وەزارەتی ناوخۆ دەربارەی گرێبەستی ئەلیکترۆنی و دووبەرامبەرکردنی سزاکانی سەرپێچی بڕیاری دا



وەزارەتی ناوخۆ دوو بڕیاری تایبەت بە سزای گرێبەستی ئەلیکترۆنی و دووبەرامبەرکردنی سزاکانی سەرپێچی دەرکرد.

ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، وەزارەتی ناوخۆ فەرمانێکی گرنگی وزاری لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان دەرکرد.

لەو فەرمانەدا کە واژۆی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی لەسەرە هەموو ئەو هاووڵاتیانەی لە ماوەی ڕابردوو تا ٣١/١٢/٢٠٢٣ بە هۆی کەمدەرامەتی یان بێئاگایی لە ڕێنماییەکان کەوتوونەتە سزای گرێبەستی ئەلیکترۆنییەوە، لێبوردنیان لەو سزایە بۆ دەرچوو.

وەزارەتی ناوخۆ داوای لە هاووڵاتییانیش دەکات کە لەمەودوا لە ماوەی یاسایی گرێبەستی ئەلیکترۆنی خاوەندارێتی ئۆتۆمبێل بۆ کڕیار بگوازنەوە بۆ ئەوەی تووشی سزای دارایی و کێشەی یاسایی و کۆمەڵایەتی نەبن.

وەزارەتەکە ڕاشیگەیاند، کە بڕیاری دووبەرامبەرکردنی سزاکانی سەرپێچی هاتوچۆ کە پێشتر دەرچوو بوو، لەبەر باری دارایی هاووڵاتییان و تەواونەبوونی ئامادەکارییە تەکنیکییەکان، ڕاگیرا.

ئەمەی خوارەوە دەقی فەرمانە وزارییەکەیە:

لەبەر بەرژەوەندی گشتی، بە پێی ئەو دەسەڵاتەی پێماندراوە، بڕیارماندا بە:

یەکەم: لێخۆشبوون لە سزای دواکەوتنی گواستنەوەی خاوەندارێتی ئۆتۆمبێل (سزای گرێبەستی ئەلیکترۆنی) کە ڕێکخراوە بە گوێرەی ڕێنمایی ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٢١ و هەموارەکانی. ئەم لێخۆشبوونە هەموو ئەو شوفێرانە دەگرێتەوە کە تا ٣١/١٢/٢٠٢٣ سزای داراییان هاتۆتەسەر بە هۆی نەگواستنەوەی خاوەندارێتی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کڕیویانە ئینجا بە هۆی کەمدەرامەتی بێت یان بێئاگایی لە ڕێنماییەکان. پێویستە لەمەولا هاووڵاتیان لە ماوەی یاساییدا خاوەندارێتی ئۆتۆمبێل بۆ کڕیار بگوازنەوە بۆ ئەوەی لە سزای دارایی و کێشەی یاسایی و کۆمەڵایەتی بەدوور بن.

دووەم: ڕاگرتنی کارکردن بەو بڕگەیەی فەرمانی وزاریمان ژمارە ٢٥٥٨٢ لە ١٠/٩/٢٠٢٣ کە تایبەتە بە جێبەجێکردنی بەشی (٢٠) لە یاسای هاتوچۆ ژمارە (٨٦)ی ساڵی٢٠٠٤ لە دوای ٢٨/٢/٢٠٢٤، ئەمەش لەبەر ڕەچاوکردنی بارودۆخی دارایی هاووڵاتیان و هەروەها تەواونەبوونی ئامادەکارییە تەکنیکییەکانی ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتیان لە کاتی ئەنجامدانی سەرپێچی هاتوچۆ.

داوا لە هاووڵاتیان دەکەین خۆیان لە سەرپێچی هاتوچۆ بپارێزن و پابەندی یاسا و ڕێنماییەکان بن. لە کاتی ئەنجامدانی هەر سەرپێچییەک، بە زووترین کات پاکتاوی دارایی بکەن بۆ ئەوەی سزایان لەسەر کۆنەبێتەوە و ئەو سزا داراییەش ببێتە ڕێگر لە ئەنجامدانی سەرپێچی دیکە.

ڕێبەر ئەحمەد

وەزیری ناوخۆ

 

گاردیان گەندەڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ئاشکرادەکات
پێشت گاردیان گەندەڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ئاشکرادەکات
وەزارەتی ناوخۆ شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە
دواتر وەزارەتی ناوخۆ شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە
ەیوەندیدار