بۆ هەڵوێست وەرگرتن لەسەر مووچە داوای كشانەوەی سەرۆك كۆمار دەكرێت



ڕاوێژكارێكی كوردی سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای كشانەوەی سەرۆك كۆمارە كوردەكەی عێراق دەكات لەپێناو هەڵوێست وەرگرتن بەرامبەر بە بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستان و دەشڵێت: “ئەگەر كوردایەتی بیربكرێتەوە دەبێت وابێت”.

دكتۆر عەبدوڵا عەلیاوەیی، ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ (دەنگی ئەمریكا) ڕایگەیاندووە، “كورد بە چەند قۆناغێك تێپەڕی، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە، قۆناغی بەشدارینەكردنی سوننە لە حكومەتدا كورد بەهێزبوو، شیعەش بەو جۆرە بەهێز نەبوو، كورد وەك میر وابوو لە بەغداد بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان لایەنەكان دەگەڕانەوە بۆلای سەرۆك مام جەلال”.

ڕاشیگەیاند، قۆناغێكی تر بریتییە لە قۆناغی ناو پەرلەمان، كە لایەنە كوردییەكان هەمووی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی كوردستان كۆببونەوە. من ئەو كات خۆم پەرلەمانتار بووم، هەموو فراكسیۆنەكانی تر دەهاتنە لای هاوپەیمانی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان، هەماهەنگی تەواو لە نێوان بارزانی و مام جەلال هەبوو ، كورد لەوپەڕی بەهێزیدا بوو، هەموو مانگێك كۆبوونەوە لە سەرۆكایەتی كۆمار بە هاوپەیمانی كوردستان و وەزیرەكان دەكرا، هەر كێشەیەك هەبووایە چارەسەر دەكرا.

ئاماژەی بەوەشكرد، قۆناغی دوای ئەوە، قۆناغی زۆر لاواز بوو، ئەمەش دوای ئەوەی حزبە كوردییەكان لەیەكتر جیابوونەوە، جەنابی مام جەلال نەخۆش كەوت، لە دوای مام جەلال ئەو سەرۆك كۆمارانەی هاتن پێ بەپێ لاواز بوون، نەیانتوانی كێشەكان چارەسەر بكەن و پەیوەندی نێوان سەرۆكایەتی هەرێم و كۆمار ڕێكبخەن و هەماهەنگ بن، جگە لەوەی ئەو پەرلەمانتارانەی دەهاتنە بەغداد بەشێكییان عەرەبییان نەدەزانی.

جەختیشی كردۆتەوە، ئێستا كورد لە لاوازترین قۆناغدایە لە بەغداد، ئەگەر بە خۆمان نەكەوین ئەگەری هەیە خراپتریش ببینین لە ڕۆژانی داهاتوو، هیچ هەمانگیەك نییە لە نێوان ئەوانەی نوێنەرایەتی كورد دەكەن لە بەغداد، هەماهەنگی نییە لە نێوان سەرۆك كۆمار و وەزیرەكان.

ڕاوێكارەكەی سەرۆك وەزیران وتیشی، “ئێستا كە جێگری سەرۆك كۆمار نییە، كشانەوەی لە بەغداد یان هەڵوێست وەربگرێت دەبێتە هۆی دروستبوونی ئەزمەیەك كە فشار لە چوارچێوەی شیعە دەكات، من سەرۆك كۆمار بوومایە دەهاتمەوە كوردستان و دەموت ئەگەر هەتا مانگێك مووچە و بودجەی خەڵكی كوردستان نەنێرن بە تەواوەتی ئەوا وازدەهێنم، ئەو كات بزانە چۆن كاریگەری دەبوو”.

دەشڵێت: “ئەگەر كوردایەتی بیربكرێتەوە دەبێت وابێت، ئەگەرنا دادەنیشم لە بەغداد وەك سەرۆك كۆمار هیچ كێشەیەكم نییە و مووچە و نەسریەیەكی زۆر وەردەگرم و سەفەری خۆم دەكەم، بەڵام ئایا ئەوە ڕاستە من لەوێ وابژیم و میللەتەكەشم لە هەرێم برسی بێت و نان نەبێ بیخوا، سەرۆك كۆمار دەتوانێت هەندێك شت ڕابگرێت، دەتوانێت لە پەرلەمان داوا بكات متمانە لە سەرۆك وەزیرانی عێراق بسەنێتەوە لەسەر بەشە بودجەی هەرێم”.

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بافڵ تاڵەبانی و سودانی ئاشکراکرا
پێشت ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بافڵ تاڵەبانی و سودانی ئاشکراکرا
تەندروستی کۆیە کارمەندانی ئاگادار دەکاتەوە
دواتر تەندروستی کۆیە کارمەندانی ئاگادار دەکاتەوە
ەیوەندیدار