فوئاد حسێن و بلینکن باسی سزادانی بانکە عێراقییەکان دەکەن



وەزیری دەرەوەی عێراق داوا لە هاوتا ئەمریکییەکەی دەکات چاو بە بڕیاری سزادانی ئەو بانکە عێراقییانەدا بخشێننەوە کە لەلایەن واشنتۆنەوە خراونەتە لیستی ڕەشەوە و مامەڵەکردن بە دۆلاریان لێ قەدەغە کراوە.

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن هاوتا ئەمریکییەکەی ئەنجامدا و تێیدا باسیان لە هێرشەکانی ئەمدواییەی ئەمریکا بۆ سەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران و سزادانی بانکە عێراقییەکانیان کرد.

فوئاد حسین ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق هێرشەکانی ئەمریکا ڕەتدەکاتەوە و جەختیش لە پێویستیی ڕاگرتنیان دەکاتەوە. ئەوەشی خستەڕوو کە عێراق ناخوازێت ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێی وڵاتە ناکۆکەکان.

هەردوولاش جەختیان لە گرنگیی پتەوکردنی هاوبەشیی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا و بەردەوامبوونی هەماهەنگی و ڕاوێژ کردەوە بۆ بەرەنگاربوونەوە ئەو ئاڵنگارییانەی لە ناوچەکەدا بەرەو هەڵکشان دەچن.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا باس لە سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ سەر حەوت بانکی عێراقی کرا کە پێشتریش 14 بانکی دیکەی سزا دابوو.

هەرچەندە لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە ئەمریکا هۆکاری سزادانی بانکەکانی ڕووننەکردووەتەوە، بەڵام پێشتر واشنتۆن ڕایگەیاندبوو کە ئەو بانکانە لە سپیکردنەوەی پارە بۆ ئێران و سوپای پاسدارانەوە تێوەگلاون.

هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا فوئاد حسێن داوای لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد، چاو بە بڕیاری وەزارەتی گەنجینەدا بخشێنێتەوە، چونکە ئەو بانکانە ڕۆڵێکی گرنگ و گەورەیان لە دابینکردنی خەرجی بەشەخۆراکی مانگانەی خێزانە کەمدەرامەتەکانی عێراقدا هەیە و سزادانیشیان کاریگەریی لەسەر ئەو خێزانانە دروست دەکات.

کونسوڵخانەی ئەمریکا هەڵوێستێکی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دەگۆڕێت
پێشت کونسوڵخانەی ئەمریکا هەڵوێستێکی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دەگۆڕێت
شاندی هەرێم: داوای بەردەوامبوونی یارمەتییەکانی ئەمریکا دەکەین
دواتر شاندی هەرێم: داوای بەردەوامبوونی یارمەتییەکانی ئەمریکا دەکەین
ەیوەندیدار