نەخۆشخانە لە چاوەڕوانی پەرستار و ئەوانیش لە چاوەڕوانی دامەزراندن



سلێمانی- تەرزە تەها

بەهۆی نەبوونی پەرستار مانگ و نیوێکە بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەی منداڵان داخراوە، هەموو لایەنەکانیش چاوەڕێی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانن، تا ئەوان کۆنەبنەوە و بڕیارنەدەن چاودێری چڕیش ناکرێتەوە.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و بەرزبوونەوەی ئاماری تووشبووان، نەخۆشخانەکان پێویستیان بۆ کارمەند و پەرستارەکان زیادی کرد، لە ساڵی ٢٠٢١دا ٥٠٠ کارمەند بە شایستەی دارایی “ڕۆژانە” گرێبەستیان بۆ ئەنجامدرا.

دوای کەمبوونەوەی تووشبوانی پەتای کۆرۆنا ئەو کارمەندە بۆ بەشی چاودێری چڕی هەندێک لە نەخۆشخانەکان گوازرانەوە، گرێبەستی کارمەندەکان تا مانگی ئەیلولی ئەمساڵ بەردەوام بوو، بەڵام دوای ئەو کاتە گرێبەستەکە تازە نەکرایەوە.

ئەو پەرستارانە لە دوای 1ی ٩ چەند کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان لە هەولێر و سلێمانی ئەنجامدا، سێ جار کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی ئەنجامداوە، بەڵام بێ ئەنجام بووە، تا ئێستا هیچ ئەگەرێکی تازەکردنەوەی گرێبەستەکانیان نییە، ئەوانیش دەڵێن تا دانەمەزرێن دەوام ناکەن.

شانۆ کەریم، یەکێکە لەو کارمەندانە و لە بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵانی سلێمانی پەرستارە، کە ١٩ کارمەندی پەرستاری کۆرۆنا لەو بەشەدا کاریانکردووە، لە ئێستادا بەهۆی نەبوونی کارمەندەوە بەشەکە بە تەواوی داخراوە.

ئەو پەرستارە جەخت لەوەدەکاتەوە، تا دانەمەزرێن ناچنەوە بۆ کارکردن، دەڵێت: “نایانەوێت دامەزراندن بکەن و دەیانەوێت هەر بە خۆبەخش و بەلاش کاریان بۆ بکرێت، ئێمەش ئەوە ناکەین”.

د.پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵان بە (خەڵك) ڕاگەیاند، تائێستا بەشەکە نەکراوەتەوە، تا کارمەندەکانیش دەستپێنەکەنەوە بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەکە هەر داخراو دەبێت.

دەشڵێت: “داواکاری زۆرمان کردووە و وتویانە چاوەڕێ بکەن، ئێمەش چاوەڕێین، ئەگەر نەشبوو ئەو شوێنە بە پەککەوتوویی دەمێنێتەوە”.

بەپێی وتەی د.ڕەهێڵ فەرەیدوون، بریکاری وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، ئەوان نووسراویان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران ناردووە، چاوەڕوانی کۆبوونەوەن تا لەوێ بڕیار لەبارەی ئەو پەرستارانەوە بدەن، “ئەوەی ئێمە لەسەر شانمانە کردوومانە ئیتر ئەرکی ئەنجوومەنی وەزیرانە، داوامان کردووە و شەڕیان لەسەر دەکەین و دەمانەوێت دابمەزرێنەوە”.

بایکۆتی ئەم پەرستارانە لە کاتێکدایە، ماوەی چەند ساڵێکە بەردەوام بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵان باسی گرفتی کەمی کارمەند و پەرستار دەکات، لە دەرئەنجامی بایکۆتی ١٩ پەرستاریشدا بەشێکی پێویست بۆ منداڵانی سلێمانی داخراوە، دیار نییە کەی دەکرێتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە لە بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەی منداڵان هەمیشە بەلایەنی کەمەوە ١٢ منداڵ لە بەشەکەدا دەمێننەوە و هیچ منداڵێک لە ١٠ ڕۆژ کەمتر لەو بەشە نامێنێتەوە، هاوکات جگە لەم نەخۆشخانەیە تەنانەت لە نەخۆشخانە تایبەتەکانیش لە بەشی چاودێری چڕ منداڵ وەرناگرن.

حكومەتی عێراق بڕی بەشەخۆراك و 3 ماددەی دیكەی بۆ هاووڵاتیان زیادكرد
پێشت حكومەتی عێراق بڕی بەشەخۆراك و 3 ماددەی دیكەی بۆ هاووڵاتیان زیادكرد
بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێكی بڵاوكردەوە
دواتر بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێكی بڵاوكردەوە
ەیوەندیدار