حكومەتی عێراق بڕی بەشەخۆراك و 3 ماددەی دیكەی بۆ هاووڵاتیان زیادكرد



ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بۆ ساڵی داهاتوو بەشەخۆراكی هاووڵاتیان زیاد بكات و 3 ماددەی دیكەش بۆ سەبەتەی خۆراك زیاد بكات.

ئەمیندارێتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا ئەنجوومەنی وەزیران، كە بەسەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران كۆبۆتەوە، چەند بڕیارێكی دەركردووە.

ڕاشیگەیاندووە، بە ڕاسپاردەی سەرۆك وەزیران بۆ پاڵپشتی چینی هەژاران و ئەوانەی داهاتیان دیاریكراوە و وەك ئەوەی لە بەرنامەی حكومەتەكەدا هاتووە بۆ پاڵپشتی چین و توێژەكان، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری داوە بە زیادكردنی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان و زیاد كردنی چەند ماددەیەكی دیكەی خۆراكی.

ئاشكراشی كردووە، “بەپێی بڕیارەكە، بۆ هەر كەسێك بڕی یەك كیلۆ شەكر و یەك كیلۆ زەیت زیاد دەكرێت” بەو پێیەش مانگانە هەر هاووڵاتییەك دوو كیلۆ شەكر و دوو زەیت وەردەگرێت، كە لە ڕابردوودا یەك كیلۆ شەكر و یەك زەیت بوو.

ڕوونیشی كردۆتەوە، بڕیاریش دراوە بە زیادكردنی 3 ماددەی دیكە بۆ سەر سەبەتەی خۆراك، كە پێكهاتوون لە (چا 200 گرام بۆ هەر كەسێك و شیر 250 گرام بۆ هەر كەسێك و ئاردی سفر 1 كیلۆ بۆ هەر كەسێك).

 

شەوی یەڵدایە و وەرزی زستان دەستپێدەكات
پێشت شەوی یەڵدایە و وەرزی زستان دەستپێدەكات
نەخۆشخانە لە چاوەڕوانی پەرستار و ئەوانیش لە چاوەڕوانی دامەزراندن
دواتر نەخۆشخانە لە چاوەڕوانی پەرستار و ئەوانیش لە چاوەڕوانی دامەزراندن
ەیوەندیدار