئەگەر دواخستنی خێرو سەدەقە جێگای ئەو مشتومڕەبێت ئەی دواخستنی قەرزی خەڵك بەبێ هۆ و نەدانەوەی بە خاوەنی دەبێت چەند تاوانێکی گەورەبێت!!!

لەوەش گەورەترو دژوارتر ئەی دەست بەسەرداگرتنی کرێ و مووچەو قوتی خەڵك بەبێ هۆ دەبێت چەند تاوانێکی گەورەبێت!!!

لە هەمووی دژوارتر ئەی دەستبردن بۆ گیرفانی خەڵك و دزین و تاڵانکردنی سامانی گشتی وڵات دەبێت سزاکەی چی بێت، لە کاتێکدا هەموو شەریعەتە ئاسمانی و یاسا زەمینییەکان ئەو کارەیان بە تاوان ناساندووەو قەدەغەو یاساغیانکردووە، دەبێت دواڕۆژی ئەو جۆرە مرۆڤانە چی بێت کە بکەری ئەو دزی و تاڵانی و تاوانەن!!!

 

مەسرور بارزانی: حکومەتەکانی عێراق ئامادە نین ڕێکارەکانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تەواو بکەن
پێشت مەسرور بارزانی: حکومەتەکانی عێراق ئامادە نین ڕێکارەکانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تەواو بکەن
نێچیرڤان بارزانی: ته‌نيا جينۆسايدى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌سە بۆ ئه‌وه‌ى مافه‌ ڕه‌واكانى گه‌لى كورد بناسرێن
دواتر نێچیرڤان بارزانی: ته‌نيا جينۆسايدى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌سە بۆ ئه‌وه‌ى مافه‌ ڕه‌واكانى گه‌لى كورد بناسرێن
ەیوەندیدار