نەخۆشی “سوورێژە” لەناو منداڵان بڵاوبۆتەوە



وەزارەتی تەندروستی عێراق زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی بە سوورێژە ڕاگەیاند، هاوکات جەختی لەسەر گرنگی پابەندبوونی هاووڵاتیان کردەوە بە کوتانی منداڵەکانیان بۆ ئەوەی تووشی نەخۆشییەکە نەبن.

د.سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی (العراقیە)ی ڕاگەیاندووە، “سوورێژە نەخۆشییەکی گوازراوەیە، کە لە هەموو وڵاتاندا بڵاوبۆتەوە و لە عێراق-یش زیادبوونی ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە لە سەرووی ڕێژەی ئاساییەوە تۆمارکراوە”.

وتیشی، “لە ساڵی ڕابردووەوە بە شێوەی پلەبەندی تاوەكو ئەمساڵیش ڕێژەی تووشبوون بە سوورێژە زیادی كردووە لە سەرجەم پارێزگاكان بەڕێژەی جیاواز”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، “زۆربەی ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشی سوورێژە دەبن لەماوەی چەند ڕۆژێکدا چاک دەبنەوە، بەڵام ئەم نەخۆشییە توانای گواستنەوەی لە کەسێکی تووشبووەوە بۆ کەسێکی دیکەی هەیە، بەتایبەتی منداڵان”.

د. سەیف ڕوونیشی كردەوە، صالح حەسناوی، وەزیری تەندروستی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر جەختی لەسەر گرنگی کوتانی منداڵان كردەوە، چونكە “ڤاکسینەکان کاریگەرییان سەلماندووە لە خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان، لەنێویاندا سورێژە”، بۆیە داوای لە هاووڵاتیان کرد “پابەندبن بە خشتەی کوتان بۆ منداڵەکانیان”.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاشكراشی كرد، “نەخۆشی سوورێژە تووشی هەموو كەسێك لە هەر تەمەنێكدا بێت، دەبێت، بەڵام زۆرترین ئەوانەی تووشب دەبن منداڵانن”.

جەختیشی کردەوە “پێویستی گرنگی بدرێت بە نیشانەکانی سوورێژە لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدا، هەروەها جیاکردنەوەی کەسی تووشبوو تاوەکو زنجیرەی بڵاوبوونەوەی هەوکردنەکە بپچڕێنرێت و كۆنتڕۆڵی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە بكرێت”.

د. سەیف دەشڵێت: “ڤاکسینەکان لە دامەزراوە تەندروستییەکان و لە سەرچاوە نێودەوڵەتییە متمانەپێکراوەکانەوە بەردەستن و ڕێژەیەکی بەرزی پاراستن بەدەست دەهێنن”.

دڵنیایی ئەوەشی دا، “دامەزراوە تەندروستییەکانمان توانای وەرگرتن و مامەڵەکردنیان لەگەڵ ئەو کەسانەدا هەیە، کە تووشی نەخۆشی سوورێژە بوون و زیادبوونی تووشبوون بە نەخۆشییەكە دیاردەیەکی سروشتییە، جارجارە شەپۆلێک هەیە بەرزدەبێتەوە و دواتر وردە وردە کەم دەبێتەوە و ئەمەش بەندە بە ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگا لە ڕێوشوێنی خۆپارێزی و داواکاری بۆ وەرگرتنی ڤاکسین”.

بە وتەی ناوبراو، “سورێژە لە حاڵەتە دەگمەنەکاندا دەبێتە هۆی ئاڵۆزییەکان یان تەنانەت مردنیش، ئەمەش بەندە بە دۆخی بەرگری لەشی کەسی تووشبوو و هۆکارەکانی دیکە”.

ئاماژە و نیشانەکانی نەخۆشی سوورێژە دوای بەرکەوتن بە ڤایرۆسەکە بۆ ماوەیەک لە نێوان ١٠ بۆ ١٤ ڕۆژ دەردەکەون، كە بەزۆری بریتین لە “تا، کۆکەی وشک، ئاوی لووت، هەوکردنی قورگ و چاو (هەوکردنی پێڵوی چاو)، هەروەها دەرکەوتنی پەڵەی سپی بچووک لەگەڵ پەڵەی سپی و هەروەها بڵقی سپی مەیلەو شین، كە دەورووبەری سوورە لە ناو دەمدا، کە بە پەڵەی کۆپلیکیش ناودەبرێت، جگە لە پەڵەیەک کە پێکهاتووە لە پەڵەی تەختی گەورە، زۆرجار بەیەکەوە گرێدراون.

 

بارزانی و بلینكن لە واسنتۆن كۆبوونەوە
پێشت بارزانی و بلینكن لە واسنتۆن كۆبوونەوە
نرخی گۆشتی سوور دابەزی
دواتر نرخی گۆشتی سوور دابەزی
ەیوەندیدار