نرخی گۆشتی سوور دابەزی



بەهۆی دوو بڕیاری حكومەتی عێراقەوە نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەكانی عێراق و هەرێم ڕووی لە دابەزین كرد و هەر ئەمڕۆ بۆ یەك كیلۆی زیندەقەپان هەزار دینار دابەزیوە و بۆ هەفتەی داهاتووش نرخەكەی زیاتر دادەبەزێت.

لەئێستادا بەهۆی هاوردەكردنی ئاژەڵ لە دەرەوەی سنوورەكانی عێراق و ڕەوانەكردنی بەشێكی زۆری ئاژەڵ بۆ بازاڕەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەكانی هەرێم بۆ زیاتر لە 23 هەزار دینار بۆ یەك كیلۆ بەرزبۆتەوە و لە بازاڕەكانی عێراقیش لە 18 بۆ 19 هەزار دینارە.

بەپێی بەدواداچوونی (خەڵك) لە مەیدانی ئاژەڵفرۆشان، ماوەی دوو ڕۆژە بەهۆی چەند بڕیارێكی حكومەتی عێراقییەوە فرۆشتنی ئاژەڵ بە زیندەقەپان لە بازاڕەكانی هەرێمەوە بۆ ناوچەكانی عێراق كەم بۆتەوە و بەهۆیەوە نرخی زیندەقەپان هەزار دینار دابەزیوە و ئەوەش كاریگەری لەسەر نرخی گۆشتی سوور دەبێت و هەرزانی دەكات.

هەر بەپێی بەدواداچوونەكە، بەهۆی كەم بوونەوەی فرۆشتنی ئاژەڵ بە بازاڕەكانی عێراق نرخی گۆشت لە بازاڕەكانی هەرێم هەرزان دەبێت، بەو پێیەی عێراق ڕێگای هاوردەكردنی ئاژەڵی بۆ بازرگانان كردۆتەوە و كارئاسانی پێشكەش كردوون.

لای خۆشیەوە، ئەنجوومەنی وەزاری ئابووری عێراق ئەمڕۆ دوو شەممە كۆبوونەوەیەكی ئاسایی هەفتانەی خۆی ئەنجامدا بە مەبەستی ڕێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت و خۆراك لەكاتێكدا چەند ڕۆژێكی ماوە بۆ مانگی ڕەمەزانی پیرۆز.

بەپێی ڕاگەیەنراوی حكومەتی عێراق، ئەنجوومەنی وزاری ئابووری بڕیاری دا باجی گومرگی لەسەر ئاژەڵ و مەڕی هاوردەکراو بە ڕێژەی 50% بۆ ماوەی یەک ساڵ کەم بکاتەوە.

هاوكات، وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرای كرد، كە ئەمڕۆ زیاتر لە 9 هەزار مانگا و گۆلك داخڵی عێراق كراوە و ئەوەش كاریگەری لەسەر نرخی گۆشت لە بازاڕەكان دەبێت.

جەختیشی كردۆتەوە، كە نابێت لە بازاڕەكاندا نرخی یەك كیلۆ لە 18 هەزار دینار زیاتر بفرۆشرێت.

هەروەها وەزارەتی بازرگانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە سەرەتای مانگی ئادار (3)وە گۆشتی سوور و هێلكە و مریشك بە نرخی هەرزان و پاڵپشتی كراوی حكومی دەخەنە بازاڕەكانەوە لەڕێگەی ناوەندەكانی فرۆشتنی وەزارەت و تیمە گەڕۆكەكان لە پارێزگا و شارەكان.

نەخۆشی “سوورێژە” لەناو منداڵان بڵاوبۆتەوە
پێشت نەخۆشی “سوورێژە” لەناو منداڵان بڵاوبۆتەوە
جیاوازی لە دیاری كردنی یەكەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان دروست دەبێت
دواتر جیاوازی لە دیاری كردنی یەكەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان دروست دەبێت
پەیوەندیدار