ناسنامەی قوربانیانی ڕووداوی ئاگرەکەی سۆران ڕاگەیەنران



ناسنامەی قوربانیانی ئاگرەکەی دوێنێ شەوی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاشکراکران، بەڵام تا ئێستا ناسنامەی یەکێک لە قوربانییەکان دیار نییە.

بەپێی زانیارییەکان، پێنج لە قوربانییانی ڕووداوی ئاگرەکەی سۆران خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن، کە چواریان ئەندامی خێزانێکن بە ناوەکانی ئیلهام وەحید حەنام مامۆستای زانکۆی سۆران، محەممەد وەحید حەنام برای ئیلهام و خوێندکاری خوێندنی باڵای هەمان زانکۆ، هەروەها رەنا واحید خوشکیان بووە و کارمەندی تەندروستی سۆران بووە لەگەڵ دایکیاندا بەناوی مەهدییە هەر چواریان لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە، تەرمەکانیان ڕەوانەی ھەولێر دەکرێن و دواتر لەوێوە ڕەوانەی رۆژئاوای کوردستان دەکرێنەوە.

دوو قوربانی دیکە خەڵکی پارێزگای ورمێ بوون لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بە ناوەکانی بەهرام مورادی و ئارام مورادی، بڕیارە تەرمەکانیان لە ڕێگەی دەروازەی حاجی ئۆمەران بۆ ئەوەی ڕەوانەی رۆژھەڵاتی کوردستان بکرێنەوە، سێ کەسی دیکەشیان عەرەبن و خەڵکی پارێزگاکانی عێراقن.

شەوی ڕابردوو دوو قوربانی خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە ناوەکانی مستەفا ئیسماعیل و سانا سامی کە هاوژینی یەک بوون، شەوی ڕابردوو بە خاک سپێردران، قوربانیەکی دیکەشیان خەڵکی باکووری کوردستانە و ئەوەی دیکەشیان ناسنامەکەی نادیارە.

هاوکات ئەو حەوت کەسەی برینداربوون، چوارکەسیان لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێری ماونەتەوە کە یەکێکیان باری تەندروستی ناجێگیرە و خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە.

شەوی ڕابردوو ئاگر لە باڵەخانەیەک لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کەوتەوە کە خوێندکاران و مامۆستایان تێیدا نیشتەجێبوون، بە هۆیەوە  ١٤ کەس گیانیان لەدەستدا و ٧ کەسیش بریندار بوون.

نرخی زێڕ لە عێراق دابەزی
پێشت نرخی زێڕ لە عێراق دابەزی
ئوردن پەیامێکی سەرەخۆشی ئاڕاستەی گەلی عێراق کرد
دواتر ئوردن پەیامێکی سەرەخۆشی ئاڕاستەی گەلی عێراق کرد
ەیوەندیدار