گاردیان گەندەڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ئاشکرادەکات



گاردیانی بەریتانی ڕایگەیاندووە، ستافی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر پڕۆژە هاوکاری عێراق بە بڕی ١.٥ ملیار دۆلار “داوای بەرتیل” دەکەن

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، ئەو کارمەندانەی لە عێراق کار بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن، لە بەرامبەر یارمەتیدانی بازرگانان و ئاسانکردنی مامەڵەکانیان بۆئەوەی گرێبەستی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەی دوای جەنگ لە عێراق بەدەستبهێنن، داوای بەرتیل دەکەن.

بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکانە-UNDP لە ساڵی ٢٠١٥ دەستیپێکردووە و بە بڕی ١.٥ ملیار دۆلار پشتگیری کراوە لەلایەن ٣٠ بەخشەرەوە کە بەریتانیا لەنێویاندایە.

بەرتیل وەرگرتن لەلایەن کارمەندەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، یەکێکە لەو گەندەڵییانی کە “ڕۆژنامەی گاردیان” ئاشکرای کردووە.

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ملیارەها دۆلار هاوکارییان بۆ عێراق ناردووە، بەڵام دوای بیست ساڵ، هێشتا عێراق بەدەست خراپی خزمەتگوزاری و ژێرخانی ئابوورییەوە دەناڵێنێت، سەرەڕای ئەوەی چوارەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی جیهانە و لە ساڵی ڕابردوودا ١١٥ ملیار دۆلار داهاتی نەوتی بووە.

گەندەڵی و بەرتیل بە “خوێنی ژیانی سیاسی لە عێراق” وەسف کراوە، هەر بۆیە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاستەوخۆ پڕۆژەکان ئەنجام دەدات، بەڵێنی شەفافیەت زیاتر لە دامەزراوە ناوخۆییەکان دەدات و دەڵێت، “میکانیزمی ناوخۆیی هەیە کە ڕێگری لە گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردن دەکات”، بەڵام  ئەو ڕۆژنامە بەریتانییە پێچەوانەکەی ئاشکرا کردووە.

چاوپێکەوتن لەگەڵ زیاتر لە ٢٠ کارمەندی ئێستا و پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵێندەرەکان، بەرپرسانی عێراقی و ڕۆژئاوایی، ئەوە پیشان دەدەن کە نەتەوە یەکگرتووەکان پەرەیداوە بە “بەرتیل” بۆ ئەنجامدانی مامەڵەکانیان، بە ڕێژەی ٪١٥ بەهای گرێبەستەکە لەلایەن کارمەندانی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان.

بەڵێندەرەکان لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەیان بەوەکردووە، کەس ناتوانێت گرێبەست بەدەستبهێنێت بەبێ ئەوەی پارە بدات و دەڵێن، “لەم وڵاتەدا بەبێ ئەوەی پارە بدەیت ناتوانیت هیچ شتیک بەدەست بهێنیت، نە لە حکومەت، نە لە بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان”.

کارمەندێکی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان ڕایگەیاند، ئەو ڕێککەوتنانە بە شێوەی کەسی ئەنجامدراون نەک لەسەر کاغەز بۆ ئەوەی نەتوانرێت ئاشکرا بکرێن، کەسانێک هەڵدەبژێرن کە دەسەڵاتیان هەبێت و لەلایەن کەسی سێیمەوە پاڵپشتی بکرێن کە ئەوانیش پشکیان لەو پارەیەدا هەیە.

هاوکات بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان ڕایگەیاندووە، تۆمەتەکانی گەندەڵی و نەبوونی شەفافیەت زۆر بە جددی وەردەگرن و “لێبوردنیان بۆ ساختەکاری و گەندەڵی نابێت”.

بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان بانگەشەی ئەوە دەکات کە ژیانی ٨.٩ ملیۆن عێراقی باشتر کردووە کە یەک لەسەر پێنجی دانیشتوانی وڵاتەکەیە، بەڵام سەردانی گاردیەن بۆ شوێنەکانی پڕۆژەکان ئەوە دەردەخاتە کە ئەو ژمارانە زیادەڕەوییان تێدا کراوە.

 

سەرچاوە: The Guardian

 

عێراق كۆتایی هاتنی وردبینی لە لیستی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاگەیاند
پێشت عێراق كۆتایی هاتنی وردبینی لە لیستی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاگەیاند
وەزارەتی ناوخۆ دەربارەی گرێبەستی ئەلیکترۆنی و دووبەرامبەرکردنی سزاکانی سەرپێچی بڕیاری دا
دواتر وەزارەتی ناوخۆ دەربارەی گرێبەستی ئەلیکترۆنی و دووبەرامبەرکردنی سزاکانی سەرپێچی بڕیاری دا
ەیوەندیدار