یەكێتی مامۆستایان بۆ پلەبەرزكردنەوە داوایەك لە حكومەتی هەرێم دەكات



یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پلەی سەربازی پێشمەرگە بەرزكرایەوە، لەكاتێكدا ماوەی 10 ساڵە مامۆستایان و فەرمانبەران لەچاوەڕوانیدان بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەیان و دەشڵێت: “داواكارین هەنگاو و بڕیاری جددی بنرێت بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان”.

مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، وەكو دەزانن مامۆستایان لە بارودۆخێكی سەختدان. جارێكی دیكە جەخت دەكەینەوە لەسەر یاداشتە چوار خاڵییەكەی یەكێتی مامۆستایان، كە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرزكراوەتەوە.

جەختیشی كردۆتەوە، مامۆستایانیش بەهەمان شێوەی برا ئەفسەرو پێشمەرگەكان شایەنی پلەبەرزكردنەوەن. لەكاتێكدا ئەمڕۆ نۆیەمین خشتەی پلەبەرزكردنەوەی ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەرچووە، بەڵام هێشتا پلە بەرزكردنەوەی مامۆستایان دەستی پێنەكردووە”.

دەقی بەیاننامەكە:
ئەمڕۆ پلەی سەربازی زیاتر لە چوارهەزار ئەفسەر لەوەزارەتی پێشمەرگە بەرزكرایەوە، ئەمەو لەكاتێكدا ماوەی دە ساڵە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەردوو وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا لەچاوەڕوانیدان بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەیان.
یەكێتی مامۆستایانی كوردستان پێزانینی هەیە بۆ هەر هەنگاوێك بۆ باشتركردنی گوزەرانی مووچەخۆرانی كوردستان، ئەمڕۆ خۆشبەختانە پلەی (٤٣٠٤) ئەفسەر لە ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە و یەكەكانی ۷۰ و ٨۰ بەرزكرایەو، وێرای پیرۆزباییمان لە ئەفسەرانی پلەبەرزكراوە هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازین، كە ئەفسەران و هێزەكانی یەكەكانی ٧٠ و ٨٠ هەمیشە لەخۆبردووانە و خۆنەویستانە لە پاراستنی خاك و نیشتمان بەردەوام بوونە.
بۆیە لێرەوە رووی داواكاریمان لە حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە هەرچی زووە كار بكات بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا كە خۆراگرانەو ماندوونەناسانە هاوشان لەگەڵ برا ئەفسەرو پێشمەرگەكان لەسەنگەری خزمەتكردن بە گەل و نیشتمان بوونە، مامۆستایانیش بەهەمان شێوەی برا ئەفسەرو پێشمەرگەكان شایەنی پلەبەرزكردنەوەن. لەكاتێكدا ئەمڕۆ نۆیەمین خشتەی پلەبەرزكردنەوەی ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەرچووە، بەڵام هێشتا پلە بەرزكردنەوەی مامۆستایان دەستی پێنەكردووە.
لەكۆتاییدا هیوادارین، حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری جددی و هەنگاوی كردەیی بنێت بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان، وەكو دەزانن مامۆستایان لە بارودۆخێكی سەختدان. جارێكی دیكە جەخت دەكەینەوە لەسەر یاداشتە چوار خاڵییەكەی یەكێتی مامۆستایان كە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرزكراوەتەوە كە خۆی لەم چوار خاڵە دەبینێتەوە:
١- پێدانی مووچەی مانگانە لەكاتی خۆی.
٢-دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران.
٣-دامەزراندن یان بە گرێبەستكردنی مامۆستایانی وانەبێژ.
٤-هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم وەكو خانەنشینانی عێراق.
یەكێتی مامۆستایانی كوردستان
مەكتەبی سكرتاریەت
١-٢-٢٠٢٤

 

داهاتی نەوتی مانگێك 8 ملیار دۆلاری تێپەڕاند
پێشت داهاتی نەوتی مانگێك 8 ملیار دۆلاری تێپەڕاند
سێ‌ سیناریۆ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان ئاشكرادەكرێت
دواتر سێ‌ سیناریۆ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان ئاشكرادەكرێت
ەیوەندیدار