هاتووچۆی سلێمانی كاتی خستنەكاری كامێراكان ئاشكرادەكات



بەڕێوەبەری گشتی هاتووچۆی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لە دوو رۆژی ڕابردوودا بۆ تاقیكردنەوه كامێراكان خراونەتەوە كار و پێدەچێت لە هەفتەی داهاتووەوە بخرێنە كار و دەشڵێت: “كامێرای تیژڕەوی سیستەمی راوكردنی گیرفانی هاووڵاتیان نییە، تا لە شوێن و كاتی نادیار دابنرێت”.

عەمید ئاسۆ محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی هاتووچۆی سلێمانی ڕایگەیاندووە، بەهۆی هەبوونی كۆمەڵێك كێشەی هونەرییەوە، پێشتر كامێراكانی چاودێریكردنی تیژڕۆیی بەپێی پێویست نەبوون و لەكاركەوتبوون، بەڵام لە دوو ڕۆژی ڕابردودا و بۆ تاقیكردنەوه كامێراكان خراونەتەوە كار، بۆ ئەوەی شەقامەكان بەكامێرا كۆنتڕۆڵ بكرێت.

ڕاشیگەیاندووە، سەبارەت بە تۆماركردنی سەرپێچی لە (48) كاتژمێری ڕابردوودا تەنها بۆ تاقیكردنەوە كاری بە كامێراكان كردووە و سەرپێچییە تۆمار كراوەكان هەژمار ناكرێن‌، بەڵام پێدەچێت لە هەفتەی ئایندەوە كار بەكامێراكانی چاودێری تیژڕۆیی بكرێت، كە ئامانجی سەرەكی پابەندبوونی هاووڵاتیانە بە ڕێنماییەكانی هاتووچۆ نەك سزادانی شۆفێران.

وتیشی، “كامێرای تیژڕەوی سیستەمی ڕاوكردنی گیرفانی هاووڵاتیان نییە، تا لە شوێن و كاتی نادیار دابنرێت، بەڵكو پێویستە كامێراكان لە شوێنی دیاریكراودا و بەئاشكرا جێگیر دەكرێن و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانیەوە تەواوی شوێنی جێگیركردنی كامێراكانی تیژڕەوی بۆ هاووڵاتیان ئاشكرا دەكەین”.

عەمید ئاسۆ ئاشكراشی كردووە، ژمارەیەك كامێرا لە شەقامەكانی بازنەیی مەلیك مەحمود و ڕێگەی سەرەكی سلێمانی- تاسڵوجە و بەشێكی دیكەی شەقامەكان هەیە، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ بەنیازە ژمارەی كامێراكان زیاد بكات و (21) كامێرای دیكەی چاودێری تیژڕەوی لە بەشێكی دیكەی شەقامەكانی شاری سلێمانی جێگیر بكات لەگەڵ دانای ژمارەیەكی كامێرا بۆ قەزا و ناحیەكانی پارێزگای سلێمانی.

دوێنێ‌ سێ‌ شەممە، سەرچاوەیەک لە هاتووچۆی سلێمانی بە (خەڵک) ی ڕاگەیاند ، هەوڵێک هەیە بۆ چاککردنەوە و بەگەڕخستنەوەی کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی لەناو سەنتەری شاری سلێمانی.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشدا، لە ئێستادا وەک پێسنیار ئەم بابەتە خراوەتەڕوو، بەڵام لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار گفتوگۆ دەکرێت بۆ ئەوەی کاری چاکسازی ئەو کامێرایانە ئەنجام بدات و هەوڵ بدرێت بخرێنەوە کار.

زانکۆی سلێمانی لەسەر پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان هاتە دەنگ
پێشت زانکۆی سلێمانی لەسەر پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان هاتە دەنگ
شەپۆلێكی لێزمە باران هەرێم دەگرێتەوە و هۆشداری لافاو دەدرێت
دواتر شەپۆلێكی لێزمە باران هەرێم دەگرێتەوە و هۆشداری لافاو دەدرێت
ەیوەندیدار