مانگی ڕەمەزان یارمەتی کێش دابەزاندن دەدات



پزیشکیکی پسپۆڕ ڕێنمایی بە هاووڵاتییان دەدات کە دەیانەوێت لە مانگی ڕەمەزاندا کێشیان داببەزێنن، هاوکات شێوازە گونجاوەکانی هەڵبژاردنی جۆری خواردنەکان ڕووندەکاتەوە تاوەکو لە مانگی ڕەمەزاندا کێشیان زیاد نەکات.

دکتۆر کامه‌ران ڕسوڵ ژاژڵه‌یی، پزیشکی پسپۆڕی زانستی خۆراک سەبارەت بە دابه‌زاندنی کێش له‌ مانگی ڕه‌مه‌زانی پیرۆز کۆمه‌ڵێک ڕێنمای بڵاوکردەوە و ڕوونیکردەوە، پێویستە دوای ڕۆژوو شکاندن و پێش به‌ربانگ قاپێک زه‌ڵاته‌ له‌گه‌ڵ خواردنی سه‌وزه‌ی وه‌ک خه‌یار، کاهوو، ترۆزی بخورێت له‌ نێوان به‌ربانگ و پارشێو.

وتیشی، باشترە شیرینی نەخورێت، بۆئەوەش ڕۆژووه‌که‌ت به‌ میوه‌یه‌ک بشکێنه‌، له‌ بری شیرینی میوه‌یه‌کی شیرینی وه‌ک سێو، پرته‌قاڵ، لاله‌نگی، کاڵه‌ک، شووتی بخۆ، لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژانه‌ له‌ یه‌ک خورما زیاتر مەخۆ.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە مانگی ڕەمەزاندا پێویستە خۆت بەدووربگریت لە خواردنی سارده‌مه‌نی، خواردنه‌وه‌ گازییه‌کان، خواردنی خێرا و سووره‌وه‌کراو، به‌ز و چه‌وری و دووگ، پێستی مریشک.

ئەو پسپۆڕە ڕێنمایی هاووڵاتییانیش دەکات کە ڕۆژانه‌ له‌ یه‌ک پیاڵه‌ چه‌ره‌س زیاتر نەخۆن، ئه‌گه‌ر خواردیشیان پێویسته‌ دڵنیابن کە سوێر کراو نه‌بێت و به‌ کاڵی بێت.

لەبارەی وەرزشکردن لە مانگی ڕەمەزاندا وتی، گرنگە ڕۆژانه‌ بۆ ماوه‌ی یه‌ک کاتژمێر وەرزش بکرێت، باشترین کات پێش بانگی مه‌غریبه‌ یان دوو کاتژمێر دوای به‌ربانگ لەگەڵ زیاد کردنی جووڵه، چوون و گه‌ڕانه‌وه‌ به‌ پێ بۆ مزگه‌وت و نوێژی ته‌راویح سوودی زۆره‌.

سەبارەت بە شێوازی نانخواردنیش بۆئەوەی بەدووربن لە زیادخۆریی وتی، دوای تێر بوون یه‌کسه‌ر له‌ سه‌ر سفره‌ یان مێزی نان خواردن هه‌سته‌ و بڕۆ، له‌ قاپی بچووک خواردن بخۆ بۆئەوەی بڕێکی کەمتر خواردن بخۆیت، باشترە نانی تیری و هه‌ورامی به‌ تایبه‌ت ئاردی بۆر یان جۆ بخورێت له‌ بری نانی بازاڕ، سه‌موون، ناوساجی، ناوه‌شکێنه‌ و کولێره‌ به‌ڕۆن، له‌ بری برنجی سپی، برنجی قاوه‌یی یان بۆر به‌کار بهێنه‌ و به‌ پڵاو لێ بنرێت باشه.

ئاماژەی بە گرنگی ئاو خواردنەوە کرد، پێویستە ده‌ په‌رداخ یان زیاتر له‌ ئاو له‌نێوان به‌ربانگ و پارشێو بخورێتەوە، کە هه‌موو نیو کاتژمێر جارێک یه‌ک په‌رداخ ئاو بخورێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا له‌ خواردنه‌وه‌ی شه‌ربه‌تی گیراوه‌ و ئاماده‌کراو خۆبەدووربگیرێت، له‌بری ئەوەش شه‌ربه‌تی فرێش یان میوه‌که‌ به‌ ساغی بخورێت.

ڕێک خستنی کاته‌کانی نووستن لە مانگی ڕەمەزاندا گرنگییەکی بەرچاوی هەیە و ئەو پزیشکەش ڕایگەیاند، دوور بکه‌وەره‌وه‌ له‌ شه‌ونخوونی، به‌ ڕۆژ مه‌خه‌وه‌ و به‌ شه‌و به‌خه‌به‌ر بیت، له‌ به‌ربانگه‌وه‌ تا پارشێو ڕۆژانه‌ یه‌ک کاتژمێر بچۆره‌ به‌ر هه‌تاو له‌ نێوان کاتژمێر دەی به‌یانی بۆ چواری پاشنیوەڕۆ.

 

نێچیرڤان بارزانی: با قەوارەی هەرێمی کوردستان بپارێزین
پێشت نێچیرڤان بارزانی: با قەوارەی هەرێمی کوردستان بپارێزین
٥ ڕۆژە لیستی مووچە نێردراوە، بەڵام واژۆی لەسەر نەکراوە
دواتر ٥ ڕۆژە لیستی مووچە نێردراوە، بەڵام واژۆی لەسەر نەکراوە
ەیوەندیدار