وەک بەرزەکی بانان



خالد سلێمان

ماوەیەکی زۆر بوو بەدوای ناوە کوردییەکەی ئەم گیانەوەرە کێوییە جوان و شەرمنەدا دەگەڕام کە بە ئینگلیزی و فەرەنسی پێی دەڵێن Lynx، بە عەرەبیش پێی دەڵێن (الوشق). پرسیارم لە چەند هاوڕێیەکم کرد ئەوانیش وەک من نەیاندەزانی ناوە کوردییەکەی چییە. ئەمڕۆ زۆر دڵخۆش بووم کە لە ڕێگەی پۆستێکی کورتی کاک (بڕیار ڕزگار)ەوە Bryar Rzgar زانیم ناوی (بەرزەک)ە. ناوە کوردییەکە پڕ بەپێستێتی، چونکە گیانەوەرێکی کێوی خێراو بەدەست و بردە لە گرتنی نێچیرەکانیدا؛ وەک بەرزەکی بانانە.

هەر بەم بۆنەیەوە چیرۆکی ئەم گیانەوەرەتان بۆ دەگێڕمەوە لەکاتی نەبونی و برسێتیدا، هەوروەها ئەو ڕۆڵە گرنگەی لە ڕاگرتنی تەرازوی سیستمی ژینگەییدا دەبینێت. یەکەم خەسڵەتی ئەوەیە کە گیانەوەرێکی شەرمنەو تەنها لە شەواندا دەردەچێت و بەدوای خۆراکدا دەگەڕێت، لە خێزانی پشیلە کێوییەکانە و زۆر ژیرە لە ڕێکخستنی خێزان و پاراستنی وەچەکانیدا. جۆری زۆرەو لە کوردستانیشدا هەیە، بەڵام زۆر بەکەمی و بە دەگمەنیی دەبینرێت. سەرچاوەی خۆراکی لە سیستمێکی ژینگەییەوە بۆ یەکێکی تر دەگۆڕێت و هەمان شت نیە. ئەوەی من لێرەدا دەیگێڕمەوە پەیوەستە بە (بەرزەک)ی باکوری ئەمریکاوە، واتە کەنەدا.

بەرزەکی باکوری کەنەدا، ڕاهاتوی ئاوهەوایەکی ساردو بەستەڵەکە، بەڵام شەرمنیی خەسڵەتێکی هاوبەشێتی لەگەڵ هەموو جۆرەکانی تردا لە ئەوروپاو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شوێنەکانی تردا. سەرچاوەی سەرەکیی خۆراکەکەی کەروێشکە قاپ سپییەکانی باکوری ئەمریکان. ئەمەش چیرۆکە سەرنجڕاکێشەکەیە:

کاتێک ژمارەی قاپ سپییەکان لەبەر هۆکاری جیا جیا کەم دەبێت، ژیانی بەرزەک دەکەوێتە مەترسییەوەو توشی برسێتی دەبێت. ئیتر ناچار دەبێت ڕاوی سمۆرەو مشک بکات یان بۆ ماوەیەکی هەر گیانەوەرێکی تری کێوی بخوات. ئەمەش لە ڕووی جەستەیی و هۆشەوە لاوازی دەکات و تەرکیزی نامێنێت؛ تەنانەت ئەوەندە لاواز دەبێت، توانای بەرگریکردنیشی لە خۆی نامێنێت و دەبێتە نێچیری گیانەوەی گۆشتخۆری تر. لەم حاڵەتەشدا، کەمخۆراکیی نەک تەنها لاوازی دەکات، بەڵکو شیری لێدەبڕێت و بێچووەکانیشی ڕووبەڕووی برسێتی و نەخۆشی دەبنەوەو دەمرن. ئەوەش کە لەسەر بەرزەک ناسراوە، مێینەکان بەرپرسیارێتی بێچووەکان هەڵدەگرن و نێرەکان دوور لە خێزانەکان دەژین، بەگشتیش بەرزەک گیانەوەرێکی تەنهایەو بەگروپ ناژیت.

بۆ ئەوەی بێچووەکانی ڕوبەڕوی برسێتی نەخۆشی و مردن نەبنەوە، مێینەی بەرزەک لە کاتی قات و قڕی و برسێتیدا بڕیای پێشوەختەی هەیە، ئەویش نەخستنەوەی (بەرزۆک)ە، واتە بێچووی نوێ. کاتێک بەرزەکی مێینە تێبینی ئەوە دەکات ژمارەی کەروێشکی قاپ سپی کەمەو تێر خواردن نابێت، ئارەزووی دایکایەتی پێی دەڵێت کە توشی قات و قڕی دەبێتەوەو ڕۆژانی سەخت لەسەر ڕێگەن، ئیتر لێرەوە بڕیار دەدات لە نێرینەکان دوور بکەوێتەوە تا جوتبوون دروست نەبێت و بێچوو نەخاتەوە، چونکە مەزەندەی برسێتی کردوەو نایەوێت بێچوو بخاتەوەو لەبەر چاویدا لەبرسانا بمرن. ئەم ئاستە لەژیری و بیرکردنەوەی پێش وەختەدا، بەشێکی گرنگە لە سیستمی ژیانی بەرزەکە، هەروەها بەشێکە لەپاراستنی هۆش و وزەی خۆی لە دەمی نەبوونیدا.

هەڵبەتە خاڵێکی تری گرنگ هەیە لەم باس و خواسەدا، ئەویش ئەوەیە ئەگەر کەروێشکی قاپ سپی ئەمریکی سەرچاوەی خۆراک و مانەوەی ئەم گیانەوەرە شەرمنە بێت، ئەوا بەرزەکیش ڕێکخەری ژمارەی دانیشتوانی کەروێشکە کە زۆر بەخێرایی زیاد دەکات. هەر بەرزەکێک، بەلایەنی کەمەوە هەفتانە پێویستی بە سێ کەروێشکەو بەم شێوەیەب هەردولا بەشداری لە ڕێکخستنی هەمە-جۆری و سیستمی ژینگەییدا دەکەن

بەڕێوەبەرێکی پەروەردە دەستیلەکارکێشایەوە
پێشت بەڕێوەبەرێکی پەروەردە دەستیلەکارکێشایەوە
بوکێک قژی بە وێنەی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق دەڕازێنێتەوە
دواتر بوکێک قژی بە وێنەی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق دەڕازێنێتەوە
ەیوەندیدار