٥ ڕۆژە لیستی مووچە نێردراوە، بەڵام واژۆی لەسەر نەکراوە



ماوەی ٥ ڕۆژ دەبێت لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ بەغدا نێردراوە، بەڵام تا ئێستا وەزیری دارایی واژۆی لەسەر نەکردووە، پەرلەمانتارێکی پارتیش دەڵێت، ” پێویستە لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز مووچەی فەرمانبەران بدرێت”.

ئەمڕۆ دووشەممە، شەریف سلێمان، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی ڕایگەیاند، پیویستە لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزان مووچەی مووچەخۆران دابەشبکرێت.

وتیشی، بەبێ ئەوەی چاوەڕێی دروستکردنی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بانکە فیدڕاڵییەکانی عێراقەوە بکرێت، پێویستە مووچە دابەشبکریت.

شەریف سلێمان، ئاماژەی بەوەکرد، نابێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکەوێتە ژێر موزایەدەی سیاسی، ململانێ و داواکارییەکانەوە، پێویستە ئەم بابەتە بەخێرایی یەکلایی بکرێتەوە، بەتایبەتی کە ناردنی پارەی مووچەی مانگی شوبات بۆ هەرێم دواکەوتووە.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو، هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی ڕاگەیاندووە بۆ پێشکەشکردنی لیستی مووچە کە ژمارەی فەرمانبەران و سەرجەم وردەکارییەکانیان لەخۆدەگرێت بۆ حکومەتی عێراق لە بەغدا بەمەبەستی چارەسەرکردنی پرسی مووچە، دابەشکردنی لەسەر بنەمای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی.

ئاشکراشی کرد، ناکۆکی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر پرسی مووچە کۆتایی دێت، هەر کە یەکلایی بکرێتەوە کە  لە ڕێگەی بانکە حکومییەکانەوە مووچە بەسەر فەرمانبەران دابەشبکرێت.

ئەو پەرلەمانتارە داوای لە حکومەتی فیدراڵی کرد بە هاوکات لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز مووچەی فەرمانبەران بدات، بەو پێیەی فەرمانبەرانی هەرێم مووچەی مانگی شوباتیان وەرنەگرتووە.

لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووەوە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ بەغدا نێردراوە، ڕۆژی هەینی ڕاگەیەنرا کە وردبینی لە لیستی مووچە تەواوبووە، بەڵام تا ئێستا وەزیری دارایی عێراق واژۆی لەسەر ناردنی پارە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نەکردووە، دواکەوتنی مووچەش جارێکی دیکە هاووڵاتییانی نیگەران کردووە.

 

مانگی ڕەمەزان یارمەتی کێش دابەزاندن دەدات
پێت مانگی ڕەمەزان یارمەتی کێش دابەزاندن دەدات
مەسرور بارزانی: خەڵکی کوردستان هەرگیز ڕێگە نادات مافەکانی پێشێل بکرێت
دوات مەسرور بارزانی: خەڵکی کوردستان هەرگیز ڕێگە نادات مافەکانی پێشێل بکرێت
پەیوەندیدار