دوای خانەنشینبوون پشووی نەدا و دەستی بە وێنەکێشان کرد



زۆرجار خانەنشینی وەک ئامانجێکی پشوودان و حەسانەوە سەیر دەکرێت، بەڵام دەتوانرێت دەرفەتێکی باش بێت بۆ تاقیکردنەوەی شتی نوێ و بەشداریکردن لە چالاکییەکاندا.

یەکێک لەو چالاکیيانەش هونەرە بە هەموو جۆرەکانییەوە کە سوودێکی زۆری هەیە لە پڕاکتیکردن لە ساڵانی خانەنشینییدا بۆ پتەوکردنی مێشک و کەمکردنەوە فشار کە ئەمەش دەبێتە هۆی تەندروستییەکی باش.

هادی فەتاح عومەر، خەڵکی پارێزگای هەڵەبجەیە، دوای خانەنشینبوونی، بۆ ئەوەی سوود لە کاتەکانی وەربگرێت، دەستی داوەتە هونەری تابلۆکێشان و ڕۆژانە چەند کاتژمێرێک لە ماڵەکەی خۆیدا بە دەم تابلۆکێشانەوە کاتەکانی بەسەر دەبات.

هادی فەتاح عومەر، ماوەی شەش ساڵە خانەنیشن بووە و، لەو کاتەوە بەشێوەیەکی بەردەوام ڕۆژانە خەریکی تابلۆکێشانە و ڕەنگە جوانەکانی سروشت تێکەڵ بەیەکتر دەکات و وەکخۆی دەڵێت زیاتر حەز لە دیمەنەکانی سروشت دەکات و لەسەر خواستی هاووڵاتییانیش تابلۆکانیش دەکێشێت.

ئەو هونەرمەندە، تەمەن حەفتا ساڵە، پێشتر لە بواری کشتوکاڵ خوێندوویەتی و ماوەیەکی زۆر لەم بوارەدا خزمەتی کردووە، بەڵام هونەری وێنەکێشان لە منداڵییەوە لەگەڵی گەورە بووە و بەشێوەیەکی پچڕ پچڕ پەرەی پێداوە تا ئەوکاتەی خانەنشین دەبێت، ئیتر لەم کاتەوە بەشێوەیەکی بەردەوام خەریکی تابلۆکێشان دەبێت.

هادی فەتاح عومەر لە ژوورێکی ماڵەکەی خۆیدا ڕۆژانە خەریکی تابلۆکێشانە و لەبارەی هونەرەیەکەوە دەڵێت: “لە منداڵییەوە حەزم بەکاری هونەری کردووە و بەشێوەیەکی پچڕ پچڕ وەک حەز و خولیا کارم کردووە، بۆخۆم لە بواری کشتوکاڵییدا خوێندوومە و نەچوومەتە هونەرەجوانەکان، بەڵام بە گشتی لە دوای ساڵی ٢٠١٨دا کاتێک خانەنشین بووم، بەشێوەیەکی بەردەوام خەریکی تابلۆکێشانم”

هونەرمەندەکان دەتوانن سوود لە پەیوەندییەکانییان وەربگرن بۆ پەرەپێدان بە هونەرەکەیانەوە، بۆ ئەم مەبەستەش هونەرمەند هادی فەتاح زیاتر سوود لەو وێنە ڕاستەقینانە وەردەگرێت کە هاووڵاتییان بۆی دەنێرن و ئەمیش لەسەر تابلۆیەک وێنەکە دەکێشێت.

لەمبارەیەوە هونەرمەند هادی فەتاح وتی: “زۆربەی دیمەنی نێو تابلۆکانم ڕاستەقینەن، چونکە خەڵک دێن بۆ لام وێنەیەکیان لەلایە کە دیمەنێکی سروشتە و منیش لەسەر هەمان وێنە تابلۆیان بۆ دەکێشم، هەندێکجاریش هەر بیرۆکەکەیان بۆ باسکردووم، لەسەر ئەو بنەمایە تابلۆکەم کێشاوە، لە تابلۆکانیشدا زیاتر ئەکرلیک بەکاردەهێنم (بۆنی کەمترە بەراورد بە ڕەنگی زەیتی)، ڕەنگی زەیتی بەکارناهێنم بەهۆی ئەوەی بۆنی هەیە چونکە من لە ماڵەوە کار دەکەم”.

لە جیهاندا نرخی تابلۆکان، بەپێی کوالێتی و ماددەکانی بەکارهاتوو دەستنیشان دەکرێت، سەرەڕای ئەوەی دەستڕەنگینی و ناوبانگی هونەرمەندەکە لەبەرچاو دەگیرێت، بەڵام لە هەندێک وڵاتان، هونەرمەند بۆ بژێوی ژیانی، ناچارە تابلۆکانی بەهەر نرخێک بێت، بفرۆشرێت.

هونەرمەند هادی فەتاح عومەر لەمبارەیەوە وتی: “نرخی تابلۆکانم زۆر گران نین، هەرچەندە من چوار بۆ پێنج ڕۆژ خەریکی تابلۆیەک دەبم بەشێوەیەک، دوو کاتژمێر بەیانییان و دوو کاتژمێر ئێواران، بەڵام ڕەچاوی دۆخی دارایی خەڵک دەکەم ئەگەرنا ماندووبوونەکەم زۆرە، تابلۆم کێشاوە کە شایستەی یەک ملیۆن دینار بووە بەڵام بە ٢٠٠ هەزار دینار فرۆشتوومە چونکە پێویستم بە پارەکە هەبووە بۆ بژێوی ژیانم”.

لە ژوورەکەی ئەودا، ژمارەیەک تابلۆ هەڵواسراون، لەبارەی خۆشەویستترین تابلۆ لای ئەو هونەرمەندە، هادی فەتاح گوتی: “یەکێک لە خۆشەویستترین تابلۆکانم ئەمەیە کە لە ساڵی ١٩٩٦ کێشاومە، تابلۆکە باس لە ڕۆژگارێک دەکات کە لە ئۆردوگای سەحنە بووم لە کرماشان، دیمەنەکە وەرزی بەهارە و کاتێکی دەمە و ئێوارەیە و، بارانێکی زۆر دەبارێت، ئەم تابلۆیە زۆر لەلام خۆشەویستە و دەمگەڕێنێتەوە بۆ کۆمەڵێک بیرەوەری تاڵ و شیرین”.

 

نرخی نەوت دابەزی و زێڕیش لە ئاستێکی بەرزدا ماوەتەوە
پێشت نرخی نەوت دابەزی و زێڕیش لە ئاستێکی بەرزدا ماوەتەوە
بازرگانی عێراق دابەشکردنی بەشەخۆراکی ڕاگەیاند
دواتر بازرگانی عێراق دابەشکردنی بەشەخۆراکی ڕاگەیاند
ەیوەندیدار