مامۆستایانی نارازی: ناچینە ژێر فشارەکان و بایکۆت بەردەوام دەبێت



مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی رایانگەیاند، ناچینە ژێر فشارەکان و بایکۆت بەردەوام دەبێت و دەشڵێن:”دەسەڵات لە رێگەی بارەگای حزبی و بەکارهێنانی دامەزراوە پەروەردەییەکانییەوە هەوڵدەدات ئیرادەی مامۆستاین بشکێنێت و بیانگەرێنێتەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن، دەسەڵات فرمێسکی تیمساحی بۆ خوێندنی منداڵی هەژار دەرێژێت تاوەکو بەردەوامی بە تاڵانکارییەکانیان بدەن”

ئەمشەوی دووشەممە، ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، لێرە و لەوێ دەسەڵات لە ڕێگای بارەگایی حیزبی و بەکارهێنانی دامەزراوە پەروەردەییەکانەوە هەموو هەوڵی خۆی خستۆتە گەڕ و دەیەوێت ئیرادەی مامۆستایان بشکێنێت و بەبێ هیچ دەستکەوتێك بچنەوە هۆڵەکانی خوێندن، لە بەرامبەریشدا مامۆستایان و فەرمانبەران بە ئیرادەیەکی بەهێزتر لە ڕابردوو بەڵێنی خۆڕاگری و ڕووبەڕوو بونەوەی فشارەکان دەدەن و هیچ کات ناچینە ژێر فشارەکانتان، کە دەتانەوێت لە پاڵ ڕشتنی فرمێسکی تیمساحی بۆ خوێندن و منداڵی فەقیردا درێژە بە تاڵانکاریەکانتان بدەن و مامۆستایان بە گیرفانی خاڵی و دڵێکی شکاوەوە بەرنەوە نێو هۆڵەکانی خوێندن.

مامۆستایانی ناڕازی لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەیاندا دەڵێن:”دەمانەوێت لێرەوە ڕووبکەینە ئەو بەڕێوەبەر و بەرپرسە پەروەردەییە بەهەڵوێستانەی نەبونەتە بەشێك لە فشارەکان و پێیان بڵیین ئێوە لەگەڵ خۆتان و پەیامی پەروەردەیتاندا ڕاستگۆن و داهاتوو ئەمەتان وەك شانازی بۆ تۆماردەکات، لە هەمان کاتدا بەو بەڕێوەبەر و بەرپرسە پەروەردەییانەش کە بوونەتە بەشێك لە فشارەکانی دەسەڵاتی ستەمکار و بە زمانی هەڕەشەو سزا لەگەڵ مامۆستایاندا دەدوێن دەلێین ئەوەی ئێوە دەیکەن درێژەدانە بەو ستەمکاریەی کە بوەتە هۆی بڕینی قوتی مناڵەکانمان و پشتیوانی ئەو بەرپرسانەیە کە هیچ باکیان بە ژیانی هاوڵاتیان و کەرتە خزمەتگوزاریەکان نییە”.

” بەپێی یاسا بەرپرسی یەکەمی هەموو گرفتەکان حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە پابەندی ئەو گرێبەستە مەدەنیە نەبووە کە لە نێوان خۆیی و مامۆستاو فەرمانەردا هەیە، لە کاتێکدا مامۆستایان بە ئەرکی خۆیان هەستاون، بەڵام حکومەتی هەرێم لە دەساڵی ڕابردوودا 15 مووچەی تەواوی پێنەداون و 44 مووچەی بە پاشەکەوت و لێبڕینەوە پێداون و کۆتا پێشێلکاری ئەو گرێبەستەش پێنەدانی مووچەی مانگەکانی 10 و 11 و 12ی 2023یە” ئەوەش بە گوێرەی راگەیەندراوی ئەنجوومەنەکە.

هەروەها لە پەیامێکدا بۆ دایکان و باوکان دەڵێن، مافی خوێندنی منداڵەکانتان لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە و هاوهەڵوێست بە مامۆستایان، ڕووی داخوازیەکانتان بکەنە ئەو دەسەڵاتەی کە چەندین ساڵە وەك پەراوێز مامەڵەی لەگەڵ خوێندنی منداڵەکانتان کردوە و هیچ کات بەتەنگ کەرتی پەروەردەوە نەبووە، وەك چۆن هۆکاری هەموو قەیرانەکانەکانی ئەم وڵاتە خاوەن نەوتە دەوڵەمەندەیە.

ئەمە لە کاتێکدا دوێنێ وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند، ئەگەر هەمواری یاسای بودجە بکرێتەوە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە و ماف و شایستە داراییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بنێردرێت دوو داواکاری مامۆستایان کە بریتین لە پلە بەرزکردنەوە و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ جێبەجێ دەکەین. بەڵام مامۆستایانی ناڕازی ئەمڕۆ بە خۆپیشاندان وەڵامی وەزارەتەکەیان دایەوە و رایانگەیاند لە بایکۆت و ناڕەزایەتییەکان بەردەوام دەبن، دواتر پەروەردەی سلێمانی ساڵنامەی نوێی خوێندنی ئەمساڵی راگەیاند، کە بە گوێرەی ساڵنامەکە پرۆسەی خوێندن لە سبەینێوە سێشەممە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ لە سنوری ناوچەی بایکۆت دەستپێدەکات و رۆژی ٣٠ی ئایار کۆتایی دێت.

ئەستێرەی تۆپی پێی ئەڵمانیا فرانس بێکنباوەر کۆچی دوایی کرد
پێشت ئەستێرەی تۆپی پێی ئەڵمانیا فرانس بێکنباوەر کۆچی دوایی کرد
حاكم قادر: قەوارەی ھەرێم دەستكەوتێكی یاساییە و پێوستە پارێزگاری لێبكەین
دواتر حاكم قادر: قەوارەی ھەرێم دەستكەوتێكی یاساییە و پێوستە پارێزگاری لێبكەین
ەیوەندیدار