دوای “تەوتینی” مووچە چەند كێشەیەكی دیكە لەنێوان هەرێم و عێراق دروست دەبێت



مامۆستای زانكۆ و پسۆری ئابووریی عێراقی چه‌ندین تێبینی له‌سه‌ر به‌نیشتمانی كردنی “تەوتین”ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم دەخاتەڕوو، دەشڵێت: “بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دەبێت مافی مووچەخۆرانی هەرێم هاوتای عێراق بكرێت، بەوەش پلەبەرزكردنەوە دەبێت بكرێتەوە و مووچەی خانەنشینان یەكسان بكرێت و دامەزراندنیش ئەنجام بدرێت بۆ دەرچووانی هەرێم، بەوەش پارەی مووچە لە 950 ملیار دینارەوە دەبێتە ترلیۆنێك و 250 ملیار دینار”.

نه‌بیل مه‌رسومی، مامۆستای زانكۆ و پسپۆری ئابووریی عێراقی لە ڕوونكردنەوەیەكدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبووكنووسیویەتی، “خانه‌نشینانی هه‌رێم 50% بۆ 70% ئه‌و بره‌ پاره‌یه‌ وه‌رده‌گرن، كه‌ فه‌رمانبه‌رانی حكومەتی عێراقی پێیان ده‌درێت، بۆ نمونه‌ خاوه‌ن بڕوانامه‌یه‌كی به‌كالۆریۆس كه‌ 40 ساڵ خزمه‌تی هه‌بێت، له‌ هه‌رێم دوای خانه‌نشینبوون 900 هه‌زاری پێده‌درێت، به‌ڵام هه‌مان بڕوانامه‌ له‌لای حكومه‌تی عێراق یه‌ك ملیۆن و 600 هه‌زار مووچه‌ی خانه‌نشینییه‌كه‌یه‌تی”.

ئەو شارەزا ئابوورییە باسی كێشەیەكی دیكەشی كردووە و ڕایگەیاندووە، كەمترین مووچەی خانەنشینی لە حكومەتی عێراق 600 هەزار دینارە لەكاتێكدا كەمترین مووچە لە هەرێم لەنێوان 200 بۆ 300 هەزار دینار و هەروەها لە هەرێم پاداشتی كۆتایی خزمەت نییە، بۆیە داوا دەكەن یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراقی ساڵی 2014 بیانگرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم شه‌ش ساڵه‌ وه‌ستاوه ‌و كاتێك مووچه‌كه‌یان ده‌چێته‌سه‌ر به‌غدا، ئه‌وانیش پله‌كانیان ده‌گۆڕدرێت و یەكسان دەكرێنەوە لەگەڵ حكومەتی ناوەندی، چونكه‌ بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵی مووچه‌كانیان له‌گه‌ڵ فەرمانبەرانی عێراق یه‌كسان ده‌كاته‌وه‌.

وەك مەرسومی ڕوونی كردۆتەوە، كێشەیەكی دیكەی نێوان هەولێر و بەغدا ژمارەی مووچەخۆرانە و نووسیویەتی، “ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم لە یاسای بودجەی 2023ی عێراق بە 658 هەزار فەرمانبەر تۆماركراوە، بەڵام ئەو ژمارەیە بەرزدەبێتەوە بۆ ملیۆنێك و 250 هەزار و بگرە زیاتریش ژمارەكە بەرزدەبێتەوە بەهۆی دامەزراندن لە ناوچە جێناكۆكەكان لە كەركوك و دیالە و نەینەوا”.

دەشڵێت: “ماوەی 5 ساڵە دامەزراندن لە هەرێمی كوردستان نەبووە جگە لە دەرچووانی كۆلێژە پزیشكییەكان، بۆیە دەرچووانی ساڵانی ڕابردوو داوای دامەزراندن دەكەن و داوای مافەكانیان دەكەن هاوشێوەی ئەوانەی لە عێراق دامەزراون و دادگای فیدڕاڵی یەكسانی دروست كردووە لەنێوان فەرمانبەرانی هەرێم و ناوەند”.

جەختیشی كردۆتەوە، “بەهۆی ئەمانەوە لە كۆتاییدا پارەی پێویست بۆ مووچەی خانەنشینان و فەرمانبەرانی هەرێم دوای یەكسان كردنیان لەگەڵ عێراق زیاد دەكات و ئەوەی ئێستا بە 950 ملیار دینار دیاری كراوە زیاد دەكات بۆ ترلیۆنێك و 250 ملیار دینار”.

ئێران یەكەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی دیاریكرد
پێت ئێران یەكەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی دیاریكرد
فەرهاد تۆفیق: دەرکراوەکان، دەرکراون و ناتوانن بگەڕێنەوە
دوات فەرهاد تۆفیق: دەرکراوەکان، دەرکراون و ناتوانن بگەڕێنەوە
پەیوەندیدار